گفتوگۆ ئەتۆمییەکان... لە گەشبینی بەپارێزەوە تا مشتومڕ دەربارەی هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان ئێران

نوچه‌نێت

گفتوگۆکانی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤیێنا ماوەی سێ هەفتەیە بەردەوامن. ڕووسیا سەبارەت بە گەیشتن بە ڕێککەوتن گەشبینە. گرێ و کێشەی سەرەکی لەسەر هەڵوەشانەوەی سزاکانی سەردەمی دۆناڵد ترەمپە. بڕیارە نوێنەرانی ڕووسیا و ئەمریکاش پێکەوە دیدار بکەن.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دویچە ولە" بڵاوی کردووەتەوە، گفتوگۆکان لە پشت درگا داخراوەکان درێژەیان هەیە. میخاییل ئولیانۆڤ، باڵوێزی ڕووسیا لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە پێشکەوتنی گفتوگۆکان گەشبینە.

نوێنەری ڕووسیا لەو بارەوە لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە لە ئێستادا تەنیا دەکرێ باسی "گەشبینی بەپارێزەوە" بکرێت. ئولیانۆف گوتویەتی ئەگەر گفتوگۆکان درێژەیان هەبێت، دەکرێ ئاوەڵناوی "بەپارێزەوە"یش بسڕمەوە.

هەفتەی سێیەمی گفتوگۆکان دەربارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی نیسان، لە ڤیێنا دەستیان پێکرد. عەباس عەراقچی جێگری محەمەد جەواد زەریف کە سەرپەرشتی شاندی ئێرانی لە ئەستۆیە، گوتویەتی جارێ دەبێ بە پارێزەوە باس لە گەشبینی دەربارەی ئەنجامی ئەم گفتوگۆیانە بکەین.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەنریکە مورا، جێگری بەرپرسی هاوئاهەنگی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا گوتویەتی چەند هەنگاوێک لە ئاراستەی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی هاوێژراون.

زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە لایەکەوە بەستراوەی پابەندی ئێرانە بە بەڵێنەکانی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥دا و لە لایەکی ترەوە بەستراوەی هەڵوەشانەوەی سزاکانی سەردەمی دۆناڵد ترامپە.

میدیاکان باس لە دانیشتنی هاوبەشی نوێنەرانی سیاسیی ڕووسیا و ئەمریکا سەبارەت بە خولی نوێی گفتوگۆکان دەکەن.

بڕیارە نوێنەرانی ئەو دوو وڵاتە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ی نیسان، لە ڤیێنا پێکەوە دیدار و گفتوگۆ بکەن. میخایل ئولیانۆف نوێنەری ڕووسیا ئەم هەواڵەی بە میدیاکان ڕاگەیاند.

نوێنەری ڕووسیا ڕایگەیاندووە مەبەست لەو دیدارە خێراکردنەوەی گفتوگۆکانە. ئولیانۆف جارێکی تر جەختی لەسەر هەڵوەشانەوەی هەموو گەمارۆکان بە پێی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ کردووەتەوە.

بە مەبەستی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە و گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ئەو ڕێککەوتنە سێ لیژنەی تایبەت پێکهاتوون. شارەزایانی وڵاتانی ئەندام لەو لیژنانەدا پێکەوە گفتوگۆ دەکەن. لیژنەی یەکەم چاودێری جێبەجێکردنی بەڵێنەکان دەکات. ئەرکی لیژنەی دووەم، هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان و گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنەکەیە.

لیژنەی سێیەم بە مەبەستی هاوئاهەنگی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دوو لیژنەی پێشوو دامەزراوە. لە ئێستادا کێشەی سەرەکی چۆنیەتی هەڵوەشانەوەی گەمارۆکانە.

کۆماری ئیسلامیی ڕایگەیاندووە کە پێویستە هەموو گەمارۆکان هەڵبوەشێنەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە نوێنەرانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا لەو بڕوایەدان هەندێ لە سزاکانی دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییان بە ڕێککەوتنی ئەتۆمییەوە نییە و بۆیە لە ئێستادا هیچ پێویست بە هەڵوەشانەوەیان نییە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین