هاووڵاتیانی توركیا لە ئەمەریكا دژ بە لادانی ئیمامئۆغلۆ خۆپیشاندان دەكەن تورکیە

نوچە نێت

ناڕەزاییەكانی دژ بە لادانی ئەكرەم ئیمامئۆغلۆ، سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبۆڵ گەیشتە ئەمەریكا، خۆپیشاندەران لەبەردەم كۆنسوڵخانەی توركیا لە شاری لۆسئەنجلۆس دژ بە رەجەب تەیب ئەردۆغان دروشمیان بەرزكردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە (25/ئادار/ 2025) ماڵپەڕی (زەمانی توركی) بڵاوی كردەوە، رەوندی توركی لە لۆسئەنجلۆس خۆپیشاندانێكیان لەبەردەم كۆنسوڵخانەی ئەمەریكا كرد، تێیدا درووشمی پاڵپشتیان بۆ ئیمامئۆغلۆ بەرزكردەوە.

خۆپیشاندەران لەبەردەم كۆنسوڵخانەی توركیا راگەیێندراوێكیان خوێندۆتەوە، كە تێیدا هاتووە، دەستگیركردنی ئیمامئۆغلۆ پەڵەیەكی ناشیرنی گەورەیە بە نێوچاوانی دادپەروەری و یاسا و دیموكراسی، بێدەنگكردنی سەرۆكی شارەوانی بە هۆكاری سیاسی هەرگیز مایەی قبوڵكردن نییە، كاندێكە سێ جار بە خواستی گەل هەڵبژێردراوە.

لە بەشێكی دیكەی راگەیێندراوەكە هاتووە، ئەمەی روودەدات تەنیا ستەمكردن نییە بەرانبەر ئیمامئۆغلۆ، بەڵكوو بەشێكە لەو داپڵۆسینە بەرنامەبۆداڕێژراوەی هەوڵی بێدەنگكردنی هەموو دەنگێكی ناڕازی لە رۆژنامەنووسانەوە بۆ ئەكادیمییەكان بۆ هونەرمەندان و نوێنەرانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەدرێت. 

خۆپیشاندەران جەختیشیان لەسەر ئەوە كردۆتەوە، كە گۆڕێنی یاسا بە زۆر بۆ ئامرازی تۆڵەكردنەوە بە شێوەیەكی ریشەیی متمانە لەنێوان دەوڵەت و هاووڵاتی ناهێڵێت، ئەگەر ئەمڕۆ بڕوانامە لە كەسێك بسەندرێتەوە، ئەوا لە بەیانی هەموو ماڵ و رەگەزەنامە و مافەكانی لە كاركردن و خانەنیشبوون و تەنانەت رابردووشی دەكەوێتە مەترسییەوە.

لە بەشێكی دیكەی راگەیێندراوەكە هاتووە، توركیا وڵاتێكە یاسا حكومی دەكات، پێویستە یاسا لەسەر هەمووان جێبەجێ بكرێت، نەك لەسەر چینێكی دیكراو، ئێمە ماف و یاسا و دادپەروەریمان دەوێت، پێویستە ئیمامئۆغلۆ و هەموو زیندانیانی سیاسی ئازاد بكرێت، هەروەك پێویستە توركیا حكوم بە بەها دیموكراسییەكان بكات، نەك بە سزادانی بەزۆر، ئێمە پاڵپشتی خواستی گەل و دیموكراسی دەكەین.

رۆژی (19/ئادار/ 2025) دادگای توركیا بە تۆمەتی گەندەڵی و پەرتیل و ساختەكردنی تەندەرەكان بڕیاری دەستگیركردنی بۆ ئەكرەم ئیمامئۆغلۆ، سەرۆكی شارەوانی ئیستەبۆل دەكرد.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین