فەهمى بورهان ئەندامى سەرکردایەتیى یەکێتیى نیشتمانى کوردستان: کۆبوونەوەکەى سەرۆکایەتى هەرێم زۆر گرنگ و ئیجابى بوو میدیا

نوچەنێت:

لە دیمانەیەکى رووداو لە (8-4-2021) دا، فەهمى بورهان ئەندامى سەرکردایەتیى یەکێتیى نیشتمانى کوردستان، دەربارەى کۆبوونەوەى هێزە سیاسییەکانى کوردستان لە سەرۆکایەتیى هەرێم، پشتیوانى حیزبەکەى بۆ ئەم جۆرە کۆبوونەوەیە پشتڕاست دەکاتەوە و دەشڵێت، هەر کۆبوونەوەیەک هۆکار و ئالیەتەکەى بریتیى بێت لە گفتوگۆ و دیالۆگ و ببێتە هۆى چارەسەرکردنى کێشەکان هەر کەسێک بیکات گرنگە، وە سەرۆکایەتیى هەرێمیش یەکێک لە دامەزراوە باڵاکانى ئەم وڵاتەى ئێمە، وە خۆمان بڕیارمانداوە دەبێ سەرۆکایەتیی هەرێم وا بێت، کەوابوو ئەم هەنگاوەى ئەمڕۆ هەنگاوێکى گرنگ و ئیجابییە.

 

دەقى دیمانەى فەهمى بورهان ئەندامى سەرکردایەتیى یەکێتیى نیشتمانى کوردستان:

ــ کۆبوونەوەى لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ سەرۆکى هەرێم کۆتاییهات، ئەوەى لە دواى کۆبوونەوەکە کە گرنگە لایەنە سیاسییەکان بیکەن چییە؟

فەهمى بورهان: لە ڕاستیدا خۆى ئەنجامى کۆبوونەوەکە گرنگە، پێش ئەوەى قسە لەسەر کۆتایی کۆبوونەوەکە بکەین، بەو پێیەى کە ماوەکى زۆر لە کوردستان هیچ جۆرە کۆبوونەوەیەک نییە، کە ئومێدى ئەوەى لێبکرێت جیاوازییەکانى ناو هەناوى کۆمەڵگا و جیاوازیی سیاسییەکان کۆبکاتەوە، وە خۆتان دەزانن کێشە و گرفتەکانى خەڵکى کوردستان بە جۆرێکە دەیهێنێت کۆبوونەوەى لەسەر بکرێ.

ــ کەواتە ئومێدتان بەو کۆبوونەوە هەیە، کە بە پێشنیارى سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئەنجامدرا؟

فەهمى بورهان: بە بڕواى من هەر کۆبوونەوەیەک هۆکار و ئالیەتەکەى بریتیى بێت لە گفتوگۆ و دیالۆگ، وە گفتوگۆ و دیالۆگ ببێتە ئالیەتى چارەسەرکردنى کێشەکان هەر کەسێک بیکات گرنگە، وە سەرۆکایەتیى هەرێمیش یەکێک لە دامەزراوە باڵاکانى ئەم وڵاتەى ئێمە، وە خۆمان بڕیارمانداوە دەبێ سەرۆکایەتیی هەرێم وا بێت، کەوابوو ئەم هەنگاوەى ئەمڕۆ هەنگاوێکى گرنگ و ئیجابییە. بیریشمان نەچێ خواست بۆ ئەنجامدانى کۆبوونەوەیەک کە ببێتە هۆکارێکى بنچینەیى بۆ ئاشتەوایى سیاسى و کۆمەڵایەتى و سەقامیگریى ئابوورى بە دواى خۆیدا بهێنێ، کە ماوەیەکە هەستى پێدەکرێ، پێشتریش هەڤاڵانى هاوسەرۆکى یەکێتى لە ساڵڕۆژى  دەستبەکاربوونى مام جەلال وەکو یەکەم سەرۆک کۆمارى هەڵبژێردراو، بە ڕوونى لە پەیامەکانیاندا داوایى ئەوەیان کرد گفتوگۆ بکرێ.

ــ کەوابوو ئێوە وەکو یەکێتى ئومێدتان بەوەیە کە ئەم کۆبوونەوە کاریگەرییەکى باشى هەبێ لەسەر یەکڕیزى نێو ماڵى کورد؟

فەهمى بورهان: من پێموایە هەوڵێکى گرنگە، دانیشتنێکى ئیجابى بووە، بەڵام با ئێمە لەگەڵ یەکتر روون بین، دەمێکە لە کوردستان کێشە و گرفت هەیە وە هەوڵیش بە ئاراستەى چاکردنى برینەکان زۆر کەم بووە، ئەوەى ئەمڕۆ سەرەتایەکى گرنگە ئومێدێک دەکەین هەنگاوى گرنگ ترى بە دواییدا بێت، وەک دەزانن بەستەڵەکێک دروست ببوو لەنێوان هێزە سیاسییەکانى کوردستان دا.

ــ کەوابوو کارە قورسەکە ئەنجامدراوە هەنگاوى دواى ئەو دەبێ چى بێت؟

فەهمى بورهان: بێگومان زەمینەیەکى لەبار هەیە، بۆ خۆتان دەزانن ئەم زەمینەیە گرنگە بۆ ئەوەى هەنگاوى ئیجابى ترى بەدواوە بێت، وە ڕێککەوتنى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ بەغدا جۆرێک لە زەمینەى ڕەخساند، دانیشتنەکەى ئەمڕۆ هەنگاوێکى تر بوو، دەکرێ لە دواى ئەمە دانیشتنەکان بچووکتر بکرێنەوە، من پێموایە ئەم کۆبوونەوەى ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکى گرنگە، بەڵام گرنگتر لەو کۆبوونەوەیە ئەوەیە کە دانیشتنى ترى بە دواوە بێت، چونکە بەڕاستى ئێمە دەمانەوێ بەشێک بین لە گۆڕانکارییەکان لە ناوچەکە، ئەگەر دەمانەوێ حکوومەتى هەرێمى کوردستان وە ئەو فەرمانڕەواییەى کە بەرى ڕەنج و ماندبوونى دەیان ساڵەى خەڵکى کوردستانە، بەشێک بێت لە گۆڕانکارییەکان و نەکەوێتە پەراوێزى گۆڕانکارییەکانەوە دەبێ سەقامگیرى سیاسی بۆ ئەم وڵاتە بگەڕێتەوە.

ــ پێتوانییە لە دواى ئەم پێشنیارەى نێچیرڤان بارزانى ئیتر ئەرکى لایەنەکان قورس تر بووە، وەکو خۆت گوتت کارە قورسەکە ئەوەبوو کە ئەنجامدرا، هەنگاوى یەکەم نرا، ئایا ئەرکى لاینەکان قورستر دەبێ؟

فەهمى بورهان: بێگومان ئەوە بەرپرسیاریێتییە لە ئەستۆى هەموو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان، ئێمە خۆمان وەکو یەکێتى هەر لەسەرەتاوە گوتمان هەر دەستپێشخەریەک بکرێ، ببێتە هۆکارێک بۆ چەسپاندنى ئاشتى و جۆرێک لە گەرەنتى پێکەوەیى دروست بکات ئێمە پشتیوانى دەکەین، وە پێشتریش ئێمە ئەوەمان ڕاگەیاندبوو. ئەوەى ئەمڕۆ ئەو سەرەتاییەى دروستکردووە، ئومێد دەکەین ئەو سەرەتایە وای لێبێت کە جۆرێک لە متمانە بۆ ئەو بێ متمانەیە دروست بکاتەوە، کە لە نێو ماڵى کوردییدا هەیە، ئێمە بڕوامان وایە کە مادەم لە هەرێمێکى دیموکراتدا دەژین، دیموکراسیەت تەنها بانگەشە نییە، دیموکراسیەت بەشێکى بریتییە لە گفتوگۆ و دیالۆگ، لە چوار ساڵى ڕابردوو گفتوگۆ و دیالۆگ نەبووە لە کوردستان، کە کاتێک گفتوگۆ نابێ چۆن دەتوانی ئیدعاى وڵاتێکى دیموکراسى بکەى، بۆیە من پێموایە ئەوەى ئەمڕۆ گرنگە، گرنگتر لەمە ئەوەیە کە ئەو بەرپرسیاریێتییە مێژووییە کە لە ئەستۆى هەموومانە بە ئەمانەتەوە جێبەجێى بکەین، متمانەیەک دروست بێت لە نێوانماندا، هەرگیز ئێمە وەکو یەکێتى لەگەڵ ئەوە نییە جیاوازى نەمێنێ، لەگەڵ ئەوەیەن جیاوازییەکان ڕێکبخرێت لە کوردستان دا، بۆ دواجار ئێمە هەموومان بەوە جوانین کە جیاواز بین.

ــ چۆن جیاوازییەکان ڕێکبخرێن؟

فەهمى بورهان: لە کوردستان دا جیاوازی هەیە و ئێمە خۆمان لە وڵاتێکى دەوڵەمەندا دەژین، ئەو هەموو جیاوازییە و ئەو هەموو هێزە سیاسییە لە کوردستان ئۆقرە بگرێ، بۆ ئەوەى جیاوازییەکان ببێتە خاڵى بەهێز نەک هۆکارى لاوازیمان، کە بێگومان من پێموایە لە چوار ساڵى ڕابردوو جیاوازییەکان ئەوەندەى فاکتەرى نائارامى بوون ئەوەندە گەرەنتى تەبایى و برایەتى نەبوون، چۆن ئەو جیاوازیانە ڕێکبخرێت، بێگومان کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆ یەکێکە لە هەنگاوەکان بۆ ڕێکخستنى جیاوازییەکانى ناو هەناوى کۆمەڵگەى کوردى.

ــ پێتانوایە ئەو گرژى و ناکۆکییەى کە لە نێوان لایەنەکان هەیە بەتایبەت لە نێوان پارتى و یەکێتى و گوتارە دژ بە یەکەکان لە دواى ئەمە هێوردەبێتەوە؟

فەهمى بورهان: من ئومێد دەکەم وا بکات، ئومێد دەکەم ببێتە سەرەتایەک بۆ ئەوەى متمانەیەکى باشتر لە نێوان یەکێتى و پارتى دا دروست بکات، وە بەڕاستى ئێمە چاوەڕێشین، ئومێد دەکەم بۆ هەوڵانەى زۆرجار هەیە لە نێوان پارتى و یەکێتى بۆ دروستکردنى جۆرێک لە ئارامى و تەبایى و ئەو متمانەیە بگەڕێتەوە کە لە نێوانماندا هەبووە. لەلایەکەوە میدیایەکى سێبەر یان دەنگێکى نەشاز ئەو سەقامگیرییە تێک دەدات، پەرۆشى یەکێتى بۆ تەبایى لەگەڵ پارتى یەکسان نییە بە لاوازیى بەقەد ئەوەى ئێمە ئازارى جەستەى نیشتمانەکەى خۆمان دەبینین، ئێمە پێمانوایە ڕۆڵى مێژوویى یەکێتى و پارتى هێشتا ماوە، دەستکەوتەکان دەڵێم یەک کێشەمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر نەبووە.

ــ دوو حیزبى گەورە لە کوردستاندا هەن، مەسەلەن لێدوانێک یاخود پەیجێکى فەیسبووک، میدیایەکى سێبەر کۆبوونەوەکانتان یان پەیوەندییەکانتان تێک بدات، بۆچى کەیشتۆتە ئەو ئاستە؟

فەهمى بورهان: بڕوام وایە فەیسبووکێک یاخود میدیەکى سێبەر ناتوانێ پەیوەندییەکانى نێوان یەکێتى و پارتى تێکبدات، بەڵام ئەوەى کە ڕوویداوە میدیایەکە کە زۆر زۆر نزیکە لەدەسەڵاتەوە، ئەوەیە ڕووبەرى ململانێیەکان و کێشەکانى کوردستان گەورە دەکات، خۆت دەزانى ئێمە هەموومان لە کوردستان پێکەوە دەژین، کارتەکانى ململانێى سیاسییمان روون و شەفافن، دەزانین مەسجەکان لەکوێیەوە دێن، بۆیە پێموایە کاتى ئەوەیە ئیتر تەجاوزى ئەوانە بکەین، بۆ ئەوەى بەسەر حاڵەتى نەفسى خۆماندا زاڵ بین ئێمە بەرپرسیاریێتى گەورەمان هەیە بەرامبەر بە نەتەوەکەمان، من دەپرسم کام لە بەندە یاساییەکانى دەستوور لەگەڵ حکوومەتى بەغدا جێبەجێ بووە، کێشەى کەرکووک چارەسەر نەبووە، کێشەى شنگال ماوە یان نەماوە.

ــ با ئەو پرسیارە لە خۆت بکەمەوە، هۆکارى چییە کە ئەو بەندە دەستووریانە لەگەڵ حکوومەتى عێراق دا جێبەجێ نەبووە؟

فەهمى بورهان: بێگومان بەشێکى پەیوەندى بەم بارودۆخەوە هەیە کە لێکتێناگەین لە کوردستاندا نییە، یانى بەروونى ئێمە دەبێ قسە بکەین. من بە روونى ئەمە دەڵێم لە دواى نەخۆشکەوتنى جەنابى مام جەلال و ژیان ئاوایى مام جەلال ئیتر کەسێک نەما ئەو هەموو جیاوازیانە لە دەورى مێزێک کۆبکاتەوە، ئێ خۆ دواجار من لە ماڵى خۆم و ئەو لە ماڵى خۆى بێگومان تەفرەقەى گەورەترى بە دواوە دێت، ئێمە دەبێ بڕوامان بەوە هەبێ، کە لە کوردستاندا خەباتى مێژوویمان ماوە، دەستکەوتى گەورەمان ماوە بەدەست بێت، وە بەڕاستى خەریکە وای لێدێت هەرێمى کوردستان دەکەوێتە پەراوێزى گۆڕانکارییەکان، لەوە دەردەچێت بەشێک بێ لە گۆڕانکارییەکان، بۆیە من پێموایە زۆر زۆر گرنگە متمانە بگەڕێتەوە نێوانمان لەبەر ئەوەى بەرپرسیاریێتى مێژوویى هەردوولامان وایە، چارەسەرى برینەکان بکەین و برینەکانمان گەورەن.

ــ کەوابوو ئەو کۆبوونەوەیە بە ڕاى ئێوە گرنگ بوو بۆ ئەوەى کە یەک گوتاریى کورد لە ئاستى ناوخۆیى و دەرەوەش لەسەر ئاستى عێراق بەتایبەت دروست بکات بۆ ئەوەى کە کورد سەنگێکى باشى هەبێ؟ 

فەهمى بورهان: بێگومان ئێمە لە هەر گۆشەیەکەوە سەیرى بکەین کۆبوونەوەیەک بۆ ئەوەى جیاوازییەکان ڕێکبخات وە بێگومان هەنگاوێکى گرنگە، وە بەشدارى لایەنە سیاسییەکانیش لە ئاستێکى باڵایە جارێکى تر مەسجیێکى گرنگە نیشانى دەدات، کە هەوڵەکە هەوڵێکى جددیە ئەمە جێگەى دڵخۆشیە، چونکە ڕاشکاو بین ئەگەر ئێمە تەبا نەبین و جیاوازییەکانمان یەک نەخەین و نەبینە خاوەنى یەک گوتار، وە لە دەورى وەرەقەیەکى هاوبەش کۆنەبینەوە، باشتر نابین لەو ڕۆژگارەى کە تێیداین، یان من دەپرسم کام گۆشەى ژیانى سیاسى و ژیانى کۆمەڵایەتى و ژیانى ئابوورى ئێستا لە کوردستان دا باشە، یانى هەر کەسێک وا بڵێ من پێموایە دابڕاوە لە ئیش و ئازارى نەتەوەکەى، دابڕاوە لەو هەموو ئەو معاناتەى کە خەڵکى کوردستان تێیدایە.

 سەرۆکایەتى هەرێم جیاوازییەکانى هێزە سیاسییەکانى کوردسانى کۆکردەوە.

 ئێمە وەکو یەکێتى دیمەنى سیاسى وا دەبینین کێشە هەیە لە ناوخۆماندا وە گرفتیشمان هەیە لەگەڵ بەغدا، بۆ ئەوەى ئەم کێشانە لە ئاستى ناوخۆیى چارەسەر بکەین و لە بەغداش یەک گوتار بین و ببینەوە ئەو هێزەى کە جاران دۆست و نەیار حیسابیان بۆ دەکردین، پێویستمان بەوە یەک گوتار بین، کە یەک گوتار نەبین بێگومان باجەکەى دەدەین. 

ــ یەکێتییەکان هەمیشە جەخت لەوە دەکەنەوە کە لەسەر ڕێبازى مام جەلال بەردەوام دەبن، مام جەلالیش لە ڕابردوودا هەمیشە جەختى لە پتەوى پەیوەندیى یەکێتى و پارتى دەکردەوە، یانى دەیگوت بە پتەوى ئەم پەیوەندییانە دەتوانین هەموو مافەکانى کورد بەدەست بێنین؟

فەهمى بورهان: بێگومان ئەمە ڕاستە، ئەوە میراتێکى گەورەیە لە جەنابى مام جەلالەوە بۆ ئێمە ماوەتەوە، وە پێموایە ئەگەر بەدبەختى نەتەوەکەمان نەبێ دەبوو ئەم بیرکردنەوانەى مام جەلال تەنها بیرکردنەوەى یەکێتییەکان نەبا، من پێموایە لەسەر ئاستى شەقامى عەرەبى ئەفکارەکانى مام جەلال زیاتر تەوزیف دەکرێ بۆ ژیانى سیاسى، بڕۆ تەماشاى شەقامى عێراقى بکەن بزانن لە ساڵیادى دەستبەکاربوونى جەنابى مام جەلال چى دەڵێن، بۆیە پێموایە ئەم بیرۆکەیە دەبێ ببێت بە بیرۆکەى هەموومان، کە دواجار ئێمە لە یەک نیشتمان دەژین، یانى منى یەکێتى، کەسێکى پارتى، کەسێکى گۆڕان، دەبێ خاڵى هاوبەشمان هەبێ، خاڵى هاوبەشیش خاڵى نیشتمان، نەتەوە، ئیشوئازارەکانمانە، خۆ دەبێ شتێک کۆمان بکاتەوە.

 ــ ئەم کۆبوونەوەى ئەمڕۆ بەسەرپەرشتى نێچیرڤان بارزانى خاڵە هاوبەشەکانى کۆکردەوە؟

فەهمى بورهان: پێموایە کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆ جیاوازییەکانى کۆکردەوە، گرنگ ئەوەیە ئەم جیاوازییانە دواجار لەسەر یەک وەرەقە نمایندەى خۆیان بکەن، لەسەر یەک وەرەقە داڕشتنى خۆیان هەبێ بۆ خەڵکى کوردستان، وە دەبێ ئەم جیاوازیانە لەسەر وەرەقەیەکى هاوبەش کۆبکرێتەوە و هەموو هێزەکان خۆیان لەو وەرەقە هاوبەشە ببینەوە. پێموایە لە کوردستان دا زەمانى فەرزکردنى یەک ئیرادە نەماوە، دەبێ ئەو قۆناغە تێپەڕێنین، ململانێى سیاسى کاتێ ململانێیەکى تەندروست دەبێ ئەگەر هەموومان بڕوامان بەوە بێ، کە لە کوردستان یەک هێز یەک جۆر بیرکردنەوە ناتوانێ دوا ئامانجى نیشتمانى و دیموکراسى بەدیبێنێت، وە ئەمە بڕواى نەگۆڕى یەکێتییە ڕاشکاوانە ئێمە پێمانوایە هەموومان دەتوانین ئەو ئامانجە بەدی بێنین بەتایبەتى یەکێتى و پارتى، بۆیە ئومێد دەکەم هەردوولامان لە زمانێک کە دەبێتە تێکچوونى ئەم بارودۆخە سیاسییەى کە ئێستا لە کورستان دا هەیە، وە زۆریش پێمانوا نەبێ بارودۆخى سیاسى کوردستان بارودۆخێکى ئێجگار نموونەیە، نەخێر وانییە گلەیى و ڕەخنە زۆرە، ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى قسەى جددیان هەیە، هەموو ئەوانە بەسەر یەکەوە من پێموایە دەیهێنێ کۆبوونەوەیەکى لەم جۆرە بکرێت و کێشەکان لە کوردستان چارەسەر بکرێن.

ــ ئەمڕۆ وەکو یەکێتى کە یەکێک لە هاوسەرۆکەکانتان بەشدارى کۆبوونەوەکەى کردووە، هەنگاوى دواترتان چى دەبێ، وە پێتانوایە دەبێ لایەنە سیاسییەکانى تر هەنگاوى دواتریان دەبێ چى بێ؟

فەهمى بورهان: هەموو هێز و لایەنێکى سیاسى ئەگەر خاوەنى یەک کورسى پەرلەمانى بێ یاخود هەر نەشیبێت بەرپرسیاریێتى لە ئەستۆیە، بەڵام بەرپرسیاریێتى گەورە لە ئەستۆى یەکێتى و پارتیە، دەبێ یەکێتى و پارتى هەردوولامان دەور لە ڕۆڵە مێژووییەکەى خۆمان بدەینەوە، هەردووکمان بە پاراستنى جیاوازییەکانى خۆمانەوە، وەک پێشتر گوتم قۆناغەکە دەریخست زەمەنى ئەوە بەسەر چووە هێزێک بیەوێت فەرزى ئیرادەى خۆى بکات، گوتارى زبر کۆتایى پێهاتووە، چوار ساڵى ڕابردوو پێگوتین لە ئەنجامى لێکترازان دۆخێک دروستبووە کە کەس تەمەنناى ناکات، تەنها نەیارەکانمان دڵخۆشن بەم بارودۆخە.

لە کورستان دا کارەکتەرى سیاسییمان هەیە بیرکردنەوەى نزیکە لە جەنابى مام جەلالەوە، پێموایە یەکێک لەو کارەکتەرانە جەنابى نێچیرڤان بارزانییە.

 کەوابوو دەبێ یەکێتى و پارتى بگەڕێنەوە ئەو ئەفکارانەى کە جەنابى مام جەلال بۆ ژیانى سیاسى وە بۆ خەباتى مەدەنى و دیموکراسى هەیبووە، من بەروونى دەیڵێم لە کورستان دا کارەکتەرى سیاسییمان هەیە بیرکردنەوەى نزیکە لە جەنابى مام جەلالەوە، وە من پێموایە یەکێک لەو کارەکتەرانە جەنابى کاک نێچیرڤان بارزانییە، من کە خۆم دەیخوێنمەوە هەست دەکەم ئەو چەپکە گوڵەى کە جەنابى مام جەلال بۆ ژیانى سیاسى و ژیانى مەدەنى و ڕێکخراوەیى و سیاسی هەیبووە، کاک نێچیرڤان بارزانى یەکێک بووە لەو کارەکتەرانەى نزیکە لە ئەفکارەکانى مام جەلال، بۆیە زۆر گرنگە ئەم ئەفکارە ببێتە ئەفکارى کۆى کۆمەڵگا، ئێمە لە چوار ساڵى ڕابردوودا ناتەباییمان تاقیکردەوە، کێشە و گرفتمان تاقیکردەوە، دەرکەوت ئەوانە هۆکارى سەرکەوتنى نەتەوەکەمان نین، کەوابوو دەبێ بێنەوە سەر ئەوەى کە مام جەلال بۆ بەجێهێشتووین ئەو میراتەى کە بۆ خۆشەویستى و برایەتى و تەبایى بۆى بەجێهێشتووین، وە دەریشکەوتووە بە تجروبە دەبێ یەکێتى و پارتى تەبا بن، تەبا نەبن بێگومان دادەبڕین لەو کاروانەى کە کاروانێکى مێژووییە. 

ــ ئێستا ئەرکە گەورەکە لەسەر شانى یەکێتى و پارتییە، دەبێ هەنگاوى دواى ئەوە چى بێت، ئێوە وەکو یەکێتى دەتانەوێ چى بکەن، هەتا کەى دەتانەوێ ئەو ناکۆکیانە بەردەوام بن؟

فەهمى بورهان: یەکێتى بەرپرسیاریێتى خۆى بەرامبەر بە کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان جێبەجێ کردووە، نموونە ئەگەر تەماشاى ئەدەبیاتى میدیاى کوردى بکەین، هەر لە سێ مانگى ڕابردووە یەکێتى نیشتمانى کوردستان پشتیوانى هەموو دەستپێشخەرییەکانى کرد، هەرگیز پشیتوانیکردنمان بۆ ئەو دەستپێخەریانەى بۆ ئاشتەوایى خرایەڕوو لە لاوازیمانەوە نەبووە بە قەد ئەوەى لە پەرۆشیمان بووە بۆ چارەسەرەکان، بەرپرسیاریێتى ئێمە وەکو یەکێتى کە ئەمڕۆ لە ئاستێکى باڵادا بەشداریمان کردووە، وە لە دوو ڕۆژى ڕابردوودا بە دیاریکراوى میدیاى یەکێتى بە هەموو ڕەنگەکانییەوە خراوەتە ئەم پرۆسەیەوە، ئەمە نیشانى دەدات کە یەکێتى بە پەرۆشە بۆ سەرخستنى پرۆسەى ئاشتى و دروستکردنى متمانە لە نێوان هێزە سیاسییەکان دا بە تایبەتى لە نێوان یەکێتى و پارتى دا، بۆیە ئومێد دەکەین ئەم رووحیەتە لەلاى برادەرانى پارتیش دروست ببێت، چونکە دواجار لە ئەنجامى دروستبوونى رووحیەتى هاوبەش ئێمە دەتوانین ئەو زمانەى کە ونبووە لە نێوانماندا کە زمانێکى مێژوویى بووە، ئەو زمانە بدۆزینەوە کە دەستکەوتەکانى لێ بەرهەمهاتووە، کۆى هێزەکانى تریش پشتگیرى ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە دەکەن.

سەرچاوە: رووداو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە