د. عەلى ئەلعەبادى: سەردانى نێچیرڤان بارزانى بۆ کۆمارى عەرەبى دەنگدانەوە و سوودى زۆر دەبێت میدیا

نوچەنێت:

بانگهێشتکردنى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لەلایەن ئەمیندارى گشتیى کۆمارى عەرەبى بۆ قاهیرە، ئەمەیش دواى سەردانى کردنى ئەبولغەیث دێت بۆ عێراق و کۆبوونەوەى لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى، کە لە دیدى شرۆڤەکارانى سیاسى و میدیاى عێراقى، خوێندنەوەى زۆرى بۆ کرا و بە هەنگاو و پەیوەندییەکى گرنگیان ناوبرد لە نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمکارى عەرەبى.

د. عەلی ئەلعەبادی نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی لە دیمانەیەکى لەگەڵ زاگرۆس عەرەبیە لە (10-4-2021)دا، لەبارەى سەردانییەکەى نێچیرڤان بارزانى بۆ بەغدا، هەروەها بانگهێشتکردنى بۆ کۆمکارى عەرەبى، کرانەوەیەکى نوێى هەرێمى کوردستان لێکدەداتەوە بە ڕووى وڵاتانى عەرەبى و ناوچەکە. 

 

دەقى دیمانەى د. عەلی ئەلعەبادی نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی:

ــ چۆن دەڕوانیتە سەردانەکەی ئەبولغەیت بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان؟

د. عەلی ئەلعەبادی: عێراق ئێستا بەڕووی وڵاتانی عەرەبیدا دەکرێتەوە و دوای ماوەیەکی زۆر (دابڕان) بۆ مەیدانە عەرەبییەکە دەگەڕێتەوە، لەڕاستیدا دەبوو ئەم کارە لە سەرەتای (2006) ەوە بکرایە، بەڵام بەداخێكی زۆرەوە عێراق ئەو ئاراستەیەی وەرنەگرت و درەنگ دەستیپێکرد. عێراق خۆی بەشێکە لە نیشتیمانی عەرەبی و جێگایەکی گرنگی ئەو نیشتیمانەیە، بۆیە دەبوو عێراق هەر زوو خۆی لە وڵاتانی عەرەبی نزیک بکردایەتەوە، بەتایبەت دراوسێ عەرەبەکان. لە سەرەتای (2005) کرانەیەوەکی لاوەکییانەی پیشاندا، ئێستاش ئێمە پیرۆزبایی دەکەین لە گەڕانەوەی عێراق بەرەو وڵاتانی عەرەب، بەڵام بە مەرجێ ئەمە لەسەر حسابی مافی گەلانی عێراق نەبێت، هەروەها بێ دەستبردن بۆ بەرژەوەندییەکانی عێراق، لەسەر ئێمە و حکومەت پێویستە پارێزگاری لەو بەرژەوەندیانە بکەین. واتە مامەڵەمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەب دوو لایەنە بێ و بۆ بەرژەوەندی هەردوولای بێت، هەروەها لەسەر بنەمای هاریکاری نێوان گەلانی ئەم وڵاتانە بێت. 

ــ باسی ئەوەت کرد کە بە گەڕانەوە بۆ باوەشە عەرەبییەکەی، نابێ دەست ببرێت بۆ مافی گەلانی عێراق، ئەی چی دەڵێى لەبارەی پێشێلی مافەکانی گەلی عێراق بەبێ ئەوەی لەو باوەشەدا بێت؟

د. عەلی ئەلعەبادی: بڕوانە کاتێک بتێک ڕوخێنرا، سەد بت پەیدابوون کە بە دەمامک و مێزەر و عەبای جۆراوجۆری ئایین و هەڵخەڵەتاندن و دزی ڕوویان پۆشرابوو. بۆ ئەم بابەتەش نابێ فەزڵی هەندێک دەوڵەتی بێ توانای عەرەبی بدەین بەسەر وڵاتانی تردا، وڵاتی عەرەبی هەیە توانا و ئیمکانیەتی ئەوەی نییە بخرێتە خزمەت بەرژەوەندیی وڵاتەکەمان. ناکرێ ئێمە پشتبکەینە وڵاتێکی بەتوانای وەکو چین کە لە ئاستی ململانێی ئەمریکادایە و کاریگەرییەکانی بۆ دەرەوەی کیشوەرێکیش درێژدەبێتەوە، ناکرێ پشت بکەینە ئەم وڵاتە و پشببەستین بە برایانمان لە ئوردن و میسر و کۆمپانیاکانیان. بۆیە جێگەی گومانە لەم کاتەدا کە ئێمە پیویستمان بە ئاوەدانکردنەوە و بەهێزکردنی ژێرخانەکەمانە، ڕووبکەینە وڵاتانی روو لە گەشەکردوون. 

تۆ ئەگەر پڕۆژەکانت بخەیتە یەک سەبەتەوە کە لێیشی دڵنیا نیت، ئەوە حیسابت بۆ هاووڵاتییان و مافەکانیان  نەکردووە، وەکو لە بابەتی دۆلارەکەش وایانکرد و نرخی دۆلاریان بەرزکردەوە، بەمەش گوزەرانی خەڵکیان سەختتر کرد لە بەدەستخستنی ئەو پێداویستییە بنچینەییانەی کە دەوڵەت خۆی نەیتوانیوە بۆیان دابین بکات، لە ڕێگەی بەشەخۆراکی مانگانەوە  و بە گرانکردنی دۆلار بەهای ئەو پێداویستییانە بە ڕێژەی (50%) گران بوون، بە تایبەت لەم مانگی ڕەمەزانە. کاتێکیش دەتەوێت ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی وڵاتان بکەیت، دەبێت چاوت لەسەر ئاوەدانکردنەوەی ناوخۆی وڵاتەکەی خۆت بێت، تا پێداویستییە بنچینەییەکانی هاووڵاتییەکانت دابین نەکەیت، ناتوانی ئاوەدانکردنەوە ئەنجامبدەیت. 

ــ پێتوایە بانگهێشتکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بۆ کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەب لەلایەن ئەبولغەیث، ڕەهەندی ئەوتۆی هەیە کە ڕۆڵی هەرێمی کوردستان بخاتەڕوو؟

د. عەلی ئەلعەبادی: هەرێمی کوردستان ئێستا ڕۆڵێکی جوان و باش دەبینێت، بۆ دەستنیشانکردنی ئەوەی گەلەکەی دەیەوێت، بۆیە ئەوە شتێکی بەڵگە نەویستە، ئێستاش بە تایبەت سەرۆکی هەرێم بەڕێز نیچیرڤان بارزانی و هەروەها بەڕیز مەسعود بارزانی خواستیان هەیە، بازنەی پەیوەندییەکانیان فراوان بکەن لەپێناوی عێراق و گەلی هەرێمی کوردستان، گەلی هەرێمیش پێویستی بە کرانەوە بەڕووی ئەو وڵاتانە هەیە بۆ هاوردەکردنی کەلوپەل و هاتنی کۆمپانیاکانى وەبەرهێنەران، دەبێ بڵێین هەرێم پێشتریش ئەم کارانەی کردووە، لێرەدا کارەساتەکە ئەوەیە حکوومەتی عێراق ئەو کارانە ناکات، کە لەبەر بەرژەوەندیی گەلەکەی بێت، بەڵام من دڵنیام بەڕیز نێچیرڤان بارزانی لەکاتی سەردانییەکەیدا باسی گەلی هەرێمی کوردستان دەکات، هەروەک پێشووتر ئەوەی لێ بینراوە، باسی مافەکانی گەلی هەرێمی کوردستان دەکات، باسی هەلی وەبەرهێنان دەکات لە کوردستان بۆ کۆمپانیا میسری و عەرەبییەکان بۆ بەرژەوەندی گەلی کوردستان، بەڵام ئەمە لە حکوومەتی عێراقییدا نابینرێ. بۆیە سەردانەکەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ کۆمکاری عەرەبی هەم دەنگدانەوەی زۆری دەبێ و هەم سوودی زۆری دەبێت بۆ کوردستان، بە تایبەت کە لە هەولێر کەشێکی ئەمنیی گونجاو و ئاسانکاریش ڕەخسێنراوە بۆ کارکردنی کۆمپانیاکان.

ــ لەبارەی گفتوگۆی ستراتیژیی عێراق و ئەمەریکا چی دەڵێیت؟

د. عەلی ئەلعەبادی: ئەوەی عێراقی خستە ئەم دۆخەوە ئەمەریکییەکان بوون، ئەوەی عێراقی خستە باوەشی ئێران و خستیەبەر دەستێوەردانی ئێران، ئەمەریکییەکان بوون، ئێستاش کە ئەمەریکییەکان دەیانەوێ لە عێراق بکشێنەوە، سەرەتا بەرژەوەندیی خۆیان لێکدەدەنەوە و بەرژەوەندیی عێراق لە کۆتاییدایە. ئێستا بەرپرسانی ئەمەریکا ئاماژە بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێرانییەکان دەکەن بۆ بابەتی کشانەوە لە عێراق. لێرەدا پرسیارێک دێتە بەردەممان، ئایا دوای کشانەوەی ئەمەریکا ڕۆڵی میلیشیاکان لە عێراق بە چ ئاقارێکدا دەڕوات؟ ئێستا قۆناغێکی ئێجگار مەترسیدارە، چونکە بە کشانەوەی ئەمەریکییەکان، ڕیگە تەخت دەبێت لە بەردەم ئەوانەی لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسان، ئەوەتا لە ئێستاوە نماییشی چەکداریی هەندێک لایەن دەبینین لەناو بەغدای پایتەخت، بێ ئەوەی حکوومەتیی ناوەندی بەرپەرچیان بداتەوە، کە ئەمەش ئاماژەیەکی باش نییە، ئێمە ڕەشبین نین، بەڵام ئەمە پێدەچێت سەربکێشێت بۆ بێسەروبەرییەک کە کۆتاییەکەی خێر نابێت.

ــ پێشتریش ئەمەریکییەکان کشانەوە و دواتر هاتنەوە بەهۆی مەترسیی تیرۆرەوە، ئایا پێناچێ دوای ئەم کشانەوەیەش جارێکی دیکە بگەڕێنەوە بە تایبەت کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژە بە ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕی شیعە-شیعە دەکرێت؟

د. عەلی ئەلعەبادی: پێدەچی لە کۆبوونەوە شاراوەکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا لە ڤیەننا باسی ئەم کشانەوەیە کرابێت و تێیدا ئێرانییەکان لایەنی ئەمەریکییەکانن فریو دابێت بەوەی ئەوانیش میلیشیاکان دەکشێننەوە، بەڵام ئەوەی ئێستا دەیبینین بەوەی ئەم میلیشیایانە نماییشی خۆیان دەکەن و سووکایەتی بە حکوومەت و تەنانەت کازمیش دەکەن، ئاماژەن بۆ مەترسیی سەرهەڵدانی ئاژاوە و بێسەروبەرییەک کە کۆتاییەکەی باش نابێت.

ــ ئایا نزیکبوونەوەی عێراق لە وڵاتانی عەرەبی، دەبێتە هۆی نیگەرانی و دڵەڕاوکێی ئێران؟

د. عەلی ئەلعەبادی: بەڵێ وایە و مشتومڕ هەڵناگرێت. هەر نزیکبوونەوەیەکی وڵاتانی عەرەب لە عێراق، مانای دوورخستنەوەی ئێرانە، عێراقیش گرنگییەکی تایبەتیی هەیە بۆ ئێران، بەوەی وڵاتێکی دراوسێیە. نزیکبوونەوەی عێراق لە وڵاتانی عەرەب، بە مانای لێدانە لە بەرژەوەندییەکانی ئێران، بۆ نموونە ئێستا عێراق کارەبا و گازی سرووشتی لە ئێرانەوە هاوردە دەکات و باس لەوە دەکرێت لەمەودوا ئەو دووانە لە سعودیەوە وەربگرێت، هەروەها پشت ببەستێت بە کەلوپەل و کەرەستەی بەکاربردنی سعودی، لەکاتێکدا ئێستا (70%)ی کەلوپەلی بەکاربردنی عێراق لە ئێرانەوەیە و(30%)ی لە تورکیاوەیە، عێراق سنوورێکی بەرفراوانی هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی عەرەب هەیە، بە تایبەت لەگەڵ سعودیە و ئوردن، ڕوو وەرگێرانی عێراق بەرەو وڵاتانی عەرەب، دەبێتە زەنگی مەترسی بۆ لایەنی ئێرانی، ئێستا سێ جەمسەر هەن لە بەرامبەر عێراقدا، ئێران، تورکیا، هەروەها چوارچێوە عەرەبییەکە. عێراق دەتوانێت نەوتەکەشی لەڕێگەی سعودیە و ئوردنەوە بگوێزێتەوە، بۆیە کرانەوەی عێراق بەڕووی وڵاتانی عەرەبیدا، دەبێتە مەترسییەکی ڕاستەقینە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئێران لە عێراقدا.

ــ پێتوایە دۆخەکە لە عێراقدا وەکو خۆی بمێنێتەوە لەنێوان وڵاتاندا و عێراق تەنها ڕۆڵی تەماشاکەر ببینێت و خێر و بێرەکانی تاڵان بکرێن؟

د. عەلی ئەلعەبادی:: کاتێک کەسانی گوندی و نەخواێندەوار دێنە سەر دەسەڵات و بەڕێوەبردن نەوەک کەسانی خوێندەوار و شارەزا، ئەمە ڕوودەدات، ئەوەی لە عێراق روودەدات، تاڵانکردنی سەروەت و سامان و هەرچی شتێکمانە کە بە پێوە ماوە، بۆیە من ئاسۆیەک نابینم بۆ باش بوون لە سایەی ئەم دۆخەی کە ڕودەدات. عێراق دۆخێکی هەیە وەکو دۆخی کڕین و فرۆشتن (لەنێوان لایەنەکان)، ئێستا هەموو حیزب و میلیشیاکان هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ زاڵبوون بەسەر زۆرترین پشکدا تاوەکو هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ببەنەوە، ئەویش ئەگەر هەڵبژاردنی بکرێت، کە بە دووری دەزانم هەڵبژاردن بکرێت.

سەرچاوە: زاگرۆس عەرەبیە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە