نەوزاد هادى: سەرۆکى هەرێم ڕاشکاوانە هۆکارى ناسەقامیگرى بەغداى بە هێزە عێراقییەکان راگەیاند میدیا

نوچەنێت:

نەوزاد هادى ڕاوێژکارى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە دیمانەیەکى کوردستانtv لە (14-4-2021)دا، باس لە ناوەڕۆکى سەردانەکەى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا دەکات، هەروەها باس لە جیاوازییەکانى ئەم سەردانیە لەگەڵ سەردانییەکانى پێشووتر دەکات، جگە لەوەش تیشک دەخاتەسەر شێوازى بیرکردنەوەى هێزە سیاسییەکانى بەغدا بەرامبەر هەرێمى کوردستان.

 

دەقى دیمانەى نەوزاد هادى  ڕاوێژکارى سەرۆکى هەرێمى کوردستان:

ــ بەڕێز نێچیرڤان بارزانى سەردانى بەغداى کرد، لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بە شیعە و سوننەوە کۆبۆوە، لەوێ ئەوەیان ڕاگەیاند کە کلیلى سەقامگیرى عێراق چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدایە، وەڵامى لایەنەکان چۆن چوو؟

نەوزاد هادى: بێگومان ئەم سەردانەى کاک نێچیرڤان بارزانى بۆ بەغدا، هەم بۆ تواصل هەم سوپاسکردنى سەرجەم هاوبەشەکانمان لەعێراق دا، کە دواى تێپەڕاندنى بودجە کە کێشەى گرفتێکى زۆرى هەبوو لە دواى (2014)، ئەم بودجە تێپەڕێندرا بە ئیتفاقى هەموو لایەکى، وە لەم سەردانییە زۆر بەڕاشکاوانە قسە کرا لەسەر بابەتەکانى پێشوو و ئێستا و داهاتوو عێراق، وە بە دیدگایەکى نوێ بڕوانینە بابەتەکان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونى ڕابردوومان، کە بەدرێژایى ئەو مێژووە سەپێندراوە، کێشەى کورد لە عێراق کیشەیەکى هەرە سەرەکییە بۆ هەموو قۆناغەکانى حکومڕانى لە دواى دروستبوونى دەوڵەتى عێراق، تاوەکو ئێستا چارەسەرنەکردنى بۆتە هۆى ناسەقامگیرى لە عێراق، کێشە و گرفتى هەم بۆ خەڵکى کوردستان هەم بۆ بەشەکانى دیکەى عێراقیش دروستکردیە.

ڕێزدار کاک نێچیرڤان بارزانى بە ڕاشکاوانە ئەمەى لەگەڵ هەموو لایەنەکان باسدەکرد، بۆیە چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا کیلیلى چارەسەرکردنى عێراقە، وە ماناى ئەوە نییە کەسى دیکە لەعێراق نییە لەبەشى سوننەنیشین یان شیعەنیشینەکەى، بەڵام کێشەى سەرەکى بە درێژایى ئەو مێژووە کێشەى کورد بووە لە نێوان هەولێر و بەغدا، کە چارەسەر نەبووە بۆیەش دەبینین دواى (18) ساڵ، بەتایبەتى دواى (2005)وە هەموومان کە دەنگمان بە دەستوورێکى نوێ دا، پابەندبوومان بەو دەستوورە بۆ چارەسەرکردنى هەموو کێشەکان بوو، وەکو نەخشەڕێگایەک بۆ هەموو پێکهاتەکانى عێراق تا لەسەرى بڕۆین، بۆیە دەبینین زیاتر کار بەو ماددە دەستووریانە کراوە کە لە بەرژەوەندى حکوومەتى فیدراڵییە و ماددەکانى تر پەراوێز خراوە یاخود بایەخى پێنەدراوە، بۆیە کێشەکان بەردەوام بووە، لە ئەنجامدا هەمووشمان بینیمان کە بۆشایى ئەمنى دروستبوو، کە بووە هۆى پەیدابوونى قاعیدە و دروستبوونى داعش و وە عێراق تووشى قەیرانى گەورە بوو، بەردەوام ئەو کێشانەى  نێوان هەولێر و بەغدا زیانى بە کۆى گشتى پرۆسەى سیاسى عێراق گەیاندووە.

کەواتە چارەسەرکردن و ڕاوەستان بە ڕاشکاوانە لەسەر هەموو ئەو بەربەستانەى هەبووە، وە ئەو هەڵانەى لە هەردوولا دراوە، بۆ ئەوەى چارەسەر بکرێن و بەرەو ئایندەیەکى گەشەتر بڕۆین کە سەقامگیرى بۆ هەموو عێراق بێنى، وەک دیاریشە کۆى گشتى پرۆسەى سیاسى عێراق ئێستا بەرپرسیارە بەرامبەر بە خەڵک، ئەو چوارچیوەیەى کە شیعە بۆ خۆیان دروستیان کردییە، لەگەڵ خەڵک و شەقام کێشەیان هەیە، ئەو خۆپیشاندانانەى لەناوچە شیعییەکان دەبیندرێن بەرامبەر بە ئەحزابى شیعى کە ئێستا قیادەى بەشى زۆرى حکوم دەکات لە عێراق، وە لە دواى (2003) باڵادەست بوونە بە حوکمى ئەوەى پێکهاتەى زۆرینە بوونە لە حکوومڕانى عێراقى نوێ، کەواتە کۆى گشتیى سیستەمەکە نەیتوانیووە داخوازییەکانى خەڵک عێراق دەستەبەر بکات و سەقامگیرى دروست بکات، کێشەى سوننەکایش معلومە بەتایبەى دواى شەڕى داعش و ڕزگارکردنى ئەو ناوچانە لە دەستى داعش وێرانکارییەکى زۆرى بە دواى خۆیدا بەجێهێشتییە، ئاوارەیان ماوە و خەڵکیان لێگیراوە، کۆمەڵێک مەسەلەى زۆر تێکهەڵکیش هەیە لەناو ناوچە سوننییەکان هەیە چارەسەر نەکراوە و پێویستى بە چارەسەرە.

هەروەها کێشەى پێکهاتەکانى دیکەى هەیە وەکو تورکمانەکان، ئێزدیییەکان و خەڵکى شنگال کە غەدرێکى زۆریان لێکراوە، کەواتە کێشەى عێراق زۆرە، بۆیە دەبێ بە ڕاشکاوانەتر هەموو لایەنەکان لەگەڵ یەکترى قسان بکەن.

ــ لەدیدارەکاندا هەستان کرد کە شیعە و سوننەکان گەیشتوونتە ئەو قەناعەتە کە چارەسەرکردنى کێشەى هەولێر و بەغدا عێراق بەرەو سەقامگیرى دەبات؟

نوزاد هادى: بێگومان کاتێ بەو ڕاشکاوییە قسە دەکرا، هەمووان لەگەڵ چارەسەرکردن بوون، وە بە حوکمى ئەوەى بودجەش تێپەڕێندرا بە بڕیارى هەموولایەک بوو، کە ئەمەیش دەستپێک و نیشانەیەکى باشە لە نیەتى هەموولایەنەکانەوە، کە هەرێمى کوردستان هەم پابەندە هەم حکوومەتى فیدراڵى ئیلتزاماتى خۆى نیشان دەدا، ئەمەیش نیشانەى ئەوەیە هەمووان لەو کێشانە ماندووبوونە بۆیە پێویستە بەرەو چارەسەرکردن بچین، ئێستا کە بودجە پەسندکرا تەنها بۆ هەرێم نییە بۆ بەرژەوەندە هەموو عێراقە، لەوانەیە ویستى هەموومان جێبەجێ نەبووە، مەسەلەن تێمى حکوومەتى هەرێم و ئەندام پەرلەمانەکانى کوردستان لە لیستە جیاوازەکان لە هەموو دانوستاندنەکان هەوڵدراوە  زیاتر لەوە بەدەست بهێنن کە ئێستا بەدەست هاتووە، ئەوەى ئێستا بەدەستمان هێناوە شتێکى باشە، بەڵام ماناى ئەوە نییە هەموو خواستەکانى ئێمەى بەدەست هێناوە، لەوانە شیعەکانیش هەموو ویستی خۆیان لە بودجە جێبەجێ نەکرد بێ، سوننەکانیش بە هەمان شێوە.

بەڵام ئەوەى کە ئێستا لەسەرى ڕێککەوتوون شتێکە لە کۆى گشتى لە بەرژەوەند هەرێمى کوردستان و عێراقە، وە ئێستا کە بەرەو هەڵبژاردن دەچین، دەبێ لایەنە سیاسییەکان سوود لە شتە سەرنەکەوتووەکانى ڕابردوو بیبینن، خۆ ناکرێ عێراق بەمشێوەیە بەردەوام بێت ڕەنگە ئەوکاتە ناڕەزاى لە عێراق زۆر زیاتر بێ، وە رووبەڕووبوونەوەى زیاتر رووبدات لە نێوان خەڵک و حکوومەت و لایەنە سیاسییەکانی، بەتایبەتیش ئەو خۆپیشاندانانەى کە ئێستا بەردەوامى هەیە و لێرە و لەوێ دەبیندرێ.

ــ ئایا دانیشتنەکان تاى هەڵبژاردن بە سیما و ڕووخساریان دیاربوو؟

نوزاد هادى: بێگومان هەست بەوە دەکرێ کە خەریکى ئامادەکارى و دروستکردنى هاوپەیمانین لەنێوان هێزە سەرەکییەکان، مەسەلەن سائیراون گەشبینتر سەیرى ئەم هەڵبژاردنەى داهاتوو دەکات، بەڵام هێزێکى ترى شیعى لەوانەیە بەم گەششبینیە سەیرى نەکات.

ــ ئەو گەشبینیەى سائیرون لە چییەوە دێت؟ 

نوزاد هادى: ئەوان وا هەست دەکەن دەنگى زیاتر دەهێنن، هەموو ئەو ئامادەکارییانەى هەستمان پێکرد ئامادەکارییە بەرەو هەڵبژاردنى دابێ، بە تایبەت لەبەر ئەو یاسا نوێیەى هەڵبژاردن کە بۆ هەمووان نوێیە، لە شێوازى دەنگدان و هەڵبژاردنى کاندیدەکان، خۆى هەم هێز و لایەنى پێشوون بەشدارى هەڵبژاردنەکان دەکەن، بەڵام شێوازى دەرچوواندنى کاندیدەکان بە پێى ئەم یاسایە هەموویانى  سەرقاڵکردووە، چۆن بتوانن زۆرترین کورسى بێنن.

ــ لە نێوان خۆیاندا، شیعە و شیعە، سوننە و سوننە، هەستانکرد خاڵى هاوبەش هەیە لە نێوان خۆیاندا؟

نوزاد هادى: بێگومان، ئێمەش و ئەوانیش هەندێ خاڵى هاوبەش هەیە لەنێوان خۆیان و هەرێمى کوردستان و لایەنەکانى دیکە، کە لە چەترى عێراقى دا کۆدەبێتەوە، شیعەکان و سوننەکان هەموویان خەریکى کۆکردنەوەى خۆیانن، بە هەمان شێوە هەرێمى کوردستانیش.

ــ مستەفا کازمى ڕاگەیاندووە کە سەردانییەکەى بەڕێز نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم بۆ بەغدا و دانیشتنى لەگەڵ تەواوى لایەنەکانى شیعە و سوننە، پەیامێکى ڕاست و دروستە لەسەر ڕێگەیەکى ڕاست، بۆ گێڕانەوەى متمانە و کارى هاوبەشى هەستان بەو متمانە و نیازپاکییە کرد لەگەڵ ئەو لایەنە عێراقییانە؟

نوزاد هادى: ئەوەى ئێمە هەستمان پێکرد، کە زۆر ئاشکرا و روون بوو پێشوازییەکى گەرم و دڵخۆشکەرانەیان لێکردین، وە زۆریش بە ڕاشکاوانە قسە لەسەر بابەتەکان کرا، وە جەنابى کاک نێچیرڤان بارزانیش زۆر ڕاشکاوانە ئەم بابەتانەى لەگەڵ لایەنەکان باس کرد، ئەوانیش ئەم ڕاشکاوییەیان زۆر پێخۆشبوو، کە ئەو هەموو هەڵانەى پێشتر کراوە چۆن سوودى لێ ببینین، چۆن بتواندرێ عێراق بەرەو سەقامگیرى ببەین، کە هەم دیدگاى ئێمە هەم دیدگاى قوڵایی ستراتیژیى هەرێمى کوردستان کە لە بەغدایە، لەم بابەتە چەندە لێکتێگەیشتن هەبێ ئەوەندە عێراق بەهێزتر دەبێ، ئەمەش لەبەرژەوەندى هەموو خەڵکى عێراق دا دەبێت، پەیامى هەرێمى کوردستانیش کاک نێچیرڤان بارزانى زۆر بە ڕاشکاوانە پێیڕاگەیاندن، هەتا ئەم سەفەرەى بۆ فەرەنسا و ئەو بابەتانەى لەگەڵ ماکرۆن باسکراون، وە ڕۆڵ و پێگەى کاک نێچیرڤان بارزانى بتواندرێت زیاتر بکرێ لە بەغدا، لەگەڵ لایەنەکان لیک نزیکبوونەوە و سەردان و یەکتر دیتن و ئاڵۆگۆڕکردنى بیروڕاییەکان و کێشەکان بەشێوەیەکى ڕاشکاوانە کە جەنابیان باسى دەکرد، دوور لە موجاملە بێت.

ڕەنگە لە چەند ساڵى ڕابردوو موجاملەى یەکترمان کردبێ، بەڵام لە م وێستگەیەدا پێویستە ڕاشکاو بین لەگەڵ یەکترى، پرسەکان بە ڕاشکاوانە تر لەگەڵ یەکترى باسى بکەین بۆ ئەوەى بتوانین چارەسەرى بکەین و هەموو گرفتێکیش چارەسەرى هەیە، بەڵام لەوانەیە چارەسەرکردنە سەد دەردسەد داواکارى هەمووان نەهێنتەدى، بەڵام گەیشتن بە ڕێککەوتنیش هەروایە، باشترە لەوەى بتوانین بگەین بە چەند خاڵێکى هاوبەش و کێشەکان چارەسەر بکەین.

ــ بەهێزکردنەوەى پەیوەندییەکان و گەڕانەوە بۆ کارى هاوبەش لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵ، بێگومان میکانیزم و ئەلیەتى دەوێ، ئەو میکانیزم و ئەلیەت چییە بۆ ئەوەى ئەو پەیوەندییانە و گەڕانەوە بۆ کارى هاوبەش لە ئەرزى واقیع دا جێبەجێ بکرێ؟

نوزاد هادى: بەشێکى کارەکانى حکوومەتى هەرێم لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵى، چونکە بودجە کە لە پەرلەمان دەنگى لەسەردرا ئیتر دوایی دەبێتە کارى حکوومەت، ئەو میکانیزمە حکوومەتى هەرێم و حکوومەتى فیدراڵى کارى لەسەر دەکرێ و جیبەجێی دەکەن، وە بێگومان پابەندوونى هەردوولاش دیارە بەرەو جێەجێکردن دەڕوات، وە بە باشترین میکانیزم جێەجێ بکرێ، ئەمە بەشێکى گرنگى کارە هاوبەشەکانە لە نێوان هەولێر و بەغدا، لەسەر ئاستى سیاسى ئەم سەردانى و گفتوگۆ و کۆبوونەوەکان بەردەوامى هەبێ، وەک چۆن بە هەمان شێوە لە ناو هەرێمیشدا کۆبوونەوەى جەنابى کاک نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان کرا.

ــ دواى پەسندکردنى بودجە و باشترکردنەوەى پەیوەندییەکان پرۆسەى سیاسى لە عێراق چۆن دەبینین؟

نوزاد هادى: پرۆسەکە ئاڵۆزە و وا ئاسان نییە، چونکە تەنها پەیوەست نییە بە خۆمان و عێراقییەکان، ئەوە ڕاستییەکە عێراق کە لە دواى (2003)وە گۆڕانێکى گەورەى بەسەرداهات و دەستوورێکى نوێ هەبووە، بەڵام کۆمەڵێک یاریکەرى نێودەوڵەتى گەورەش هەبوونە، چونکە پاراستنى عێراق وەکو دەوڵەتێک کە بتوانێ سەروەرى و تایبەتمەندى خۆى بپارێزى دواى گۆڕانکارییەکانى (2003)، بۆیە بابەتە سیاسییەکان تەنها پەیوەندیى عێراقییەکانەوە نییە، لەوانەیە کێشە هەرێمایەتییەکانیش ڕەنگدانەوەیان لەسەر گۆڕەپانى عێراقى دا هەبێ.

ــ چین ئەو کێشە هەرێمایەتیانەى کە کاریگەریان لەسەر گۆڕەپانى عێراق هەیە؟

نوزاد هادى: روونە ململانێى وڵاتانى دراوسێیە، ئەمەریکایە، ئێرانە، هەموو ئەوانە چۆن ڕەنگدانەوەى لەسەر ناوچەکە دەبێ، بە هەمان شێوە زیاتر لەوانەیە ڕەنگدانەوەى لەسەر عێراقیشە هەبێ، بێگومان کاریگەرى لەسەر پرۆسەى سیاسى بە شێوەیەک لە شێوەکان دەبێ.

ــ کێشەى هەڵواسراون زۆرن لەگەڵ بەغدا وەکو ماددەى 140، ڕێککەوتنى شنگال، کێشەى پێشمەرگە، قسەتان لەسەر ئەو تەوەرە سەرەکى و ستراتیژییانە لەگەڵ بەغدا نەکرد؟

نوزاد هادى: بێگومان باسى ئەم کێشانە کرا وەک کێشەى سەرەکى، کێشەى ئێمە لەگەڵ بەغدا تەنها بودجە نییە، بەڵکو کۆمەڵێک کێشەى سەرەکى تر هەن، ماددەى 140، پێشمەرگەیە، ڕیککەوتنى شنگالە، دەرکردنى یاساى نەوت و غازە، باسى ئەو بابەتەش کرا، چونکە ناکرێ ساڵانە لەسەر بودجە ئەو هەموو کێشانە باسبکرێتەوە، بەقەدەر ئەوەى ئەگەر یاساى نەوت و غاز بە ڕێککەوتن لەنێوان هەموو لایەنەکان دەربچێت، دەبێتە چارەسەرێکى درێژخایەن بۆ هاووڵاتى عێراقى و لایەنەکانیش، ئەوانە هەموویان پرسى گرنگن و دەبێ لە دواى ئەم هەڵبژاردنە حکوومەتى فیدراڵى و حکوومەتى هەرێم بچنە سەر ئەو بابەتانە و چارەسەرى بکەن، بۆیە لە هەموو گفتوگۆ و کۆبوونەوەکان بە دیاریکراوى باسى ئەو بابەت و کێشانە کراوە کە پێویستیان بە چارەسەرکردن هەیە.

ئێمەش و هەموو عێراقییەکان بینیان چارەسەرنەکردنى کێشەکان، بۆشایى ئەمنى دروست دەکات و تیرۆر دەتوانێ سوودى لێ ببینى، بارى ئابوورى ناسەقامگیر دەبێ و هاووڵاتى زەرەرمەند دەبێ، زۆرجار لە ناکاوە بڕیارێک دەدرێت کێشە دروست دەبێ و ڕێگاکان دەگیرێن، بۆیە بەدەر لە کێشەى بودجە، ئەم کێشانەش هەیە دەبێ لە نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێ.

ــ هۆکارەکانى جێبەجێ نەکردنى ڕێککەوتنى شنگال بۆچى دەگەڕێننەوە؟

نوزاد هادى: زۆر هۆکار هەیە، چونکە لە شنگال حەساسیەتێکى تەواو هەیە، ئەو هێزانەى لەوێن لە چۆنیەتى مامەڵە لەگەڵ کردن پەکەکەى لێیە، بوونى حەشد لەوێ  چۆن دەبێ و حکوومەتى فیدراڵى دەتوانى چۆن بەپێ ئەو ڕێککەوتنەى سوپاى عێراق و ئیدارەى خۆجەیى ڕۆڵى خۆى دەبینى، کە تا ئێستا نەتوانرایە بچێتە بوارى جێبەجێکردن، لەوانەیە ئێران ڕوانگەیەکى هەیە تورکیا ڕوانگەیەکى دیکەى هەیە، بۆیە دەبینین گەیشتە ئەو قۆناغە، بارودۆخى شنگال  زۆر جیاوازە، چارەسەرکردنى زۆر گرنگە، چونکە هەم لە قازانجى خەڵکى شنگال دەبێ هەم لە قازانجى سەقامگیرى عێراق دەبێ، بەڵام بەداخەوە کە بەو شێوازەى ئێستا دەیبینین پەقبەستووە.

ــ بەر لە سەردانەکەى بەڕێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان بەغدا، سەرۆکى هەرێمى کوردستان نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانى کوردستان کۆبۆوە، هەمووى لەسەر مێزى گفتوگۆ لەدیواى سەرۆکایەتیى هەرێم کۆکردنەوە، دەمەوێ پرسیارى ئەوەت لێ بکەم گرنگى ئەو کۆبوونەوەیە چى بوو؟

نوزاد هادى: دواى ئەو دابڕانە زۆرەى بە هۆى کۆرۆنا و دۆخە سیاسییەکەى ناو هەرێمى کوردستانیش، بۆیە ئەم کۆبوونەوە کۆبوونەوەیەکى زۆر گرنگ بوو، وە بە زۆر سوپاسەوە ئێمە لە سەرۆکایەتیى هەرێم بۆ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، کە ئامادەبوون لە کۆبوونەوەکە، کە ئەمەیش نیشانەى هەستکردن بەرپرسیاریەتی و قۆناغەکە و خەڵکى هەرێمى کوردستان، وە دانیشتن لەگەڵ یەکترى و باسکردنى بابەتەکان و ئالۆگۆڕکردنى بۆچوونەکان.

ئێستا شیعەکانیش یەکگرتوون نین لەگەڵ بوونى مەرجعەیەتیش، بەڵام توانیوویانە چوارچێوەیەک بۆ خۆیان دابنین بەناوى ئیتارى تەنسیقى، کە بۆتە چوارچیوەى هەماهەنگى ماڵى شیعى و هەموان تێدا کۆبوونەتەوە، مەسەلەن سوننەکان هەوڵ دەدەن زیاتر لێکتر نزیک ببنەوە، لە ناو هەرێمى کوردستانیش کە هەموومان پێکەوەیە، با بیروڕاشمان جیاواز بێ، ئۆپۆزیسیۆن بین یان لە حکوومەتدا بین، بەڵام خۆ دەبێ هەموومان لە شوێنێکدا دابنیشین و گفتوگۆ بکەین، کە بەرژەوەندییەکانى خەڵکى کوردستان و هەرێمى کوردستان تێدا باس بکرێ بە ڕاشکاوانە لەگەڵ یەکترى، بیروڕاکان لە کۆبوونەوەى لەمشێوەیە بخرێتەڕوو زۆر باشترە، وە ئەوەى هەستمان پێکرد هەم لە ئامادەبوونى لایەنە سیاسییەکان بە سوپاسەوە هەم ئەو بابەتانەى باسکرا کە جێگەى دڵخۆشى و بەرپرسیاریەتیى بوو.

ــ شەوێ ڕابردوو هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەى هەولێر، پێتانوایە ئامانجى ئەم هێرشە و هێرشەکانى پێشووتریش لە چییدا کۆدەبنەوە؟

نەوزاد هادى: ئەوە بەشێک لەو مەنزومە سیاسییەى کە باسمانکرد، ئەم هێزانەش هێزى تێکدەر و تیرۆریستن، بەو شێوازەى کە فڕۆکەخانەیەک دەکەنە ئامانج، ئەگەر لە هەرێمى کوردستان کێشە و گرفتیشمان هەبێ لەگەڵ هەر کەس و لایەنێک، لە بەشەکانى دیکەى عێراق، جیا لە دیالۆگ کەسانێک دێن ئەم ڕیگەیە هەڵدەبژێرن، ئەمەش معلومە کردەوەیەکى تیرۆریستییە، ئامانجى سەقامگیرى هەرێمى کوردستانە و زیانگەیاندنە بە خەڵکى هەرێمى کوردستان، وە ڕێگەگرتنە لەبەردەم هەموو ئەو پرۆسە سیاسیانەى کە هەوڵدەدرێت لایەنەکانى دیکەى عێراقى و بە هەرێمى کوردستانیشەوە بەرەوئامانجى لێکتێگەیشتن بڕۆن و بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکرێ، وە دەتوانین بڵێن ئێستا لێکتێگەیشتنى زیاتر هەیە لە نێوان هەولێر و بەغدا وە لە ڕابردوو.

بۆیە ئەو لایەنانەى کە کێشە دروست دەکەن لەوانە میلیشیا چەکدارەکان، کە لەدەرەوەى یاسا ئەم کارە دەکەن، چونکە هیچ مەنزومەیەکى فەرمى کە لە چوارچیوەى کارى کارى فەرمى وەک فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان یان سەرۆک وەزیرانە ناتوانێ کارێکى وا بکات، بۆیە ئەمانە کۆمەڵیک گرووپن، کە ئامانجیان تێکدانە، تێکدانى ئەو لێکتێگەیشتن و چارەسەرییانەیە کە ئێستا هاتۆتەپێش، کە دەیانەوێ زیاتر ئالۆزى بکەن.

سەرچاوە: کوردستانtv

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە