سەرۆکى یەکێتى: پێشوازى لە بڕیارەکەى ئەمڕۆى پەکەکە دەکەین کوردستانی

نوچە نێت

بافڵ تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتى نیشمانى کوردستان, پەیامێکى بڵاوکردەوە، لە پەیامەکەى پێشوازى لە بڕیارى چەکدانانى پەکەکە دەکات و دەڵێت، “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هەمیشە پەرۆشە بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و هاوکار و پشتیوانی هەموولایەک دەبین بۆ سەرخستنی ئەم هەوڵە”

ئەمرۆ دووشەممە (12/ ئايار/ 2025) سەرۆکى یەکێتى پەیامێکى بڵاوکردەوە، لە سەرەتاى پەیامەکەى دەڵێت، بڕیاری پەکەکە بۆ بەدەمەوەچوونی بانگەوازەکەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان و خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان لەم قۆناغە هەستیار و چارەنوسسازەدا هەنگاوێکی مێژووییە و پێشوازیی لێدەکەین.

دەربارەى رۆڵى یەکێتیش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هەمیشە پەرۆشە بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و هاوکار و پشتیوانی هەموولایەک دەبین بۆ سەرخستنی ئەم هەوڵە، پێمانوایە چەکدانان بەشێکی پرۆسەکەیە و دەبێت هەنگاو و بەشەکانی دیکەی پرۆسەکە جێبەجێبکرێت تاوەکو بگەینە ئەو ئامانجانەی هەوڵمان بۆیان داوە.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانى ئاماژە بەوە دەکات، ئێمە بە شوێن هەنگاوەکانی سەرۆک مام جەلال دا ستراتیجی نیشتمانیی خۆمان ئاڕاستە دەکەین کە وەک یەکەم سەرکردە شانی دایە بەر سەرپێخستنی پرۆسەی ئاشتی، ئەمڕۆش بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ سەرخستنی ئەم هەنگاوە مێژووییە.

دووپاتی دەکەمەوە تەنیا رێگا بۆ سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەی کوردە.

هیوام سەرخستنی پرۆسەی ئاشتییە لە باکووری کوردستان و تورکیا تاوەکو لاپەڕەیەکی نوێی سیاسی و دیپلۆماسی لە نێوان سەرجەم لایەنەکان هەڵبدرێتەوە و هەنگاو بۆ کارکردنی پێکەوەیی بنرێت و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر تەواوی کوردستان هەبێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین