سیروان حەمە شەریف: نێچیرڤان بارزانى بە سیاسەتى حەکیمانە ئابلۆقە سیاسییە سەهۆڵبەندییەکانى تواندەوە میدیا

نوچەنێت:

سیروان حەمە شەریف شرۆڤەکارى سیاسى، لە بەرنامەیەکى رووداو، لە (10-4-2021)دا، پێیوایە، سەردانى نێچیرڤان بارزانى بۆ بەغدا سەردانییەکى گرنگە بەتایبەت دواى پەسندکردنى بودجە، دەشڵێت، لەم سەردانییەدا کارنامە هەیە بۆ چارەسەرکردنى هەموو ئەو کێشە هەڵواسراوانەى کە لە نێوان حکوومەتى فیدراڵ و حکوومەتى هەرێم دا هەیە، نێچیرڤان بارزانیش کاریگەرى خۆى هەیە لەسەر کۆى ئەو کێشانە.

هەروەها سیروان حەمە شەریف، دەشڵێت، نێچیرڤان بارزانى لە دە ساڵى ڕابردوو توانیویەتى چەندین ئابلۆقەى سیاسى لەسەر ئاستى نیوخۆیى و هەرێمى بشکێنێ، بەتایبەت لەسەروبەربەندى لەشکرکێشى تورکیا بۆ کوردستان و ئابلۆقە سیاسییەکانى دواى رێفراندۆمى سەربەخۆیى کوردستان لە (2017) و رووداوەکانى (16)ى ئۆکتۆبەر.

 

دەقى دیمانەى شێروان حەمە شەریف شرۆڤەکارى سیاسى:

ــ گرنگى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەى لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەى عێراق، وە دواتریش لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانى عێراق کۆدەبێتەوە، چە کاریگەرییەکى دەبێ لەسەر چارەسەرکردنى کێشەکانى هەولێر بەغدا؟

سیروان حەمە شەریف: ئەگەر لە وڵاتانى خاوەن زلهێزى وەک بەریتانیان و ئەمەریکا و رووسیا بڕوانین، کە ئەو وڵاتانە خاوەنى ڤیتۆن لە ئەنجوومەنى ئاسایش، ئەگەر بۆ ئەوان کۆ دەنگى گرنگ بێت، ئەگەر ئەوان نەتوانن هیچ یاسا و بڕیارێک تەنانەت نەتوانن بڕیارێکى ناوخۆى خۆشیان جێیەجێ بکەن، ئەگەر لەسەر ئاستى هەرێمایەتى و نێودەوڵەتییەوە کاردانەوەى هەبێ، پێویستیان بە هاوپەیمانییەکى نێودەڵەتى هەیە، بۆ نموونە وەک هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژى داعش، کە ئەمەریکا زیاتر لە (66) دەوڵەتى لەگەڵ خۆى کردە هاوپەیمان بۆ ئەوەى بتوانێ بەرامبەر ڕێکخراوێکى تیرۆریستى جیهانى جەنگێگ بەرپا بکات، ئەوە بۆ ئێمەى کورد زۆر گرنگترە یەک دەنگ و یەک ڕەنگ و هاوهەڵوێست بین.

هەنگاوەکانى جەنابى کاک نێچیرڤان بارزانى جێگەى دەستخۆشییە، دەتوانم بڵێم زۆرینەى زۆرى خەڵکى هەرێمى کوردستان، تەنانەت ئەوانەشى کە سیاسەتى لەگەڵ دەکەن بە یار و نەیارەوە، باوەڕیان وایە کاک نێچیرڤان بارزانى سیاسەتێکى دەستەجمعی هەیە و کەسێک نییە حەز بکات بە تەنها بڕیارەکان خۆى بیدات، ئەمەیش کاریگەرى ڕاستەوخۆى لەسەر ئاستى ناوخۆیى هەرێمى و دواتر لەسەر ئاستى سەقامگیرى عێراق هەیە، وە لەسەر ئاستى هەرێمایەتیش، زۆرجار کێشەکان لە نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتێکى دراوسێى گەیشتۆتە ئاستى تەقینەوە، بۆ نموونە لە دە ساڵى ڕابردوو، تورکیا گەیشتە ئەو ئاستەى کە لەشکرکێشى بکات بۆ کوردستان، تەنانەت لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستانیش ئامادەکارى کرا بۆ وەڵامدانەوەى، چونکە تۆ هیچ چارەیەکت نەبوو، وەک دەڵێن بۆ هەموو کارێک کاردانەوەیەک هەیە، بەڵام کاک نێچیرڤان بارزانى، بە سیاسەتى حەکیمانەى خۆى هاتە پەرلەمان ڕاپۆرتێکى بە ئامار و داتاوە خوێندەوە، باسى لەوە کرد ئەگەر دەوڵەتى تورکیا هێرش بکاتە سەر هەرێمى کوردستان، ئەوە زەرەمەندى یەکەم خودى تورکیایە ئینجا خەڵکى هەرێمى کوردستان، کە زۆرێک لە شرۆڤەکارانى سیاسى و سیاسەتمەداران گوتیان بەم وتارەى کاک نێچیرڤان بارزانى، سەدوهەشتا پلە سیاسەتى تورکیا بەرامبەر هەرێمى کوردستان پێچەوانەبۆوە.

دەوڵەتى تورکیا لە وڵاتێکى دژ و نەیارەوە گۆڕى بۆ وڵاتێکى دۆست، بۆ وڵاتێک کە بتوانى کێبڕکێ بکات بۆ ئەوەى بتوانى کاڵاکانى خۆى لێرە یەکلایى بکاتەوە، بە هەمان شێوەیە لەگەڵ وڵاتى ئێرانیش. بمانەوێ یا نەمانەوێ کاتێ تۆ نزیک بیت لەگەڵ دەوڵەتێکى دراوسێدا، کار و کاردانەوە دەبێ، لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى ئێران کاتی پەیوەندییەکانمان گەیشتە ئاستێکى خراپ، وەکو حکوومەتى هەرێمى کوردستان، بە سەرۆکایەتیى شاندێک سەردانى ئێرانى کرد، وە لەلایەن گەورە بەرپرسانى ئەو وڵاتەوە پێشوازیى لێکرا، وتارێکیشى پێشکەشکرد بە زمانى کوردى و گوتى دەوڵەتیى ئێران بۆ من وڵاتى دووەمە، دەتوانم بڵێم دیسانەوە ئاوێکى بە ئاگرە سیاسییەکەدا کردەوە، کە لە نێوان ئێمە و کۆمارى ئیسلامى ئێران دا هەڵگیرسا بوو.

 ئەگەر لەسەر ئاستى ناوخۆیى سەیرى بکەین، بە داخەوە پەیوەندى پارتە سیاسییەکان لە دواى (16) ئۆکتۆبەر پێینایە قۆناغێکى زۆر مەترسیدارەوە، کە بەتایبەتى بۆ ئێمەى کورد زۆر مەترسیدار بوو، چونکە وەک باسمکرد ئەگەر بڕیار بێت یەک دەنگى و هاوپەیمانى بۆ وڵاتانى خاوەن دەسەڵات و سەروەرەى کرنگ بێت، ئەوا بۆ هەرێمێکى بچووک بە بەراورد بە وڵاتانى دراوسێ و بەرژەوەندى وڵاتانى نێودەوڵەتى، ئەوا بۆ ئێمە یەک دەنگى زۆر گرنگترە، بەداخەوە لە دواى رووداوەکانى (16) ئۆکتۆبەر کاتێ تووشى ئابلۆقەى سیاسى و ئابووریینەوە و فرۆکەخانەکانمان بەسەردا داخرا، سەیرى دەیکەن دیسانەوە کاک نێچیرڤان بارزانى، کە ئەو کات سەرۆک وەزیران بوو، خۆى و جێگرى سەرۆک وەزیران لە کەناڵە دیپلۆماسییە جیاوازەکانەوە توانی ئەو ئابلۆقە سیاسییە بکشێنێت و سەرۆکى فەرەنسا لە کۆشکى ئێلیزێ پێشوازییان لێ بکات، بەمەیش ئەو سەهۆڵبەندانە ئابلۆقە سیاسییەى لە نێوان هەرێمى کوردستان بەشێکى زۆر لە وڵاتانى هەرێمایەتى و نێودەوڵەتى هەبوو، ئەم پیاوە بە سیاسەتى حەکیمانە و میانڕەوى شکاندى.

نێچیرڤان بارزانى توانى دەوڵەتى تورکیا لە وڵاتێکى دژ و نەیارەوە بگۆڕى بۆ وڵاتێکى دۆست، بۆ وڵاتێک کێبڕکێ بکات بۆ ئەوەى بتوانى کاڵاکانى خۆى لێرە ساخ بکاتەوە.

لەسەر ئاستى ناوخۆ، کاتێ یەکێتى نیشتمانى کوردستان کۆنگرەى خۆى دەبەستێ، کە ئەمە کارێکى ناوخۆیى یەکێتییە، ڕەنگە تا ڕادەیەک ئەنجامەکان چاوەڕواننەکراو نەبوون بۆ خەڵکانێک، کە لە دوورەوە سەیرى سیاسەتیان دەکرد، ئەمەیش کاردانەوەى لێکەوتەوە، بەڵام کاک نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى لە مەکتبەیى سیاسى و هاوسەرۆکان و ئەندامانى کۆنگرەى یەکێتى کرد، وە دواتریش پێشوازیى لە هاوسەرۆکانى یەکێتى کرد و توانى گرژییەکان کەم بکاتەوە. 

ئێستا ئەم سەردانەى نێچیرڤانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا تا چەند دەتوانێ یەکلاکەرەوە بێت بۆ ئەو کێشانەى لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە؟ 

سیروان حەمە شەریف: ئەم سەردانییەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، ئەگەر یەک دەنگى ماڵى کوردى لەگەڵ نەبوایە، زۆرێک لە شرۆڤەکارانى سیاسى تەنانەت لەسەر ئاستى دەوڵەت عێراقى فیدراڵیشدا، زۆر ئومێدى لەسەر نەدەکرا، چونکە ئێمە ئەوکاتە یەک دەنگ نەدەبووین، بەڵام کاتێ سەیرى دەکەى، وڵاتێکى خاوەن ڤیتۆى وەک فەرەنسا پێشوازى لە سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەکات، بە شێوازێکى شکۆمەندانە و وەک پرۆتۆکۆڵێکى سەرۆک کۆمارى پێشوازیى لێدەکات، وە هەر لەوێیەوە جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان پەیامێک بڵاودەکاتەوە، ئەو ئامادەیە کە گەڕاییەوە دانیشتن لەگەڵ دەوڵەتى عێراق دەکات و ئەو پەیامانەى کە پاریس پێیڕاسپێردرا بە عێراقى دەگەینى، بەڵام بەر لەوەى هەنگاو بەرەو بەغدا هەڵبێنى، ئەو دێت کار لەسەر یەکڕێزى ماڵى کوردیى دەکات، لە سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان کۆبوونەوەیەک بە تێکڕاى لایەنە سیاسییەکانى کوردستان دەکات، خۆشبەختانە جێگەى دەستخۆشییە لەسەر ئاستى کەسى یەکەمى حیزبەکان بەشداربوون، دەتوانم بڵێم تا ڕادەیەکى زۆر ئەو گرژى و ئاڵۆزییانەى لەسەر ئاستى حیزبە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستاندا هەبوو، کاڵبوونەوەیەکى پێوە دیار بوو.

لە دواى بەستنى کۆنگرەى یەکێتى، نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى لە مەکتەبى سیاسى و هاوسەرۆکانى یەکێتى کرد، دواتریش پێشوازیى لە هاوسەرۆکانى کرد و توانى گرژییەکان کەم بکاتەوە. 

بۆیە گەشتى ئەمجارەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، مادەم پاڵپیشتى ناوخۆیى هەرێمى کوردستانى لەگەڵە، جێگەى ئومێدە، چونکە ئێمە بمانەوێ و نەمانەوێ دەوڵەتى عێراق لە دواى دامەزراندنییەوە، لە (1921)وە بۆ ماوەى حەفتا ساڵ سوننەکانى تاقیکردەوە، بە پێداگیرى و کۆمەڵکوژى نەتەوەى کورد، نەگەیشتە هیچ ئەنجامێک بگرە بۆ هەر کارێک کاردانەوەیەک هەبوو، بە جۆرێک چەندى زیاتر فشار لەسەر کورد دەکرا ئەوەندە کاردانەوەى ئێمەى کورد زیاتر دەبوو. لە دواى (2003)وە لەوکاتەوەى شیعەکان تەحکوم بە عێراقەوە دەکەن، بەداخەوە حیزبى بەعسیش نەیکردبوو، ئەوەى ئەوان دەستیان بۆ برد، کە بڕینى قوت و بژێوى خەڵکى هەرێمى کوردستان بوو، بەڵام دیسان ئەوانیش نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک، بۆیە چە بۆ ئێمە وەک هەرێمى کوردستان چە بۆ عێراق، گرنگە دانیشین لەسەر مێزى گفتوگۆ دانوستاندن  بکەین، بیدەین و بسەینین. 

ــ لە فەرەنسا بە سەرۆکى هەرێمى کوردستان گوترا، دەکرێ ڕۆڵى زیاتر بگێڕێ لە عێراق بۆ یەکلاییکردنەوە و چارەسەرکردنى کێشەکان، بە هەمان شێوە پێش ئێوە مێوانێکى ترمان هەبوو، کە پێیوابوو دەکرێ نێچیرڤان بارزانى وەک سەرۆکى هەرێمى کوردستان ڕۆڵەکى ئەرێنى باشتریش بگێڕێ لە عێراق، پێتانوایە لە یەکلاییکردنەوەى عێراق وە لە پەیوەندییەکانى دەرەوە، نێچیرڤان بارزانى چۆن دەتوانێ ڕۆڵەکى ئەرێنى تر ببینێت و دەبێ چى بکات؟ 

سیروان حەمە شەریف: دەبێ لە بیرمان بێ فەرەنسا دەوڵەتێکى گەورەیە و خاوەن سەروەرییە، خاوەنى تەنها بورجى ئێڤل نییە، بەڵکو خاوەنى یەکەم شۆڕشى فەرەنسییە کە مرۆڤایەتیى شانازى پێوە دەکات، فەرەنسا پێویستى بەوەیە لەسەر ئاستى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست دا، پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی و هێزى سەربازى و ساسەتى دەرەوەى خۆیەوە بکات، بۆ ئەم هەنگاوەش دەڵێن چەکوشى دەستى جەنابى کاک نێچیرڤان بارزانییە، چونکە ئەو کەسێکى دیپلۆماسییە، کە لەسەر ئاستى هەرێم و عێراق، تەنانەت لەسەر ئاستى هەرێمى و نێودەوڵەتى سیاسییەکى مەرغوبە و گوێ لە لێدوانەکانى دەگیرێ و حیسابى بۆ دەکرێ، بۆیە کاک نێچیرڤان بارزانى دەتوانى ڕۆڵ و کاریگەرى خۆى ببینێ لە سەقامگیرى عێراق، وە بۆ ئەوەى ئەو پەیامە ڕاشکاوانەش بە سیاسییەکانى عێراق بدات، دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکە و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانى عێراق کۆدەبێتەوە، وە دەبێ ئەم پەیامەشیان پێ بگەینى، لە ماوەى (100) ساڵى ڕابردوودا بەم شێوازەى ئێستا نەگەیشتۆتە هیچ ئەنجامێک، یانى پرسیارى سەرەکى کە کاک نێچیرڤان خۆشى جارێک ئەم پرسیارەى کرد، کە ئایا عێراق دەیەوێ ئێمە پێکەوەبژین؟ ئەگەر دەیەوێ پێکەوەبژین پێویستە دانوستاندن بکەین، پێویستە ئەو مافانەى کە لەسەر ئەوانە جێبەجێ بکەن، ئێمەش ئەداى ئەرکى خۆمان دەکەین.

خۆشبەخاتە حکوومەتى هەرێمى کوردستان، هەنگاوى کردارى ناوە لە دواى دەستبەکاربوونى سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران و کابینەکە ئامادەیى دەربڕی و شاندێکى فەرمى ناردە بەغدا، کە دواجار لەسەر بودجەى عێراق ڕێککەوتن، ئەمە هەنگاوێکى ئەرێنى بوو، وە عێراق ئەگەر کێشە ناوخۆییەکانى خۆى نەبێ، دەتوانێ ڕۆڵەکى باشتر ببینێ، چە لەسەر ئاستى کۆمکارى عەرەبى چە لەسەر ئاستى وڵاتانى هەرێمایەتى، بۆ ئەو ڕۆڵەش جەنابى کاک نێچیرڤان بارزان پێشنیارکراوە. 

سەرچاوە: رووداو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە