د. عەقیل عەباس: لە دیدى بەغدا نێچیرڤان بارزانى سیاسەتوانێکى واقیعبینە و بەردەوام ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان میدیا

نوچەنێت:

لەسەر چوونى نێچیرڤان بارزانى بۆ بەغدا و پێشوازیی لێکردنى بە شێوەیەکى جیاواز و گەرمتر لە چاو جاران، د. عەقیل عەباس، شرۆڤەکارى سیاسى، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ روودا لە (10-4-2021)دا دەڵێت، سەرۆکى هەرێمى کوردستان جاری یەکەم نییە لە بەغدا بەمشێوەیە پێشوازیى لێدەکرێ، ئەو پێویشتریش هەمیشە بە شێوازێکى تایبەت لەلایەن بەرپرسانى بەغدا پێشوازی لێکراوە.

د. عەقیل عەباس لەم دیمانەیەدا سەبارەت بە کێشەکانى هەولێر و بەغدا دەشڵێت، پێموایە هەڵە لە هەردوولادا کراوە و هەردوولا هاوبەشن لە هەڵەکاندا، لە (2003) و (2004)وە لەو کاتەوە چارەسەرى ڕاستەقینە و دەستوورى بۆ کێشەکان نەدۆزرایتەوە، بۆیە دەبێ ئەمجارە چارەسەرى بنەڕەتى بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە.

 

دەقى دیمانەى د. عەقیل عەباس شرۆڤەکارى سیاسى:

ــ کۆبوونەوەکان بەچڕى و گەرموگوڕى بەڕێوەدەچن، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ چەندین لایەنى سیاسى کۆبۆتەوە و هێشتا کۆبوونەوەکان بەردەوامییان هەیە، پێتوایە ئەمە تا چەند کاریگەرى ئەرێنى دەبێ لەسەر ڕەوینەوەى ئەو کێشانەى لەنێوان هەولێر و بەغدا هەبوون؟

د. عەقیل عەباس: بە شێوەیەکى گشتى ئەم دیدارانە بەردەوام روو دەدەن لە چەند وەرزێکى سیاسى دیاریکراودا، وەکو پەسندکردنى بودجەى یاخود بوونى چەند کێشەیەک، بەڵام ئەم دیدارە لە ماوەى ڕابردوو بە تایبەت دواى زیاتربوونى هەڕەشەى گرووپە چەکدارەکان و بە ئامانجگرتنى فرۆکەخانەى هەولێر لەلایەن ئەوانەوە، هەماهەنگى و هاوئاهەنگى لەنێوان حکوومەتى عێراق و حکوومەتى هەرێمى کوردستان زیاتر بووە، ئەمەیش هاوکارى هەردوولا دەکات بۆ چارەسەرکردنى کێشە گەورەکانى نێوان هەردوولا.

ئەمڕۆش وەک دەیبینن کەوا پێشوازییەکى زۆر گەرم هەیە، لە بەغدا بۆ بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، نەک تەنها لەم سەردانییە، بەڵکو لە سەردانیەکانى ترى پێشووشى، وە بەغدا باوەڕێکى هەیە کە پێیوایە بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، یەکێکە لەو سیاسەتوانە کوردانەى، کە زیاتر واقیعیە و ئامادەیە بۆ دۆزینەوەى چارەسەرێکى ناوەندى لە نێوان هەولێر و بەغدا، ئەم پەیوەندییە زۆر ئەرێنییە، بەڵام پێموانییە هەموو کێشەکان چارەسەر بن، چونکە کێشەکان قووڵن و پرسەکانیش گەورەن، بەڵام پێموایە زەمینە دەرەخسێنێ بۆ هەنگاوێک کە دەکرێ بە ڕێگەى ئەو هەنگاوانە هەندێ لە کێشە ئاڵۆزەکانى نێوان هەردوولا چارەسەر بکرێ. 

ــ بوونى ئەو گرفتانەى لەڕابردوو لە نێوان هەولێر و بەغدا، کێشەى نەمانى متمانەى دروست کردبوو، پێتانوایە دواى ئەوەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەى عێراق و لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە، بە جۆرێک ئەم متمانەیە دەگەڕێتەوە بۆ هەردوولا؟

د. عەقیل عەباس: کەسایەتییەکان لە نێوان خۆیاندا خاڵى هاوبەشیان زۆرە، وە ڕێکدەکەون و ئەو ئەستانگانەى دەسەڵاتداریەتى لە بەغدا بێ یان لە هەولێر سیاسەتوانان و پیاوانى دەسەڵات نزیک بن لە یەکترى، چونکە رووبەڕووى هەمان کێشە و ئاستەنگ دەبنەوە، وە پێموایە ئەو پێشوازییە زۆرى لێدەکرێت لە بەغدا وە سیاسەتوانەکان بە شێوەیەکى ئەرێنى سەیرى کاک نێچیرڤان دەکەن و لێدەڕوانن، پێموایە ئەوانە ویستى کرانەوەیە. 

ــ لە دواى پەسندکردنى بودجەوە پێتانوایە عێراق کە بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان دەنێرێ، یاخود بە دیوێکى دیکە چى بکرێ بۆ ئەوەى عێراق بەپێى ڕێککەوتنەکە مامەڵە بکات و بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان بنێرێ تاوەکو ڕێککەوتنەکە وەکو خۆى جێبەجێ بکرێ؟ 

د. عەقیل عەباس: ڕەنگە بەغدا دەستپێشخەرى بکات بە ڕێگەلادانى بەشێک لە بودجە، وەکو ئەوەى پێشتر روویدا، خاڵى ناکۆکى گەورە بابەتى ڕادەستکردنى بەشێکى نەوتە، وە حکوومەتى عێراق لە بەغدا گلەییەکى زۆر هەیە لەم بارەوە دەڵێن سەربارى ئەو هەموو بەڵێنانەى کە دراون بۆ ڕادەستکردنى بەشێکى ئەو نەوتە، پێموایە لە قۆناغى داهاتوودا بابەت و پرسەکان باشتر دەبن بە شێوەیەکى ڕێژەیى، بەڵام کێشەکان زیاتر لە ئایندەدا روون دەبنەوە. پێموایە ورد نابین ئەگەر بڵێن ئەوە هەڵەى لایەنێکە بەرامبەر لایەنێکى دیکە، کە هیچ هەڵەیەکى نییە، هەڵە لە هەردوولادا کراوە و هەردوولا هاوبەشن لە هەڵەدا، لە (2003) و (2004)وە لەو کاتەوە چارەسەرى ڕاستەقینە و دەستوورى بۆ کێشەکان نەدۆزرایتەوە، ئەوەى کە روودەدات لەگەڵ بودجەى هەموو ساڵێک دا، کە ڕێککەوتنى سیاسى لە نێوان هەردوولادا دەکرێ بۆ چارەسەرکردنى کێشە لە هەمان ساڵدا، بەڵام ڕەگى کێشەکە چارەسەر ناکات، وە دەبێ جارێکى دیکە دانوستاندنى نوێ لە ساڵى داهاتوو دەست پێبکات و ڕێککەوتنێکى سیاسى نوێ بکرێت. ئەوەى روویدا تەنها کەمکردنەوەى کێشەکەیە بەڵام چارەسەرکردنى کێشەکە نییە، وە دەرخەرى ویستێکى ئەرێنییە، ڕەنگە ڕێگەخۆشکەر بێ بۆ چارەسەر لە ئایندەدا، بەڵام پێموایە لە ئایندەى نزیکدا ئەوە روونەدات، مەگەر دواى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنى نوێى عێراق، کە ڕەنگە ببێتە هۆى دروستبوونى جەوێکى نوێ و سیاسەتوانى نوێ، بتوانن بگەنە ڕێککەوتن سەبارەت بەو کێشانەى کە ئاڵۆزن لە نێوان هەرێمى کوردستان و بەغدا. 

ئەو پێشوازیەى لە نێچیرڤان بارزانى کرا لەلایەن سیاسەتوانەکانى بەغدا، ئەوە ماناى ئەوەیە بە شێوەیەکى ئەرێنى سەیرى کاک نێچیرڤان بارزانى دەکرێ و ویستێکە بۆ کرانەوەى زیاتر. 

ــ وەک خۆت گووتت سەرهەڵدانەوەى ئەم کێشانە لە کاتى پەسندکردنى بودجەدا روودەدات، کەواتە پەیوەندى بەو متمانەیەوە هەیە کە تۆ دەڵێی، زۆر ئەستەمە دروست ببێتەوە لە نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق؟ 

د. عەقیل عەباس: ئێمە رووداوێکى مێژوویى و پێشترمان هەیە کەوا ئەوەیە، بەڕاستى متمانە نییە لە بابەتى پارەدا لەنێوان هەولێر و بەغدا، تەنها لە هەندێ بواردا متمانە و هاوئاهەنگى هەیە وەک بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر بە نموونە. 

ــ چى بکرێت بۆ ئەوەى ئەم متمانەیە دروست بێت؟

د. عەقیل عەباس: یەکەم ئێمە سەرەتا پێویستمان بە پەسندکردنى یاساى نەوت و گازە لە (2007) و (2008)وە، کە ئەو کات دەوڵەتى یاسا و نوورى مالیکى ڕێگەیان گرت لە پەسندکردنى ئەو یاسایە، ئێمە پێویستمان بە زیندووکردنەوەى ئەو یاسایە هەیە لە پەرلەمان و پەسندکردنى، پێموایە ئەم یاسایە هەنگاوێکى گەورە دەبێ بەرەوپێشەوە، بە شێوەیەکى ئەرێنى بۆ دروستکردنى متمانە لە ئاستى دەزگاکان و دامەزراوەکان دا، نەک لە ئاستى کەسایەتییەکان، دەبێ دامەزراوەیى بێ، وە ئەنجوومەنى فیدراڵى هەبێ بۆ پرسەکانى وزە و نوێنەرى هەرێمى کوردستانى تێدا بەشدار بێت، کە هاوکارى دەکات بۆ داڕشتنى سیاسەت و چاودێرکردنى سیاسەتى وزە، هەروەها چاودێرکردنى داهاتى نەوت و بەرهەمهێنانى نەوت و بەرهەمەکانى دیکە لە پارێزگاکانى نەوت.

یاساى نەوت و گاز زۆر گرنگە، ئێمە پێویستمان پێیەتى دەست پێبکەین، هەروەها دەبێ لەئاستى دامەزراوەکان متمانە بونیادبنرێت، نەک لە ئاستى کەسایەتییەکان، لە (2003)وە تاوەکو ئێستا جەخت لەوە دەکرێتەوە کە متمانە لە نێوان کەسایەتییەکان بونیاد بنرێت، بەڵام کێشەکان پێویستیان بە چارەسەرى دامەزراوەییە، وە هەرێمى کوردستان و بەغداش وەکو یەک بەشدارن لەوەدا. 

ــ بەردەوام باس لەوە دەکرێ لایەنە عێراقییەکان و سەرکردە سیاسییەکان دەڵێن دەبێ کێشەکان لە چوارچێوەى عێراقى فیدراڵ چارەسەر بکرێن و هاونیشتیمانیانى کوردستان هاونیشتیمانى عێراقین، بەڵام بەردەوام ساڵانە ئەو کێشانە دووبارە دەبنەوە هۆکارەکەى چییە؟ 

د. عەقیل عەباس: پێموایە هێشتا زۆرینەى سیاسەتمەدارانى عێراق ئاشت نەبوونەتەوە بە شێوەیەکى ڕاستەقینە لەگەڵ بیرۆکەى عێراقى فیدراڵى، ئەمەش تەنها بەرامبەر هەرێم نییە، بەڵکو ئەوان زیاتر لە پەیوەندییەکاندا باوەڕیان بە فیدراڵى هەیە، بەڵام لەگەڵ پارێزگانى دیکە باوەڕییان بەوە نییە، وە کاتێ پارێزگاکانى دیکە داواى بە هەرێم بوونى خۆیان کرد، ڕەتیانکردەوە. 

ــ ئەگەر دواى بیست ساڵ ئاشتنەبنەوە کەواتە چاوەڕێ دەکەن کێ ئاشتیان بکاتەوە؟

د. عەقیل عەباس: کاتێ هەڵسوکەوتى چینى سیاسەتوانان دەگۆڕێ، چینێکى سیاسەتوانانى جیاوازمان هەبێ لەگەڵ ئەم چینەى ئێستا، دەکرێ ئەو کات سەرەتاى چارەسەرییەکان ببینین، هەژدە ساڵ لە شکست دەبێ هەمووان فێرى ئەوە بکات، کە وانەیەکى گرنگى فێرى هەمووان بکات، ئەو ئەزموونەى کە هەیە لە عێراق، رووداوەکان ئاماژەن بۆ ئەوەى ئەو دۆخەى لە هەژدە ساڵى ڕابردوودا هەبووە قبووڵ ناکرێ، وە ناکرێ بەردەوام بێ. 

ــ مەبەستت ئەوەیە بەشێک لە سەرکردە سیاسییەکانى عێراق تا ئێستاش باوەڕیان بە فیدراڵییەت نییە؟

د. عەقیل عەباس: لەو باوەڕدام ئەوان لە نێوان خۆیاندا دژى ئەوەن، سەبارەت بە هەرێمى کوردستان، ئەگەر کاتێک هەولێر و سلێمانى ڕاستەوخۆ لەژێر دەسەڵاتى بەغدا بن ئەوان هەست بە کێشەى گەورە تر دەکەن، ئەوان لە بنەڕەتدا فیدراڵییان قبووڵکردووە بۆ ئەوەى بەرپرسیاریێتى کێشەکان لە ئەستۆى خۆیان لابدەن، نەک لەبەر ئەوەى ئەوان لە دیموکراسى و لامەرکەزیەت و فیدراڵى تێگەیشتوون و باوەڕیان پێى هەیە، جیاوازى هەیە لە نێوان تێگەیشتن لە واتاى فیدراڵى و قبووڵکردنى واتاى فیدراڵى. پێموایە ئەم خراپ تێگەیشتنە سەبارەت بە واتاى فیدراڵى ڕەگى کێشەکە نییە، بەڵکو ڕەگى کێشەکە ئەوەیە کە پەنا بۆ ڕێککەوتنى سیاسى دەبردرێت، بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشانەى لەگەڵ هەرێم دا هەڵپەسێردراون، چونکە ئەو کێشانە بەندن بە قۆناغێکى کاتى و ساڵ بەساڵ دەگۆڕێن، وە دەبێ دووبارە دانوستاندن بکرێ، لێرەشدا کێشەکە هەم کوردییە هەم عەرەبییە، چونکە هەردوولا ئەم چارەسەرە کاتییانەیان دەوێ.

ــ کەواتە دەتەوێت بڵێى ئەم کێشەیە کێشەیەکى بنەڕەتییە لە عێراق، لە سیستەمى حکومڕانى عێراق دایە؟ 

د. عەقیل عەباس: پەیوەندى بە سروشتیى سیستەمى سیاسیى هەولێر و بەغداوە هەیە، پێموایە هەردوولا ئەوەیان نەقۆستەوە و وەبەرهێنانیان تێدا نەکردووە، لە بناغەى دامەزراوەیى بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان، بۆ نموونە تۆ دادگاى فیدراڵییت هەیە لە بەغدا، ئەو دادگا فیدراڵییە لە سەردەمى برێمەرەوە تاوەکو ئێستا کۆدەنگێکى کۆکراوەى نیشتمانى نییە لەم بارەیەوە، وە کورد متمانەى پێى نییە و زۆرێک لە عەرەبەکانیش متمانەیان پێ نییە، ئەوانیش مافى خۆیانە، چونکە بە شێوەیەکى دامەزراوەیى و دەستوورى دروست نەکراوە دوور لە پشک پشکێنەى حیزبەکان، چونکە دادگاى فیدراڵى پشک پشکێنەى تێدایە لەسەر بنەماى تائیفى و حیزبى دامەزراوە، ئەمە سەربەخۆیى خۆى پێ لەدەست دەدات، چونکە بە پێى کۆدەنگى نیشتمانى و جەماوەرى دروست نەبووە، بۆیە ئێمە پێویستمان بە چاکسازییە بە شێوەى ڕیشەیى.

سەرچاوە: رووداو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە