عەبدوڵڵا زەیدى: نێچیرڤان بارزانى بەردەوام خاڵى ناوەڕاستى بە یەکگەیشتنى چارەسەرییەکانە میدیا

نوچەنێت:

نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە ماوەى سەردانییە دوو ڕۆژەکەى بۆ بەغدا، لە (10-4-2021)، چەندین دیدار و چاوپێکەوتنى گرنگى هەبوو لەگەڵ سەرجەم کەسایەتى و هێزە عێراقییەکان، ئەمەیش چەند خوێندنەوە و لێدوانى جیاوازى بە دواى خۆییدا هێنا، هەم لەلایەن ئەندامانى شاندى سەرۆکایەتیى هەرێم وەک بەشداربووى سەرجەم کۆبوونەکانى نێچیرڤان بارزانى لە بەغدا، هەم لەلایەن سەرکردەکانى سەر بە پارت و هێزە عێراقییەکان.

ئەمەى خوارەوە دەقى لێدوان و خوێندنەوەى سێ کەسى دیار و نزیکى ناو کۆبوونەوەکانى سەرۆکى هەرێمى کوردستانن، دەربارەى ناوەڕۆک و ئەنجامى کۆبوونەکانى بەغدا. 

دڵشاد شەهاب، ڕاوێژکارى سەرۆکى هەرێمى کوردستان

لایەنە فەرمییەکان، هەموویان دامەزراوەى فەرمیین، بەڵام با بڵێم لایەنەکانى بەڕێوەبردنى وڵات کە سەرۆکایەتیى کۆمار و سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران و سەرۆکایەتیى باڵاى دادوەرى، هەروەها سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانیش، بێگومان لەوێدا مەبەستێک هەبوو، یەک، دوا پرس کە بەڕێوەچوو بوو پرسى بودجە بوو، ئێستاش ترسێک لاى هاووڵاتییان هەیە ئایا یاساى بودجە جێبەجێ دەکرێت؟ جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان زۆر تاکیدى لەسەر ئەوە کردەوە، ئێمە لە هەرێمى کوردستان وەک چۆن پێشتر حکوومەتى هەرێمى کوردستانیش لە هەموو قۆناغەکاندا ئامادەیى پیشانداوە، دووپاتى ئەوەى کردەوە کە ئێمە نەک نابینە هۆکار لە جێبەجێ نەکردنى، بەڵکو دووپاتى جێبەجێکردنى تێڕاى ئیلتزاماتى هەرێمى کوردستان کردەوە، هەروەکو چۆن چاوەڕوانیشمان هەیە، وە پێداگیریشى لەسەر ئەوەکرد، کە مافەکانى گەلى کوردستانیش لەوەدایە، ئەمەیان تا حەدێکى زۆر پەیوەندار بوو بەو دامەزراوانەوە، هەروەها پرسى ئامادەکارییەکانى هەڵبژاردن. 

بەڵام سەبارەت بە لایەنە سیاسییەکان، تەبعەن پرۆسەى سیاسى لە عێراق عادەتەن وایە کە نزیک دەبیتەوە لە هەڵبژاردن کۆمەڵێک هەڵبەزین و دابەزین هەست پێدەکرێ، وە زۆرجاریش هەرێمى کوردستان وەکو بەشێک لە کێشەکان نیشان دەدرێت، یاخود هەوڵدەدرێت شتێکى وا وێنا بکرێ، بەداخەوە هەندێجار ئێمە بەشێکین لە دیعایەى هەڵبژاردن کە لە ناوەڕاست و خوارووى عێراق، ئەگەر حیزبێک بیەوێ پڕۆپاگەندەى هەڵبژاردن بکات لەسەر حیسابى هەرێمى کوردستان دەیکات، ئەمە هەمووى ڕوونکرایەوە، وە هەموو لایەنەکان بەڕاستى یەکەمجارە من لە جەولەیەکى وا بەرفراوان دا بەشدار ببم، بۆ خۆم وەکو بەشداربوویەک کە هەستمکرد لە پێشبینى من زیاتر بوو ئەوەى کە من بینم، زۆر بە گرنگییەوە سەیرى ڕۆڵى هەرێمى کوردستان دەکەن لە پرۆسەى سیاسى عێراق دا بە شێوەیەکى گشتى.

بەداخەوە هەندێجار بەتایبەتى لە ڕاگەیاندنەکانى خۆماندا یاخود لەو ململانێیە حیزبییە نادروستەى کە هەندێجاران خۆمان هۆکارى ئەوەین پێگەى هەرێم بە لاوازى نیشان دەدەین یاخود وانیشان دەدەین کە بە پێچەوانەوە، ئەمڕۆ کە لەلایەن سەرجەم لایەنەکان، کە لایەنى کاریگەرى تێدا بوون لەڕووى جەماوەرییەوە لەڕووى پێگەى ناو حکوومەتدا یان لە ناو ئەنجوومەنى نوێنەران ئەندامیان هەیە، لە بەڕێوەبردنى وڵاتدا کاریگەرییان هەیە زۆر زۆر بە گەورە سەیرى پێگەى هەرێمى کوردستان و ڕۆڵى جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەکەن لە هێنانە کایەى کەشێکى وا، کە پرۆسەى سیاسى ئیتر بەسە، عێراق (17) ساڵە لە دواى ئازادکردنى هێشتا هاووڵاتییان لە عێراق دا بەدەستى کۆمەڵێک کێشەى سەرەتاییەوە دەناڵێنن.

جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان پرسیارێکى لێکردن زۆر بەڕاشکاوى، کە دەبێ لە سەد ساڵى ڕابردوودا دەرس لە خیلافى ئەگەر بڵێم لەگەڵ کورد و کوردستان هەبووبێ، کە (17) ساڵە عێراق ئازاد بووە هاووڵاتییانى عێراقى بەوە ئیکتفا بکەن ئەم شەڕە سیاسیەى کەوا هەیە و لە هەموو شتێکیش بێبەش بن، بەڕاستى لە دواجاردا هەمووان کۆک بوون لەسەر ئەوەى دەبێ قۆناغێکى نوێ دەست پێبکەن، وە ئامادەیى هەرێمى کوردستانى بۆ بەشدارییەکى کاریگەر لەو قۆناغە نوێیەدا نیشاندا.

عەبدوڵڵا زەیدى سەرکردە لە رەوتى حیکەى نیشتمانى

ئەم سەردانە لە کاتێکى باشدایە، لە ڕاستیدا من ئەوە بە بەهێزى پەیوەندییەکانى دادەنێم، بەتایبەتى لە دواى پەسندکردنى بودجە و چارەسەرکردنى کێشە هەڵپەسێردراوەکان کە چەندن ساڵە بەردەوامن، شتێکى نامۆ نییە شاندێکى باڵاى بێتە ئێرە، بەڵام پێویستمان بە گفتوگۆو لێکتێگەیشتنى زیاترە بۆ یەکخستنى ڕیزەکان و چارەسەرى کێشە هەڵپەسێردراوەکان و دۆزینەوەى چارەسەر و ڕێگەى دیکە بۆ هاوبەشى و هاوکارى، بۆ ئەوەى لە بودجەدا نەچینە ناو کێشە و ململانێ و ناکۆکى دەگاتە ڕاگەیاندن و باسى بکرێ، بۆیە سەردانەکە بە زۆر باش دادەنێین، سەردانى دیکەش پێویستە بە جۆرێک چارەسەرى پێ بێ، بە جۆرێک ڕێگەى دیکە بدۆزێتەوە بۆ ئەوەى نەچینەوە ناو چیرۆکى ناکۆییەکان لەگەڵ پەسندکردنى بودجە لە هەموو ساڵێکدا.

لەم سەردانەدا باسى هاوپەیمانى ناکرێ، بەڵام پێشتر زۆر باسى ئەو پرسەمان کردووە، کە بەشێکى بریتییە لە هاوپەیمانییە سیاسییەکان، لەسەردانییەکانى پێشتریشدا باسى هاوپەیمانیمان لەگەڵدا کردوون هاوپەیمانییەک کە بنەماکەى تائیفیەت نەبێت، ئەوە پێیستى بە گفتوگۆ و قووڵبوونەوە لە گفتوگۆکاندا هەیە، بەڵام من لەو بڕوایەدام کە بەڕێز نێچیرڤان بارزانى بەردەوام خاڵى بە یەکگەیشتنە، دەتوانم ئەوە بڵێم کە بەڕێزیان خاڵى نێوەڕاستى گەیشتنە بە کۆمەڵێک چارەسەر، ئەو خۆى بەردەوام لایەنێکى چارەسەر بوو  نەک لایەنى کێشەکە، بۆیە گرنگ و پێوست بوو کە نێچیرڤان بارزانى بە ئەرکى سەرشانى هەڵساوە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان لە نێوان ناوەند و هەرێم، لەو بڕوایەشدام ئەو بە شارەزایى و توانایى و ئەزموونى قووڵى سیاسى دەتوانێ کێشەکان چارەسەر بکات، لە هەر پێگەیەک بێت چە سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان بێ یان پێگە سیاسییەکەى، ئەوەش وا دەکات لایەنێکى سەرەکى بێت بۆ چارەسەرکردنى کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوان هەردوو.

فەلاح مستەفا ڕاوێژکارى باڵاى سەرۆکى هەرێمى کوردستان

بۆ ئەوەى سەقامگیرى لەە هەموو عێراق هەبێت، بۆ ئەوەى پەیوەندییەکى دروست لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبێ ئەم جۆرە سەردانى و کۆبوونەوانە گرنگ، بۆ تێگەیشتنى ڕاستەوخۆ و تا تێگەیشتنى هاوبەش هەبێ بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان، بۆیە ناکرێ ئێمە تەنها لە هەولێر دانیشین یان ئەوانەى بەغدا تەنها لە بەغدا دانیشن وە کێشە نەبێت، کێشەش دروست دەبێت، خراپ تێگەیشتنیش دروست دەبێ، بەڵام بە بوونى سەردان و کۆبوونەوەى بەردەوام هاوکار دەبێت بۆ نەهێشتنى کێشەکان بۆ تێگەیشتنێکى هاوبەش.

ئەگەر ئێمە هەموومان لە چوار چێوەى عێراق دەژین، بۆ ئەوەى کێشەکانمان لەسەر بنەماى دەستوور چارەسەر بکەین بەو دیلۆگە پێویستە، بۆیە لەم سەردانەدا جەنابى سەرۆکى هەرێم مەبەستى بوو جگە لەلایەنە حکوومى و پەرلەمانییەکان، ئەو لایەنە سیاسییانەش ببینێ کە ڕۆڵیان هەیە لە پەرلەماندا، بۆ نموونە بینیمان لە پڕۆژەیاساى بودجەى عێراق، لە دەربەربازکردنى ئەم یاسایە پێویست بوو کۆدەنگیەک هەبێ لەنێوان لایەنەکان بۆ ئەوەى بتوانن ئەو یاسا دەرباز بێت، وە پرسى دادگاى فیدراڵى و پرسەکانى دیکەش.

جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە هەژدە ساڵ لە دواى رووخانى ڕژێم ئێمە هەمان ئەو کێشانەمان ماونەتەوە، دەستوور دەنگمان پێیدا بەڵام جێبەجێ نەکرا، بۆیە پێوستە هەولێر و بەغدا لە دیالۆگەکى جددى دانیشین، ئەو پرسانەى کەوا هەن دوور لە مجاملات لەسەر مێزى گفتوگۆ دابنین، ڕێگە چارەیان بۆ بدۆزرێنەوە، چوارچێوەیە و نەخشە ڕێگایە بۆ چارەسەر چارەسەرکردنى.

سەرچاوە: رووداو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە