تورکیا دوو ملیار مەتر سێجا غاز هەناردەی سووریا دەکات ئابووری جیهان

نوچە نێت

ئەلپ ئەرسلان بەیرەکتار، وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا ڕایگەیاند، لە ماوەیەکی نزیکدا دووملیار مەتر سێجا غاز بۆ سووریا دەنێرن، بەمەش پێداویستی بەرهەمهێنانی کارەبای ناوچەکانی سووریا دابین دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (22/ئایار/2025) ماڵپەڕی (حووریەت) بڵاویکردەوە، وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا لە سەردانێکیدا بۆ شام لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد بەشیر وەزیری وزەی سووریا ڕایگەیاند، کە چەند پرۆژەیەکی هاوبەشیان بەشێوەی مامناوەند و کورتخایەن و درێژ خایەن لەگەڵ سووریا واژۆکردووە.

وەزیری وزەی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە چوارچێوەی هاوکارییەکانیان بۆ "دابینکردنی پێداویستییەکانی سووریا بۆ کارەبا، لەئێستادا دەمانەوێت نزیکەی هەناردەکردنی کارەبا بۆ سێ هێندە زیاتر بکەین و ئامانجمانە لە چەند مانگی داهاتوو بتوانینن هەزار مێگاوات کارەبا بگەینە ناوچەکانی سووریا."

بەیرەکدار ڕاشیگەیاند، بەمەبەستی دابینکردنی پێداویستەکانی کارەبا چەند کارێکمان کردووە بۆ هەناردەکردنی غازی سروشتی بۆ سووریا و دەشڵێت، "لە نزیکترین کاتدا دەستدەکەین بە هەناردەکردنی غاز بۆ حەلەب و حومس، بڕەکەی زیاد دەکەین بۆ دوو ملیار مەتر سێجا لە ماوەی ساڵێکدا، واتا (1200 -1300) مێگاوات بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای ئەو ناوچانە پێویستە و بەمەش پێداویستی بەرهەمهێنانی کارەبای ناوچەکانی سووریا دابین دەکات."

جێگەی ئاماژە پێدانە، لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا ئاساییکردۆتەوە و لەئێستادا دەستیکردووە بە چەند ڕێککەوتنێکی نوێ لە زۆربەی بوارەکان و تادێت دەیەوێت پێگەی خۆی لەو وڵاتە فراوانتر بکات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین