ئه‌مریكا:  ئه‌نجامى گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ ئێران دیار نییه‌ ئێران

نوچه‌نێت

جیک سۆلیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ٣٠ نیسان گوتویەتی، هەموو لایەنەکانی بەشداربوو لە گفتوگۆکانی ڤیێنا و لەوانە ئێران سەبارەت بە هەڵوەشانەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا و گەڕانەوەی کۆماری ئیسلامیی بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە شێوەیەکی "جدی" سەرقاڵی گفتوگۆن، بەڵام لە ئێستادا دیار نییە ئەنجامی گفتوگۆکان چی دەبێت.

ئەمڕۆ شەممە ١ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی " ڕادیۆ فەردا" بڵاوی کردەوە، سێیەمین خولی کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە بەشداری شاندەکانی ئێران، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ڕووسیا، چین و بەریتانیا لە ڤیێنا پایتەختی نەمسا بەڕێوە دەچێت. شاندەکەی ئەمریکا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لەو گفتوگۆیانەدا بەشدارە.

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە) کۆبوونەوەی ئەو کۆمیسیۆنە بە مەبەستی تاوتوێکردن پێشنیارەکانی سێ لێژنە تایبەتەکەی بواری ئەتۆمی، گەمارۆکان و جێبەجێکردنی بڕیارەکان بەڕێوە بچێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز، جیک سۆلیڤان گوتویەتی: من نامەوێت لە ئێستادا سەبارەت بە ناوەڕۆکی گفتوگۆکان قسە بکەم چونکە ئەو گفتوگۆیانە یەکلایی نەبوونەتەوە. ئێمە دەبینین هەموو لایەنەکان، بە تایبەت ئێرانییەکان، بە شێوەی جدی دەربارەی هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان و شێوازی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنەکە گفتوگۆ دەکەن.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا گوتویشیەتی، بەڵام هێشتا دیار نییە ئایا ئەنجامی گفتوگۆکانی ڤیێنا ڕێککەتن دەبێت یان نا.

بە پێی ڕێککەوتنی ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ی  نێوان ئێران و شەش گەورە وڵاتی جیهان، تاران قەبووڵی کرد دەست لە بەشێکی زۆر لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی خۆی هەڵبگرێت و لە بەرانبەردا، گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی دژی ئەو وڵاتە سڕ بکرێن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لە مانگی ئایاری ٢٠١٧ بە چوونەدەرەوە لەو ڕێککەوتنە خوازیاری ئیمزاکردنی ڕێککەوتنێکی بەربڵاوتر لەگەڵ ئێران بوو کە چالاکییەکانی ئێران لە ناوچە و بەرنامەی مووشەکی ئەو وڵاتەیش لە خۆ بگرێت.

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە مەبەستی ناچارکردنی ئێران بۆ گفتوگۆ لەو بارەوە، سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشاری" لە دژی ئێران گرتەبەر و بە شێوەیەکی بەربڵاو سزا و گەمارۆی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند.

لە بەرانبەردا کۆماری ئیسلامیی خۆی بوارد لە هەر جۆرە گفتوگۆیەک لەگەڵ ترەمپ و وەک وەڵامێک بۆ گەمارۆکان لە ئایاری ساڵی ٢٠١٩وە، واتە لە یەکساڵەی چوونەدەرەوەی دۆناڵد ترەمپ لە ڕێککەوتنەکە، لە چەند قۆناغی جیاوازدا لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی خۆی پاشگەز بووەوە.

ئیدارەی جۆ بایدن ڕایگەیاندووە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنە. بەڵام ئێران ئامادە نەبووە لەو بارەوە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆ بکات. بۆیە شاندەکەی ئەمریکا ئێستا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و لە ڕێگای ئەندامانی تری ڕێککەوتننەکەوە بەشداری ئەو گفتوگۆیانە دەکات.

جیک سۆلیڤان لە درێژەی قسەکانیدا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە نیەت پاکی ئێران لە گفتوگۆکاندا گوتی، ئێرانییەکان بە شێوەی جدی بە مەبەستی گفتوگۆکردن دەربارەی وردەکارییەکان هاتوون و لێژنەکان لە ئێستادا سەرقاڵی گفتوگۆ لەسەر وردەکارییەکانن.

هاوکات لەگەڵ قسەکانی سۆلیڤان، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆک کۆماریی ئێران ڕەوتی گفتوگۆکانی ڤیێنای سەرەڕای هەبوونی هەندێ کێشە و جیاوازی بیروبۆچوون، بە ئەرێنی و جێگای ڕەزامەندی وەسف کرد.

نوێنەری ڕووسیایش کە لەو گفتوگۆیانەدا بەشدارە گوتویەتی، ڕۆژی ڕابردوو لەگەڵ نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری ئێران دیدارێکی "پڕ دەستکەوتی" سەبارەت بە ڕێککەوتنەکە هەبووە.

ڕۆیتەرز دەڵێت، ئەوەی کە کام بەش لە گەمارۆکانی سەر ئێران هەڵبوەشێنەوە و هەر وا ئەو هەنگاوانەی کە پێویستە ئێران و ئەمریکا لە قۆناغە جیاوازەکاندا بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنەکە ئەنجامی بدەن، ئەو خاڵە سەرکیانەن کە زیاترین ناکۆکییان لەسەرە.


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین