گوتەبێژی ئەکپارتی: هیچ کۆبوونەوەیەک لەنێوان هەسەدە و دەسەڵاتدارانی تورکیا ئەنجام نەدراوە هەواڵ

نوچه‌نێت

عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی دادوگەشەپێدان لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی تورکیا و هەسەدە ڕایگەیاند، "هیچ کۆبوونەوەیەک لە نێوان هەسەدە و دەسەڵاتدارانی تورکیا نەكراوە، کۆبوونەوەی تورکیا پەیوەستە بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هەسەدە و حکومەتی سووریا، لەدوای ئەمەش ئەگەری دانوستاندن هەیە."

ئەمڕۆ پێنجشەممە (پێنجی حوزەیران/2025) ماڵپەڕی (بیرگون) بڵاویکردەوە، گوتەبێژی ئەکپارتی لەدوای کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی پارتەکەی لە لێدوانێکدا ڕەتیدەکاتەوە لەگەڵ هەسەدە کۆبووینەوە و گوتی، "بەهیچ شێوەیەک کۆبوونەوەی فەرمی لەنێوان دەسەڵاتدارانی تورکیا و هەسەدە ئەنجام نەدراوە، ئەوەی باسی لێوەدەکەن دوورە لە ڕاستی. ئەگەر هاتوو لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ حکومەتی سووریایان واژۆکردووە و جێبەجێی بکەن ئەوکات دەتوانرێت کۆببینەوە."

چەلیک سەرنجی خستە سەر پشتیوانیەکانی وڵاتە زلهێزەکان بۆ هەسەدە و دەڵێت ، "ئەوان دەڵێن ئێمە دژی ڕێککەوتنی سایکس بیکۆین، بەهۆی ئەوەوە سووریا رووبەڕووی نائارامی بۆتەوە، ئەوان شەڕی بەوەکاڵەت دەکەن و بەڵام بەدوای بەرژەوەندی خۆیانن لە سووریا."

گوتەبێژی ئەکپارتی دەشڵێت، "ئێمە هەرگیز ڕێگە نادەین دەوڵەتی تیرۆر لە سنوورەکانمان دابمەزرێنن، تورکیا تۆمەتبار دەکەن بەوەی دژی دەستکەوتەکانی کوردن لە سووریایە، بەڵام بابەتەکە جیاوازە سەرۆکەکەمان پێشوتریش بە ئەسەدی ڕاگەیاندبوو، دەبێت هاوشێوەی پێکهاتەکانی دیکە ماف بەکوردەکانیش بدرێت."

وتەبێژی ئەکپارتی باسی لەوە کرد، "پرۆسەی ئێستا بریتییە لە چەکدانانی پەکەکە و هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکە پێویستە هەموو گروپە  درێژکراوەکانی لەگەڵیدا هەڵبوەشێتەوە. چونکە هەندێک هێزی دەرەکی پشتیوانی و بە پارەدارکردنی ئەو گروپانە دەکەن هەربۆیەش پێویستە بەسەرکەوتوویی پرۆسەی چەکدانان جێبەجێ بکراێت و بەوشێوەیەی کە تورکیا میکانیزمی بۆ دارشتووە و نامانەوێت لە چەند مانگێک تێپەرێت."

چەلیک لەبارەی کوبوونەوەی پارتەکەی لەگەڵ دەم پارتی ڕاشیگەیاند، "سەردانەکەیان بە باشی هەڵدەسەنگێنین، هەموو پارتێک هەڵسەنگاندنی خۆی هەیە. بەڵام گرینگترین شت ئەوەیە نابێت چەکدانانی پەکەکە زیاتر دوابخرێت، پێویستە پەکەکە سووریا جێبهێڵێت و گروپەکانی دیکەش بەشداری سوپای سووریا بکەن و پێمەش بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی یەکپارچەیی سووریا دەکەین."  

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین