کاریگەرییەکانی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە وەرگێڕان

نوچە نێت: تایبەت

ئا: سنوور یاسین

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، وڵاتەکەمان هێرشی کردووەتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و هێرشەکان بۆ ماوەیەکە و بەردەوام دەبین.

ڕۆژی هەینی (13/حوزەیران/2025) ماڵپەڕی (نیویۆرک تایمز) بڵاویکردەوە، بنیامین ناتەنیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، "هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر دامەزراوەی سەرەکی پیتاندنی ئێران و تواناکانی موشەکی بالیستیکی بەرپرسانی باڵای ئەتۆمی ئێران".

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەشڵێت، ئێمە لە دڵی بەرنامەی پیتاندنی ئەتۆمی ئێرانماندا، زانایانی پێشەنگی ئەتۆمی ئێرانمان کردە ئامانج کە کار لەسەر بۆمبی ئەتۆمی ئێران دەکەن. هەروەها لە دڵی بەرنامەی موشەکی بالیستی ئێرانیشماندا".

بە گوێرەی وتەکانی ناتەنیاهوو، ئامانجەکانی ئیسرائیل لە هێرشە جیاوازەکانی شەوی ڕابردوودا بریتی بووە لە دامەزراوە ئەتۆمییەکان، پاترییەکانی بەرگری ئاسمانی، ماڵ و بارەگای بەرپرسانی باڵا، کۆگاکانی چەک و تاقیگە. هەروەها شەپۆلی یەکەمی هێرشەکە لەسەر بەرپرسە باڵاکانی ئێران بووە.

لە سەرانسەری ئیسرائیل باری نائاسایی ڕاگەیێندراوە و هاووڵاتییان لە پەناگە گشتییەکان و شوێنە سەلامەتەکاندا کۆبوونەوە، ئەگەری زۆرە ئێران وەڵامی هێرشەکلانی ئیسرائیل بداتەوە. وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، "چاوەڕێی ئەوە بکەن ئێران لە وەڵامی هێرشەکانماندا بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشمان بکاتە سەر".

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی دەکاتەوە، "پێویستە بەپەلە هەنگاو بنرێت بۆ نەهێشتنی هەڕەشەی جدی ئێران کە بە دڵنیاییەوە نەهێشتنی بوونی چەکی ئەتۆمییە لە ئێران".

سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ناتەنیاهوو دەڵێت، "هیچ جێگرەوەیەکمان نییە جگە لەوەی بە خێرایی هەنگاو بنێین، ناتوانین ئەم هەڕەشانە بۆ نەوەی داهاتوو بەجێبهێڵین، ئەگەر ئێستا هەنگاو نەنێین بۆ نەوەی داهاتوو مەترسیدارتر دەبێت، ئیسرائیل ڕووبەڕووی ڕۆژانی سەخت دەبێتەوە، بەڵام ڕۆژانی گەورەمان لە پێشە".

دەستەى پەخشی ئیسرائیل دەڵێت، "سوپاى ئیسرائیل (10) بنکەى ئەتۆمیی ئێرانى بە ئامانج گرتووە.

لە لایەکی ترەوە هەر ئەمڕۆ هەینی (13/حوزەیران/2025) ماڵپەڕی (ئێرنا) بڵاویکردەوە، هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕایگەیاند، وەڵامی ئێران مەترسیدار دەبێت، 

سوپا ساڵاری ئێران ئاماژەی بۆ ئەوە کرد پەیامی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ئاشکرا و ڕوونە و بە پێی فەرمانی ڕێبەر، هێزە چەکدارەکان وەڵامێکی مەترسیدارانەی ئیسرائیل دەدەنەوە.

شەوی ڕابردوو ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی سەربازی لە تارانی پایتەختی ئێران و هەروەها شارەکانی دیکەی ئێران دەستپێکرد و ئێران ئەمڕۆ وەڵامی هێرشەکانی ئەم وڵاتەی دایەوە.

کاریگەرییەکانی دوای هێرشەکان

سات بە سات رووداو و پێشهاتی گرنگ و یەک لە دوای یەک دێت بۆ نموونە، چەندین هێڵی ئاسمانی وڵاتان لەوانەش هێڵی ئاسمانی ئیمارات سەرجەم گەشتەکانی بۆ ئێران، عێراق، ئوردن و لوبنان هەڵوەشاندەوەپاککرانەوە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی گەشتیاران و دەستەی فڕۆکەوانان، هەروەها عێراق سەرجەم گەشتەکانی ڕاگرت.

نرخی دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و وڵاتان تا دێت هەڵوێستیان بەرامبەر هێرشەکان ڕادەگەیێنن و بەڵام هێشتا زووە بڕیار لەبارەی هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکان و هەڵوێستەکان بین.

لە دوایین پێشهاتیشدا ئێران بە فەرمی گەڕی شەشەمی دانووستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکای هەڵوەشاندەوە کە بڕیار بوو ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین