ئاشتی ئێران و سعوودیە.. دژوارتر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی وەرگێڕان

نوچه‌نێت

لە ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢ی شوباتی ٢٠١٢وە کە کەسانێک بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بەرانبەر لە سێدارەدانی شێخ باقر نمر پەلاماری باڵوێزخانەی سعوودیە لە تاران و کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە شاری "مەشهەد"یان دا تا ئێستا [نیسانی ٢٠٢١]، پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە گەیشتوونەتە نزمترین و کەمترین ئاستی خۆیان. بەڵام پێدەچێت گۆڕانکارییەک، ئەگەرچی زۆر کەم، لە پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە سەرەکییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دێتە ئاراوە.

ڕۆژی دووشەممە ١٩ی نیسانی ٢٠٢١، ماڵپەڕی "ڕادیۆ زەمانە" ڕاپۆرتێکی لەژێر ناوی "ئاشتی ئێران و سعوودیە، دژوارتر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی" بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی کردووە، ٦٤ مانگ دوای پچڕانی پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیە، ئێستا ئەو دوو وڵاتە کاناڵێکی ناڕاستەوخۆیان بۆ گفتوگۆ دۆزیوەتەوە، که‌ناڵێک کە هەم ئێران و هەم سعوودیە بە شێوەیەکی تایبەت لێی دەڕوان: عێراق. 
ڕۆژنامەی فایننشال تایمز ڕۆژی ١٨ی نیسان لە ڕاپۆرتێکی تایبەت و بە گێڕانەوە لە سێ سەرچاوەوە ڕایگەیاند لە ڕۆژی ٩ی نیساندا شاندە دیپلۆماتکارەکانی ئێران و سعوودیە لە بەغدا پێکەوە دیداریان ئەنجام داوە. گوایە لایەنی سعوودیە مەیلێکی ئەوتۆی نەبووە میدیاکان لەو دانیشتنە ئاگادار ببنەوە چونکە بەرپرسێکی سعوودیە بە شێوەی نافەرمی ڕەتی کردەوە ئەو دیدارە ئەنجام درابێت. بەڵام وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە هەڵوێستێکی لەو بارەوە نەنواندووە. 
لە بەرانبەردا، هەڵوێستی ئێران سەبارەت بەو هەواڵە نیشاندەری ئەوەیە هەندێ گفتوگۆ ئەنجام دراون. سەعید خەتیب زادە، رۆژى دوو شەممە ١٩ی نیسانی ٢٠٢١ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گفتوگۆکان لەگەڵ سعوودیە لە بەغدا، گوتی: "ڕاپۆرتی میدیا و ڕۆژنامەکانمان بینیوە. هەڵبەت هەندێ گێڕانەوەی جیاواز و هەندێ جار لێکدژیش بڵاو کراونەتەوە. ئێران بەردەوام پێشوازی لە گفتوگۆ لەگەڵ پاشایەتی سعوودیە کردووە و ئەو بابەتە لە قازانجی گەلانی هەر دوو وڵات دەبینێت". 
ئەو قسانەی خەتیب زادە دەتوانن بە جۆرێک پشتڕاستکردنەوەی بەڕێوەچوونی ئەو دانیشتنە لە بەغدا بن.

ئێران و سعوودیە، پیاسەکردن لە خاکی پڕبەردەڵانی یەمەن


لەو کاتەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە پچڕاون، باڵاترین ئاستی گفتوگۆی نێوان بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی و سعوودیە پەیوەندی بە بەرێوەچوونی بۆنەی حەجی عومرە و تەمەتوعەوە بووە. بەڵام لە ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵی ڕابردوودا دۆسیەی زۆر کەوتوونەتە سەر مێز و کاریان لەسەر نەکراوە. ئەو دۆسیە بەرفراوانانە بوونەتە هۆی دژوارتربوونەوەی گفتوگۆکانی نێوان هەر دوو وڵات. 


سەرەکیترین گرێی پەیوەندییەکانیان، پرسی یەمەنە. لە ساڵی ٢٠١٥وە سعوودیە هاوپەیمانێتیێکی نیوەهەناسەی لە وڵاتانی عەرەب پێک هێناوە بۆ ئەوەی دووبارە عەبد ڕەبە مەنسور هادی بگەڕێنێتەوە بۆ سەر دەسەڵات. لە بەرەی بەرانبەردا ئێران ڕاوەستاوە و پشتیوانی لە ئەنساروئیسلامی یەمەن دەکات. ئەو گرووپە زەیدی و نزیک لە ئێرانە و سعوودیەکان بەردەوام ڕایانگەیاندووە ڕێگا نادەن دەسەڵاتی یەمەن بە دەستەوە بگرن. دۆخی یەمەن ماوەیەکی زۆرە گەیشتووەتە بنبەست، نە سعوودیە توانای ئەوەی هەیە بەسەر ئێراندا سەرکەوێت و نە ئەنساروئیسلام دەتوانێ هێزەکانی هاوپەیمانان شکست بدات. 
هەر ئەو بنبەستە بووەتە هۆی ئەوەی یەمەن لە شەش ساڵی ڕابردوودا ببێتە شەڕێکی بێ کۆتایی و پڕتێچوو بۆ سعوودیە. لە خاکی یەمەنیشدا ماوەیەکی زۆرە دۆخی مرۆیی خاڵی قەیرانی تێپەڕاندووە و دیمەنی کۆتاییهاتنی شەڕیش بەرچاو ناکەوێت. 
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کە لە شوباتی ٢٠٢١وە دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت، ڕایگەیاند پێویستە سعوودیە کۆتایی بە شەڕی یەمەن بێنێت و ئیتر وڵاتەکەی پشتیوانی لە سعوودیە لەو شەڕەدا ناکات. 
لە لایەکی ترەوە، ئەنساروڵای یەمەن هێدی هێدی دەستیان گەیشتووەتە هەندێ چەک و هەندێ جار دەتوانن لە ڕێگایانەوە ئازاری سعوودیە بدەن. مووشەکە بالستیکەکان و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە بچووکەکان، ڕێوشوێنی بەرگریی حوسییەکان لە بەرانبەر سعوودیەن. سعوودیە دەڵێت ئەو چەکانە و تەکنۆلۆژیای بەرهەمهێنانیان لە لایەن ئێرانەوە ڕادەستی ئەنساروڵا کراوە. ئێران حاشا لەوە دەکات. بەڵام دۆخی هەنوکە بە جۆرێکە ئیتر ناکرێ وێنای ئەوە بکرێ وڵاتێکی تر جگە لە ئێران، ئەو چەک و مووشەک و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانەی دابین کردبێت. 
ئەنساروڵا چەندین جار بەو چەکانە هێرشی کردووەتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئارامکۆ، بنکە سەربازییەکان و دامەزراوە ژێرخانەییەکانی سعوودیە. هەر ئەو هێرشانە بوونەتە هۆی ئەوەی شەڕی یەمەن کە لە دوو ساڵی سەرەتادا بە تەواوەتی لە ناو خاکی یەمەندا بوو، ببێتە شەڕێک کە سنوورەکانی تا ناو خاکی سعوودیەش درێژ کرانەوە. 
شەڕ تەنیا لە ئاسمان و زەمیندا ئەنجام نادرێ، ئەنساروڵا لە دەریا و لە گەرووی باب مەندەب (تێپەڕگەی سەرەکی گواستنەوەی نەوتی سعوودیە کە دەریای سوور دەلکێنێ بە ئوقیانوسی هیندەوە) و لە ڕێگای مینە دەریاییە چێندراوەکانەوە تەنگوچەڵەمەی زۆری بۆ سعوودیه‌ دروست کردووە. سعوودیه‌ دەڵێت ئەو مینانەیش لە ئێرانەوە دێن. 
سعوودیە ماوەیەکی زۆرە هەوڵ دەدات بە شێوەیەکی ئابڕوومەندانە کۆتایی بەو شەڕە بێنێت.  بەڵام ڕێگایەک بۆ کۆتاییهێنانی نادۆزێتەوە. هێشتا لە سعوودیە دەسەڵاتگرتنی حوسییەکان لە یەمەن وەک هێڵی سوور چاوی لێ دەکرێت. دابەشکردنی دەسەڵاتیش هەمیشە وەک بژاردەیەکی گوماناوی لە یەمەن سەیر کراوە. عەلی عەبدوڵا ساڵح، سەرۆک کۆماری پێشووی ئەو وڵاتە کاتێ هەوڵی دۆزینەوەی دەرگایەک بۆ چوونەدەرەوە لە هاوپەیمانێتی لەگەڵ حوسییەکان و دابەشکردنی دەسەڵاتی دەدا، لە کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧دا بە دەستی ئەنساروڵا کوژرا. 
زەوی یەمەن بۆ ئێران و سعوودیه‌، زەوییەکی پڕبەردەڵانە. جگە لەوەی کە جۆگەی خوێن لە ناو گرووپە سیاسییەکانی ئەو وڵاتەدا بەر بووە، دۆسیە چارە نەکراوەکانیش بەرفراوانن: کێ دەسەڵاتی سنوورە هاوبەشەکان لەگەڵ سعوودیە بە دەستەوە دەگرێ؟ مەیدانە نەوتییەکانی مه‌ئره‌ب بە دەست کام گرووپەوە بن؟ نێوان بەندەری حودیدە تا عەدەن کە خاڵی دەستپێکردنی باب مەندەب و کۆتاییەتی کێ کۆنتڕۆڵی دەکات؟ پێویستە گومروکی یەمەن ڕادەستی کام لایەن بکرێت؟ 
ئەو پرسیارانە بەشێکی بچووکن لە ئاڵۆزی قەیرانی یەمەن لە قۆناغی پێش پێکهاتنی حکومەتی گشتگیر. بە شێوەیەکی ئاسایی پرسی پێکهێنانی ئەو جۆرە حکومەتەش بە ئەندازەی ئەو پرسیارانەی سەرەوە دژوارە. بە کورتی ئەو دژوارییە بەو جۆرەیە: پشکی هەر گرووپێک لە کێکی دەسەڵات چەندە و ئەو پشکە لە کام بەشی حکومەتدایە؟

ئیسرائیل، ئاسانترین تەحەدا 


پەیوەندییەکانی نێوان نێوان سعوودیە و ئێران بە ڕادەیەک ئاڵۆزن کە ڕەنگە ئیسرائیل و ڕەوتی "ڕێککەوتنی ئیبراهیم" وەک ئاسانترین تەحەدای زیندووکردنەوەی پەیوەندییەکانیان سەیر بکرێت. سعوودیه‌ و ئێران دەربارەی لوبنان و سووریا، ناکۆکی جدی و بەربڵاویان هەیە. لە سووریا و لوبنان، ساڵانێکی زۆرە ئێران دەستی باڵای هەیە. 
ڕەنگە هیچ لایەنێکی سیاسیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئەندازەی بەرپرسانی لوبنان تامەزرۆی بیستنی هەواڵی پێشکەوتنی گفتوگۆکانی ئێران و سعوودیه‌ نەبێ. قەیرانی سیاسیی و ئابووریی لوبنان، ئەو وڵاتەی بەرەو داڕووخان بردووە. لوبنان چاوەڕوانی دۆلارەکانی سعوودیە و ئاگربەسی سیاسیی لە لایەن ئێرانەوە دەکات. 
سەرەڕای ئەوەی سعوودیە  لە چەند مانگی کۆتایی سەرۆکایەتی ترەمپ، بە نهێنی پشتیوانی لە ڕێککەوتنی ئیبراهیم دەکرد و پێشوازی لە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل کرد، بەڵام هێشتا خۆی هەنگاوێکی ڕاستەوخۆی بۆ ئەو مەبەستە هەڵنەگرتووە. سعوودیە هێشتا بە نەخشە ڕێگای مەلیک عەبدوڵا وەفادار ماوەتەوە کە دەیگوت، بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل پێویستە سەرەتا ئیسرائیل و فەلەستین ڕێککەوتنی ئاشتی ئیمزا بکەن.
عێراق کە لەم ڕۆژانەدا میوانداری لە شاندەکانی سعوودیه‌ و ئێران دەکات، خۆی گرێیەکە لە پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتەدا. سعوودیە دەیەوێت لە ڕێگای سەرمایەگوزاری لە ناوچە سنوورییەکانی لەگەڵ عێراق و دامەزراندنی ناوچەیەکی ئابووریی تایبەت، ببێتە ئەکتەری سەرەکی ئابووری و سیاسیی لە عێراق. ئەو وڵاتە چەند بەرنامەی بۆ دابینکردنی کارەبای عێراق داڕشتووە کە دەتوانێ بەستراوەیی بە کارەبای ئێران کەم بکاتەوە. عێراق دوای چەندین قۆناغ شەڕى دەرەکی و ناوخۆیی تینووی ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانە سەرەکییەکانە.ئێران لە ئێستادا دەسەڵاتی سیاسیی بەغدای تا ڕادەیەکی زۆر گرتووەتە دەست بەڵام توانای ئاوەدانکردنەوەی عێراقی نییە. سعوودیە دەتوانێ وەڵامی ئەو پێداویستییەی عێراق بداتەوە بەڵام بە بێ ئەوەی بەشێک لە دەسەڵاتی بەغدا بەدەست بهێنێ ئەو کارە ناکات. 
جگە ئەوانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێکرا، ئێران و سعوودیە چەندین کێشەی گەورە و بچووکی تریشیان هەیە. هاوکات لەگەڵ گفتوگۆکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی جیهان لە ڤیێنا بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، سعوودیە و ئێران لە چەند مانگی داهاتوودا دەبێ بڕیار بدەن چی لەو دۆسیە گەورە و پڕ لە تەحەدایانە دەکەن. بێجێ نییە ئەگەر بگوترێ، ئەو دوو وڵاتە بۆ ئەوەی لە ئاستی "دوژمنانی ئاشکرای هەرێمی"یەوە بەرەو ئاستی "دوژمنانێک کە گرژییەکانی نێوانیان کۆنتڕۆڵ کراون" و دواتر بەرەو ئاستی "هاوکار" و "دۆست" هەنگاو بنێن، پێویستیان بە ئاستێک گفتوگۆی دیپلۆماتیک هەیە کە ئەگەر گەورەتر لە گفتوگۆ ئەتۆمییەکان نەبن، لانیکەم نابێ لەوە کەمتر بن.

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین