ئەردۆغان: كار لەسەر بەهێزكردنی رێگەی گەشە دەكەین شیکاری

نوچەنێت

وەرگێڕانی: ئیسماعیل تەها

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لە كۆڕبەندی رێڕەوەكانی گواستنەوە لە جیهان گوتی، توركیا كار لەسەر گواستنەوەی توانا جیۆسیاسییەكان دەكات بۆ تایبەتمەندیی ئابووری لە میانەی "ڕێگەی گەشە"وە كە لە عێراقەوە بۆ توركیا دێت.

ئەردۆغان لە بەشێكی دیكەی قسەكانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی كە جارێكی دیكە لەو دۆخە ناخۆشە رێگەكانی بازرگانی جیهان دادەڕێژرێتەوە، لە هەمانكات خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی كە نوێنەری (70) وڵات لەو چالاكیەی كۆڕبەندەكە ئامادەن، هیواشی خواست كە ئەو راوێژ و بڕیارانەی كۆڕبەندی رێڕەوەكان لە ماوەی دوو رۆژ دەیدەن ئەنجامی ئەرێنی هەبێت.

سەرۆكی توركیا لە بەشێكی دیكەی قسەكانی دەڵێت، هیوادارین دەرفەتتان هەبێت گفتوگۆ بكەن لەسەر زۆربەی دەرفەتەكانی هەماهەنگی لە رێگەی سنوورەكان و هەنگاوەكانی گۆڕانكاری ژمارەیی و وەبەرهێنان لە ژێرخان و بەندەرەكان هەماهەنگی لە پڕۆسەی گواستنەوە لە چوارچێوەی ئەو كۆڕبەندە.

سەبارەت بەو كۆڕبەندەش ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، ئەو كۆڕبەندە مینبەرێكی گرنگە تێیدا دید و توانای پێشەنگیی توركیا لە بواری گواستنەوە بۆ هەموو جیهان دەردەخات.

رێگەی گەشە

سەبارەت بە كاریگەری رێگەی گەشە لەسەر بەرهەمێنان ئەردۆغان دەڵێت، كاریگەرییەكان لە ماوەی (10) ساڵ (50) ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت، چاوەڕوان دەكرێت ساڵانە (63) هەزار دەرفەتی كار دابین بكات، ئەو توانا جیۆسیاسییە دەبێتە تایبەتمەندییەكی ئابووریی گشتگیر لە میانەی رێگەی گەشەوە سوودەكەی بۆ هەموو ناوچەكە دەبێت.

بایەخی رێڕەوە ئارامەكان

سەرۆك كۆماری توركیا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە ئاڵۆزییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆخی ناروونی گەرووی هورمز و بوارەكانی ئاتۆچۆی ئاسمانی بایەخی رێڕەوە ئارامەكانی بۆ دەرخستین، چونكە بایەخی هێڵەكانی گواستنەوەی لۆجستی ئاسانكاری بۆ جووڵەی هاووڵاتیان و كاڵاكان لە جیهانی ئابووری رۆژلەدوای رۆژ زیاد دەكەن، ئەو وڵاتانەی تواناكانیان لە بواری ئابووری بەهێز دەكەن تەنیا بەشدارنین لە بووژانەوە، بەڵكوو گەشەی كلتووریی و زانستیش بەهێز دەكەن.

ئەردۆغان لە بەشێكی دیكەی قسەكانی گوتی، ئەوە پاڵنەری سەرەكی پشت وەبەرهێنانە گەورەكانی توركیا لە رێگە وشكانی و ئاسمانی و دەریاییەكان، لە پاڵ ئەوەش هێڵەكانی پەیوەندیی و وزەشمان هەیە، بەتایبەت لە (22) ساڵی رابردوو، لە سەردەمی حكومەتی ئێمە بەبڕی نزیكەی (300) ملیار دۆلارمان وەبەرهێنان لەژێرخانی گواستنەوە و پەیوەندییەكان كردووە، (177) ملیار دۆلارمان لە رێگەی خێرا خەرج كردووە، هەروەها (64) ملیار دۆلارمان لە رێگەی ئاسنی و (25) ملیار دۆلارمان لە هێڵی ئاسمانی خەرج كردووە، چوار ملیار دۆلار بۆ گواستنەوەەی و دەریایی و (25) ملیار دۆلارمان بۆ ژێرخانی پەیوەندییەكان خەرج كردووە.

دەربارەی كاریگەرییەكانی ئەو وەبەرهێنانە ئەردۆغان جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كاریگەرییەكانی گەیشتۆتە (65) ترلیۆن دۆلار، بەهۆی وەبەرهێنانەكانەمان لە گواستنەوە، پشكی بەكارهێنانمان بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، كاریگەری لەسەر چەندین كەرت هەبوو، لە پیشەسازییەوە تا دەگات بە هەناردە، لە گەشتوگوزارەوە بۆ خزمەتگوزاریی لۆجستی.

رێڕەوەكانی ناوەراست

ئەردۆغان لە وتارەكەی ئاماژە بەوەش دەكات، كە چاوەڕوان دەكرێت قەبارەی بازرگانی لە رێڕەوەی ناوەڕاست و هێڵی ئاسنی كە لە رێگەی توركیاوە ئەوروپا بە ئاسیا دەبەستێتەوە بڕەكەی بگاتە (75) ملیار دۆلار. هەروەها رێڕەوی ناوەڕاست لە چینەوە بۆ ئەوروپا (21) وڵات بەو هێڵە دەبەستێتەوە، توانای گواستنەوەی دوو ئەوەندە خێراتر كردووە بەراورد بە رێگەی دەریایی، چوار ئەوەندەی ئاسمانی ئابووریترە.

دەربارەی رێگەی گەشە ئەردۆغان دەڵێت، ئەو پڕۆژە وەك زیندووكردنەوەی رێگەی ئاوریشمە، بەگەڕخستنەوەی هێڵی ئاسنی باكۆ ــ تەبلیس ــ قارس كۆڵگەیە بۆ رێڕەوەی ناوەڕاست، بەردەوام دەبین لە پەرەپێدانی ئەو پڕۆژە گەورە بە شێوەیەكی زیاتر، چ لە چوارچێوەی دووقۆڵی، یاخود لە  مینبەرەكانی وەك رێكخراوی وڵاتانی توركی، هەموو ئەو دەستپێشخەریانە لە رێگەی هەوڵەكانمانە لەگەڵ رێڕەوی ناوەڕاست و رێگەی ئاوریشمی كە چین جێبەجێی دەكات.

ئەردۆغان دەشڵێت، رێڕەوی ناوەند جێگرەوەی رێڕەوی باكوورە كە پەیوەندی نێوان چین و ئەوروپا بەردەوام لە خاكی توركیاوە بۆ ناوچەی قەوقاز دەپەڕێتەوە، لەوێوە دەپەڕێتەوە بۆ دەریای قەزوین و توركمانستان و كازاخستان تا دەگاتە چین، رێڕەوی ناوەند لە نێوان سێ رێڕەوە بۆ بازرگانی جیهانی، لە چینەوە بۆ ئەوروپا دەست پێدەكات، یەكەم رێڕەوی باكوور لە رێگەی رووسیاوە، باشوور لە رێگەی ئێران، رێڕەوی ئاوی لە رێگەی كەناڵی سوێس.

درێژیی رێڕەوی ناوەند چوار هەزار و (256) كیلۆمەترە، وشكانی و هێڵی ئاسنییە، جگە لەوەش (508) كیلۆمەتر لە رێگەی دەریاوەیە.

فڕۆكەخانەكان

سەبارەت بە فڕۆكەخان ئەردۆغان ئاماژە بەوە دەكات لە (2002) توركیا خاوەنی (26) فڕۆكەخانە بوو، لەو كاتەوە تاوەكوو ئێستا بۆتە خاوەنی (58) فڕۆكەخانە، هێلە ئاسمانییەكان لە (60) هێڵەوە لە هەموو جیهان گەیشتە (353) هێڵ، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئیستەبۆڵ یەكێكە لە پڕۆژەكانی توركیا، لە پێنج مانگی یەكەمی ئەمساڵ (32) ملیۆن كەس ئەو فڕۆكەخانەیان بۆ گشتكردن بەكارهێناوە

سەرچاوە: ماڵپەڕی ئەنادۆڵ

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین