کۆتایی خولی سێیەمی گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی جیهان

نوچه‌نێت

ئێوارەی ڕۆژی شەممە یه‌كی ئایاری ٢٠٢١، خولی سێیەمی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و وڵاتانی ٤+١ لە ڤیێنا لە کاتێکدا کۆتاییان پێهات کە نوێنەری ئێران لەو کۆبوونەوانەدا، ڕایگەیاند لە چەند بوارێکدا چوونەتە قۆناغی نووسینی دەقی ڕێککەوتنەکان.

ئاژانسی هەواڵی "یۆرۆنیوز" بڵاوی کردووەتەوە، عەباس عەراقچی، سەرۆکی شاندی دیپلۆماتکاری ئێران لە گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ڤیێنا چەند خولەکێک دوای کۆتاییهاتنی خولی سێیەمی گفتوگۆکانی ڤیێنا وێرای ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە ئاشکرای کرد لایەنە بەشداربووەکانی ئەو گفتوگۆیانە لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتوون و هێشتا هەندێ ناکۆکیش لە بوارەکانی تردا لە ئارادان.

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران لە درێژەدا گوتی، "دەتوانێم بڵێم باسەکان هەم لەو بوارانەدا کە جیاوازی بیروبۆچوون هەیە و هەم لەو بوارانەدا کە هاودەنگی و ڕێککەوتن هەیە پێگەیشتوون. باسەکان ڕوونتر، مەوداکان وردتر و جیاوازییەکان شەفافترن. ئێمە هەم لە بواری چالاکییە ئەتۆمییەکان و هەم لە بواری گەمارۆکان هەندێ تێبینی ورد و تەکنیکیمان هەن و پێویستە باس و گفتوگۆی زیاتریان لەسەر بکرێ".

دیپلۆماتکاری باڵای ئێران لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا پشتڕاستی کردەوە لە چەند بوارێکدا کاری نووسینی دەق دەستی پێکردووە، عەراقچی لەو بارەوە گوتی: " لە چەند بوارێکدا چووینەتە ناو نووسینی دەق و ئەوەش قۆناغێکە کە کارەکان بە هێواشی دەچنە پێش. کار لەسەر دەق پێویستی بە وردبینییە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هێشتا لەسەر هەندێ بابەت ناکۆکی هەیە کار بە هێواشی دەچێتە پێش. هاوکات ڕەوتەکە بەرەو پێشکەوتنە".

هەروەها هەندێ لە میدیاکانی ئێران و لەوانە "فارس" بە گێڕانەوە لە عەراقچی نووسیویانە: ڕێککەوتن کراوە بۆ سڕینەوەی ناوی زۆربەی ئەو کەسایەتی و تاک و دامەزراوانە کە کەوتوونەتە لیستی گەمارۆکان.

ئەو لێدوانانە لە کاتێکدان کە هەندێ لە هەواڵنێران کە لە ڤێیان ئامادەن، بەیانی ڕۆژی شەممە هەواڵی کۆبوونەوەی لایەنە ئەوروپییەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و نوێنەرانی چین و ڕووسیا لەگەڵ شاندی ئەمریکایان بە مەبەستی پێشخستنی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە یەکێک لە بینا حکومییەکانی شاری ڤیێنا ڕاگەیاندبوو.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، دوای کۆتاییهاتنی خولی سێیەمی گفتوگۆکانی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بە گێڕانەوە لە سەرچاوەیەکی ئەورووپی ڕایگەیاند: سەرەڕای هەوڵی زۆر و کاتی کەم، بەڵام هێشتا سەبارەت بە دژوارترین پرسەکان لێکتێگەیشتنێک لە ئارادا نییە.

لە لایەکی ترەوە هەواڵنێریی فەرەنسا وێرای ئاماژە کردن بە کاردانەوە جیاوازەکانی شاندەکانی بەشداربووی گفتوگۆکان، بە گێڕانەوە لە شاندی ڕووسیا نووسی: هەموو لایەنەکان بە هیوای ئەوەی تا سێ هەفتەی داهاتوو گفتوگۆکان بە ئەنجام بگەن، داوایان کردووە گفتوگۆکان خێراتر ببنەوە.

لە لایەکی ترەوە سێ وڵاتی ئەورووپی لایەنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی وێرای ئاماژە کردن بەوەی کە کات کەم و ئەو پرسانەی کە دەبێ قسەیان لەسەر بکرێ زۆرن، هیوایان خواست لە هەفتەی داهاتوودا گفتوگۆکان خێراتر ببنەوە.

ئەنریکە مورا، جێگری سیاسیی جوزپ بورل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا وێرای ئاماژە کردن بە پێشکەوتنەکان لە خولی سێیەمی گفتوگۆکاندا، جەختی کردووەتەوە کە ئەو خولەی گفتوگۆکان دژواتر بوون.

سەرەڕای ئەوە میخاییل ئولیانۆف باڵیۆز و نوێنەری ڕووسیا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڤیێنا وێرای دەربڕینی گەشبینی دەربارەی گفتوگۆکان، جەختی کردەوە لایەنە بەشداربووەکان لە گفتوگۆکان سوورن لەسەر ئەوەی لە ماوەی سێ هەفتەی داهاتوودا گفتوگۆکان بە ئەنجام بگەن.

هەواڵنێری فەرمی ئێران وێرای ئاماژەکردن بە کۆتاییهاتنی خولی سێیەمی گفتوگۆکان و ئەوەی کە ئەندامانی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەینی داهاتوو خولی نوێی گفتوگۆکان دەست پێ دەکەنەوە لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی: لایەنە بەشداربووەکانی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی شەممە لە ڤیێنا دوایین دۆخی گفتوگۆکانی لیژەنە تایبەتەکانیان سەبارەت بە بەڵێنەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و ڕێوشوێنەکانی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان تاوتوێ کردووە.

هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆ و سزاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دژی ئێران و هەروەها گەڕانەوەی ئێران و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی لە چوارچێوە ڕێککەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٥دا، سەرەکیترین تەوەرەکانی کۆبوونەوەکانی ئەمجارەن و هێشتا ڕێککەوتنێکی ئاشکرا و دیار سەبارەت بەو بابەتانە نەهاتووەتە ئاراوە.

هەندێ لە شرۆڤەکاران لەو بڕوایەدان واشنتۆن سەرقاڵی هەڵوەشاندنەوەی بەشێکی زۆر لە گەمارۆکانی سەر ئێرانە بۆ ئەوەی تاران بە خێرایی دەست لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی هەڵبگرێت و بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ بکاتەوە.

ڕۆبێرت مالی بەرپرسی دۆسیه‌ى ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆکی شاندەکەی ئەمریکا لە ڤیێنا، پێشتر ڕایگەیاندبوو وڵاتەکەی دەیەوێت هەندێ لە گەمارۆکان کە پێچەوانەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەن هەڵبوەشێنێتەوە بەڵام بەرپرسانی ئێران هێشتا جەخت لەوە دەکەنەوە کە بە بێ هەڵوەشاندنەوەی هەموو گەمارۆکان هیچ گفتوگۆیەک لە نێوان تاران- واشنتۆن ئەنجام نادرێت.

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین