محەمەد ئەمین پێنجوێنی: لە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا هەڵوێستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كوردانە و نیشتیمانیە کوردستانی

نوچەنێت

محەمەد ئەمین پێنجوێنی، كەسایەتی نزیك لە پارتی رێكاران ئاشكرای دەكات كە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی رۆڵی زۆر گرنگ و سەرەكی لە پڕۆسەكانی ئاشتی لە توركیا هەبووە، لە بەشێكی قسەكانەی دەڵێت، " هەڵوێستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کوردانە و نیشتمانییە، داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم بەردەوام بێت لە پاڵپشتی ئەم پڕۆسەیە"

محەمەد پێنجوێنی لە دیمانەیەكی كەناڵی رووداو سەبارەت بە هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتی، رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی، زۆر گرنگ و ئەساسی بوو لە پڕۆسەی ئاشتی پێشووتر و ئێستاشدا. لە پڕۆسەی ئاشتی پێشوودا کە خۆم ئاگام لێبوو، نزیکەی شەش بۆ حەوت مانگی خایاند و پەکەکە و تورکیا زۆر بە باشی هاتنەپێش بۆ فەراهەمکردنی پڕۆسەیەکی ئاشتی و رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانیش ئەوەبوو کە لە قۆناخێکدا پڕۆسەکە راوەستا. ئەو کاتە مام جەلال هاوئاهەنگی لەگەڵم هەبوو و پێی گوتم بۆچی پڕۆسەکە راوەستا؟ گوتم لەبەر ئەوەی برادەرانی قەندیل کە دەمبینین، داوایان دەکرد ئەم پڕۆسەیە لە ئیمراڵییەوە لای ئۆجەلانەوە دەستپێبکات؛ دەوڵەتی تورکیاش دەیویست ئۆجەلان پەراوێز بخات. کاک نێچیرڤانیش لێی پرسیم و هەمان وەڵامم دایەوە، ئیدی گوتی من ئەوە چارەسەر دەکەم. ئەوە بوو چوو بۆ تورکیا، ئەردۆغانی بینی و (کێشەکە) چارەسەرکرا و ئەو گرێکوێرەیە کە خەریک بوو پڕۆسەکە تێک بدات، کاک نێچیرڤان رۆڵی هەبوو لە چارەسەری ئەو کێشە و گرێکوێرەیەدا. بەم دواییەش جەنابی کاک نێچیرڤانم بینی کە ئەم پڕۆسەیە دەستیپێکرد، تەنانەت رۆژانی کۆنگرە و پێش کۆنگرە، پێی گوتم بە برادەرانی قەندیل بڵێ، من دەچم بۆ ئەنقەرە و ئەردۆغان، هاکان فیدان و ئیبراهیم کاڵن دەبینم کە دۆسیەی کورد و پڕۆسەکە لای ئەوانە، چییان دەوێ، چ داواکاری و پێشنیازێکیان هەیە با پێیان بڵێم. منیش چوومە لای برادەرانی قەندیل و ئاگادارم کردنەوە کە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وادەڵێت. ئەوانیش بۆچوونی خۆیان گوت و بە تەلەفۆن بە جەنابی سەرۆکی هەرێمم گوت و ئەویش کە چووە ئەنقەرە، هەموویانی بینیوە. خاڵێکی دیکە بۆ مێژوو دەیڵێم، هەرکاتێک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆک و دەسەڵاتدارانی تورکیای بینیبێ، چ ئەردۆغان یان هاکان فیدان یان ئیبراهیم کاڵن بووبێ، ئەوا لەبارەی کێشەی کورد و چارەسەری کێشەی کورد قسەی کردووە، دواتریش منی ئاگادارکردوەتەوە و منیش برادەرانی قەندیلم ئاگادار کردوەتەوە. لە ماوەی پڕۆسەیەی پێشووی ئاشتی لە (2010 تاوەکو 2015) کە من جەنابی کاک نێچیرڤانم دەبینی، ئەوەی من تێگەیشتم لە فکرەی کاک نێچیرڤان ئەوەیە، ئەم جووڵانەوەیە کە ناوی پەکەکەیە، ئەم هێزە چەکدارەی گەریلا کە لە چیان و شەڕ دەکەن، بەرگری لە ناسنامەی 20 ملیۆن کورد دەکەن، ئەمە قسەی کاک نێچیرڤانە کە خۆم لێم بیستووە. ئێمەش کە کوردین و کوردایەتیمان کردووە، بنەماڵەی بارزانی کە هەزاران شەهیدی لە پێناوی کوردایەتی داوە، چۆن دەتوانین دژی ئەوانە ئیش بکەین یان دژیان بین؟ ئەوە چەندین جار کاک نێچیرڤان پێی گوتووم؛ جارێکیش جەنابی کاک مەسعودیش پێی گوتم، پێیان بڵێ کە دەستوەردان لە سیاسەتی باشووری کوردستان نەکەن، ئێمە هیچمان لەوان ناوێت. لە هەمان کاتدا، ئەمە بۆ مێژوو دەڵێم، هەرکاتێک کاک نێچیرڤان بەڕێز ئەردۆغانی بینیبێ، لەبارەی چارەسەری کێشەی کورد قسەی لەگەڵ کردووە و چی لەگەڵیان گوتبێت و ئەوانیش چییان گوتبێت بە منی گوتووە و منیش گەیاندوومەتە قەندیل. کاک نێچیرڤان لە هەردوو پڕۆسەی ئاشتی پێشوو و ئێستادا رۆڵی زۆر مرۆیی، کاریگەر و گەورەی هەبووە.
پێنجوێنی لە بەشێكی دیكەی قسەكانی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە و دەڵێت،  وەکو گوتم، کاک نێچیرڤان رۆڵی هەبوو. لە پڕۆسەی ئاشتی کاک نێچیرڤان و خوالێخۆشبوو مام جەلال رۆڵیان هەبوو. ئەم پڕۆسەیەش کە لە مانگی چواری پار دەستیپێکرد، جاروبار کاک نێچیرڤان پەیوەندیی پێوە کردووم و هەر شتێکی بە باش زانیبێت بۆ پێشخستنی پڕۆسەکە، بە منی گوتووە و منیش بە برادەرانی قەندیلم گوتووە. ئەمە راستییەکی مێژووییە و حەز دەکەم هەموو گەلی کورد بیزانێت.
سەبارەت بە هەوڵەكانیشی محەممەد ئەمین پێنجوێنی: هەڵوێستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کوردانە و نیشتمانییە وەسف دەكات و دەڵێت، داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم بەردەوام بێت لە پاڵپشتی ئەم پڕۆسەیە، هەوڵیش بدا لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان کە لەم ماوەیەدا سەربەست دەبێت، چونکە وا بڕیارە هەر لە ئیمراڵی خانوویەکی بۆ بکەن و ستافێک لەوانەی کە لەدەوروبەرین لە دامەزرێنەرانی پەکەکە و سزادراون بە لەسێدارەدان، کۆیان دەکاتەوە و نووسینگەیەک دروست دەکات، بڕیارە رێگەبدرێت خەڵک بچێتەلای و بتوانێت میدیاکان ببینێت، بۆیە داوام لە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، پەیوەندی بە بەڕێز ئۆجەلانەوە بکات، چونکە لە تەلەفۆنەکەی پێشووی کە بۆ منی کرد، بەڕێز ئۆجەلان ئاگادارە، بۆیە حەز دەکەم خۆیشی لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان قسە بکات و رۆڵی خۆی جارێکی دیکە ببینێتەوە؛ هەروەها داواکارم لەگەڵ ئەردۆغان، باخچەلی و هاکان فیدان قسە بکاتەوە کە دۆسیەکە لای ئەوانە، رەنگە لە ماوەیەکی نزیکدا کۆمیسیۆنێکی فراوان لە سەرجەم لایەنەکانی پەرلەمانی تورکیا دروست بکرێت، دەم پارتی رۆڵی سەرەکی دەبێت و چەند خاڵێکی خستووەتەڕوو بۆ دەستکاریکردنی دەستوور و چارەسەری کۆتایی پرسی کورد، بۆیە حەزدەکەم جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو کۆمیسیۆنەش قسەبکات و پێشنیازەکانی بخاتەڕوو، ئەوەش رۆڵێکی مێژوویی گەورەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە  تورکیا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە