دەم پارتی: چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکرێت تورکیە

نوچە نێت

ئۆزتورک تورکدۆغان پەرلەمانتاری دەم پارتی رایگەیاند، "دڵنیاین لەدوای لێکوڵینەوە لە لایەن دادگای باڵای تاوانەکانی ئەنقەرە، هەفتەی داهاتوو بەرێز دەمیرتاش ئازاد بکرێت."

ئەمڕۆ شەممە (12/تەمووز/2025) ماڵپەڕی (جمهوریەت) بڵاویکردەوە، دادگای مافی مرۆڤ دووبارە لە (8)ـی تەمووزی (2025) دەستگیرکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پیشووی هەدەپەی بە سەرپێچی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن تورکیایەوە ناوبرد.

دەم پارتی دەستی بەهەوڵەکانی کرد بۆ ئازادکردنی هەریەک لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە، هەفتەی رابردوو داواکاری پێشکەش بە دادگای باڵای تاوانەکانی ئەنقەرە کرد بۆ ئازادکردنیان.

پەرلەمانتاری دەم پارتی سەبارەت بە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دەڵێت، "ڕاستەوخۆ ئاماژە بە دۆسیەی دەمیرتاش کراوە کە بەنارەوا دەستگیرکراوە و دەبێت دادگا بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەربکات، دڵنیاین لەدوای لێکوڵینەوەی پێویست پێشبینی دەکەین هەفتەی داهاتوو دەمیرتاش ئازاد بکرێت کە لەئێستادا بە هۆی دۆسیەی کۆبانی لە زیندانی ئەدیرنە دەستگیرکراوە."

جێگەی ئاماژە پێدانە، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئازانسی (T24)، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە لەدوای ڕێورەسمی چەکدانانی پەکەکە پەیوەندی بە پارێزەری سەڵاحەدین دەمیرتاش کردووە پەیامێکی بۆی ناردووە. لە پەیامەکەی باخچەلیدا هاتووە، "بەشداریکردن و ئامادەبوونت لەم پرۆسەیە تاوەکو گەیشتینە ئەو ئەنجامە، جێگەی رێز و سووپاسە. بەوهۆیەشەوە خۆشحاڵدەبم سوپاسی خۆمت بۆ بگەینم."

لەدوای گەیاندنی پەیامی باخچەلی بە دەمیرتاش لە لایەن پارێزەرەکەیەوە، ئەمیش لە بەرامبەرد پەیامێکی بە دەستنووسی خۆی ئاراستەی سەرۆکی مەهەپە کردووە و سڵاو سوپاسی خۆی پێگەیاندووە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین