دەم پارتی ڕەتیدەکاتەوە هاوپەیمانی لەگەڵ ئەکپارتی و مەهەپە پێکبهێنن شیکاری

نوچەنێت

ئامادەكردنی: دنیا ئەحمەد

لەدوای چەکدانانی پەکەکە رەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند، "ئێمە وەک ئەکپارتی، مەهەپە و دەم پارتی بڕیارماندا ئەم ڕێگایە ببڕین." لەدوای ئەو لێدوانە دەم پارتی رەخنەی زۆری ئاراستەکرا بەگومانی ئەوەی هاوپەیمانی لەگەڵ دەسەڵات پێکدەهێنن، پەروین بوڵدان رایگەیاند، "بابەتەکە بەلارێدا مەبەن، ئەم هاوپەیمانییە هاوپەیمانی پرۆسەی ئاشتییە."

ئەمڕۆ یەکشەممە (13/تەمووز/2025) ماڵپەڕی (Halk) بڵاویکردەوە، پەروین بوڵدان جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی شاندی ئیمراڵی سەبارەت بە ئەگەری بەشداریکردنیان لە هاوپەیمانی جمهور بەتایبەت لەدوای لێدوانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، "بەگشتی هەڵوێستی حکومەت بنیاتنەر و گشتگیرە بۆ یەکمجارە بەجددی پرۆسەکە لەباوەش دەگیرێت، لێداونەکەی سەرۆک کۆمار بەلای ئێمەوە زۆر گرینگ و بە نرخە، بەتایبەت پەیامی گرینگی لەبارەی پرۆسەکە و ئەو هەنگاوانەی لەداهاتوو دەنرێت رایگەیاند."

بوڵدان رەتیدەکاتەوە جگە لەچوارچێوەی پرۆسەکە هاوپەیمانیان لەگەڵ ئەکپارتی و مەهەپە پێکهێنابێ و دەڵێت، "بابەتەکە بەلارێدامەبەن، ئەم هاوپەیمانییە هاوپەیمانی پرۆسەکەیە، جێگەی قبووڵکردن نییە وەک هاوپەیمانیەکی دیکە سەیر بکرێت، رێگە و ئامانجی ئێمە ڕوون و ئاشکرایە."

ئەندامی شاندی ئیمراڵی دەشڵێت، "ئێمە راستەوخۆ وەک دەم پارتی لەگەڵ هاوپەیمانی جمهور بەشدارین لەنێو پرۆسەکە و ئێمە راستەوخۆ یەکێکین لە لایەنی سەرەکی پرۆسەکە. بێگومان بەشداریشمان لە هاوپەیمانێکی لەمشێوەیە مانادارە، هەربۆیەش ئەو پەیامەی بەرێز ئەردۆغان ئاماژەیەک بوو بۆ یەکگرتووی هاوپەیمانییەکەمان لەسەر بنەمای پرۆسەی چارەسەری ئاشتی لە تورکیا."

هەرچەندە دەم پارتی ڕەتیدەکاتەوە لە چوارچێوەی پرۆسەکە هیچ پەیوەندییان بە هاوپەیمانی لەگەڵ ئەکپارتی و مەهەپە هەبێت، بەڵام جەهەپە کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە گومانی هەیە لە وتارەکەی ئەردۆغان.

ئۆزگور ئۆزەڵ سەرۆکی گشتی جەهەپە لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، "ئەو چەترێک دروست دەکات، لەنێویدا هیچ هۆشیارییەکی مەدەنی نابێت بەڵکو نیشتیمانپەروەرانە دەبێت، ئەوان بەردەوام دەبن لە هاوپەیمانییەکەیان و هاوپەیمانییەکی نوێش پێکدەهێنن، ئێمە رێگریمان نییە لە نیشتیمان پەروەرییان بەڵام چۆن لە هەڵبژاردنی رابردوو هاوپەیمانیەکەیانمان تێکشکاند بەهەمان شێوە لە هەڵبژاردنی داهاتوو شکستیان پێدەهێنیین. لێرەدا داوا لە هەموو ئەندامانمان دەکەم بێرێزی بەهیچ لایەنێک نەکەن، هەروەها نەترسن لە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نوێ."

سەرۆکی گشتی جەهەپە پشتیوانی خۆی بۆ بەردەوامی پرۆسەکە دووپات کردەوە و گوتی، "ئێمە وەک پارتێک چەندین ساڵە دژی تیرۆرین، هەم پشتیوانی تورکیایەکی بێ تیرۆر و هەم تورکیایەکی دیموکراسی دەکەین. هەوڵەکانمان بۆ بەدیهێنانی دیموکراسییە." 

لە لایەكی دیكەوە ماڵپەڕی سەبارەت بەو لێدوانەی ئەردۆغان کە گوایە هاوپەیمانییەکی نوێ پێکدەهێنن ماڵپەڕی (بیرگون) ئاماژەی بەوەکردووە، لەدوای هەڵبژاردنەکانی ناوخۆ و سەرۆکایەتی تورکیا ئەردۆغان بەباشی تێگەیشتووە هیچ دەرفەتێکی لەدەستنەماوە بە گەرانەوەی متمانەی هاووڵاتیانی. 

لەلایەکی دیکە زۆرێک لە راپرسیەکان دەردەکەوێت پارتەکەی بەرامبەر رکابەرەکانی دەنگێکی زۆری لە لایەن دەنگدەرانی لەدەستداوە، هەربۆیەش بەچڕی ئۆپەراسیۆنێکی بەرامبەر بە نەیارەکانی دەست پێکردووە بەتایبەت دەستگیرکردنی سەرۆکی شارەوانییەکانی جەهەپە و دانانی قەیووم لەشوێنیان و دەستگیرکردنی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن، جگە لەمەش هەموو هەوڵێک دەدات بۆ راکێشانی پارتە بچووکەکان بۆ نێو هاوپەیمانییەکەیان بۆئەوەی درزێک لەنێو ئۆپۆزسیۆن دروست بکات، هەروەها لەدوای ئەوەی لەوتارەکەی دوای چەکدانانی پەکەکە ئاماژەیەکی ڕوون بوو بۆ دامەزراندنی هاوپەیمانییەکی نوێ.

سەرەرای سەرهەڵدانی ئەو گومانانە بۆ هاوپەیمانێکی نوێ لە نێوان حکومەت و کورد، عومەر چەلیک گوتەبێژی ئەکپارتی ئەمڕۆ رایگەیاند، "وتارەکەی سەرۆک کۆمارمان پەیوەستە بە پرۆسەکە، ئەو هاوپەیمانییەی هەیە تەنیا لەپێناو بەردەوامی و جێبەجێکردنی پرۆسەی تورکیایەکی بێ تیرۆرە."   

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین