هۆشداریى ده‌درێت... به‌ بڕیارێكى بایدن ئێران 90 ملیار دۆلارى ده‌ستده‌كه‌وێ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

گۆڤاری "فۆرین پۆلیسی" وتارێکی لیندزی گراهام، سیناتۆری ویلایەتی کارولینای باشووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و مورگان ئورتگاس، ڕاوێژکاری سیاسیی و گوتەبێژی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بڵاو کردووەتەوە.

لیندزی گراهام و  ئورتێگاس لەو وتارەدا دەنووسن پەلە کردن بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ ئێران، وەک بومەلەرزەیەکی تۆقێنەرە و دەبێتە هۆی بشێوی و ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 
سەرۆک جۆ بایدن، ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی بە میرات وەرگرتووە کە تا ڕادەیەک ئارام و هێمنە، هەڵبەت نەک بەو واتایە کە کێشەی تێدا نییە، بەڵام چەندین ڕێککەوتنی ئازایانە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە نێوان چەند وڵاتی عەرەبی و ئیسرائیل دوای چەندین دەیە خۆبواردنی ئەو وڵاتانە لە دانپێدانان بە ئیسرائیلدا ئیمزا کراون. ئابووری ئێرانیش بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکا و ڕووبەڕووبوونەوەی نازانستیانە لەگەڵ پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئیفلیج بووە و زیانی زۆری پێگەیشتووە. بایدن کارتی زۆری بەدەستەوەیە بۆ ئەوەی لە گفتوگۆکاندا بیانخاتە ڕوو و گوشار لەسەر ئێران دروست بکات.  

 

ئه‌گه‌ر بایدن بڕیارى هه‌ڵگرتنى سزاكان بدات
ئه‌وا ئێران 90 ملیار دۆلارى بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌


سەرەڕای ئەوە، لە هەفتەی ڕابردوودا، "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە ڕاپۆرتێکدا نووسی ئیدارەی بایدن هەوڵی هەڵوەشانەوەی گەمارۆکانی پەیوەندیدار لەگەڵ تیرۆریزم لەسەر بانکی ناوەندی ئێران دەدات. بە واتایەکی تر، تیمی دیپلۆماتکاری بایدن سەرەڕای ئەوەی لە کۆنگرێس بەڵێنیان داوە ڕێککەوتنێکی درێژخایەن تر و بەهێزتر لەگەڵ ئێران ئیمزا بکەن، بەڵام ئێستا پەلەیانە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو وڵاتە بگەنە ڕێککەوتن. هەرچەندە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی یەک شەوە ڕوو نادات، بەڵام دەکرێ لە ماوەی ئەمساڵدا ئەوە ڕوو بدات. و ئەگەر بایدن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بگەڕێنێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ژمارە ٢، ڕەنگە ئەو دەرفەتە لەبارە کە بۆ هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتووەتە ئاراوە و بایدن بە میرات وەریگرتووە، بە ئاقارێکی تردا بچێت. 
ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ بووە هۆی ئەوەی ئێران دەستی بە پارەی نەختینە بگات. ڕێک پێش ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٨دا گەمارۆکان لە دژی ئێران جێبەجێ بکرێن، بانکی ناوەندی ئێران زیاتر لە ١٢٠ ملیار دۆلار پاشکەوتی دراوی بە دەستەوە بوو. گەمارۆکانی ئەمریکا ڕێگریان کرد لەوەی دەیان هەزار ملیار دۆلار لەو پارانە بگەنەوە دەستی ئێران و گوشاری دارایی ئەو وڵاتەی ناچار کرد لەو ژمارە بانکیانە کە کراوە بوون و نەخرابوونە لیستی گەمارۆکان، پارە هەڵبگرێت. تەنیا دوای تێپەڕینی دوو ساڵ لە هەڵمەتی ئەوپەڕی گوشار، پاشکەوتی دراوی ئێران کەم بووەوە بۆ چوار ملیار دۆلار. هاوکات گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر کەرتی وزە، ڕۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل لە نەوتی هەناردەی ئێرانی کەم کردەوە، و دەسەڵاتی ئێرانی لە ٧٠ ملیار دۆلار بێبەش کرد، کە بەشێکی سەرەکی بودجەی ئیدارەدانی ئەو وڵاتە لە خۆ دەگرێ. 
کەمبوونەوەی ڕێژەیەکی بەرچاوی سامان و دارایی، بژاردە ئابوورییەکانی ئێرانی سنووردار کردن و ڕژێمی تاران ناچار بوو لە ڕێژەی ئەو بودجەیە کە ڕادەستی گرووپە میلیشیاکانی ناوچەی دەکات کەم بکاتەوە. هاوکات وێرای ئەوەی کە کۆماری ئیسلامیی هەوڵی دەدا ڕێگری لە داڕووخانی خۆی بکات، زۆر شوێنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست حەسانەوە، چەندین وڵاتی ناوچەکە پێکەوە ڕێککەوتنی ئاشتییان واژۆ کرد، کە لە مێژوودا بێ وێنەن. ئەو پێشکەوتنانەی لەبەر ئیمزاکردنی پەیمانی ئیبراهیم، کە لە مانگی ئابی ٢٠٢٠ لە نێوان ئیسرائیل، ئیمارات و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا واژۆ کرا، تەشەنەی کرد بۆ شوێنەکانی تر. 
هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئێران ئێران هەڕەشەیەکە و دەبێتە هۆی لە ناوچوونی ئەو پێشکەوتنانە کە بە دەست هاتوون. 
دوای ئەوەی بایدن گەمارۆکان وەلا بنێت، دەستبەجێ کۆماری ئیسلامیی ئێران نزیکەی ٩٠ ملیار دۆلار پارەی دەست دەکەوێتەوە. بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکا ٤٠ ملیار دۆلار پارەی نەوتی فرۆشراوی ئەو وڵاتە لە ئاسیا و ڕۆژهەڵات دەستی بەسەردا گیرا و ئێران نەیتوانی دەستی بە ٥٠ ملیار دۆلارەکەی تریش بگات. هاوکات زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕێژەی نەوتی هەناردەی ئێران بەرز دەکاتەوە، بە نرخی ئەمڕۆی نەوت، ساڵانە نزیکەی ٥٠ ملیار دۆلار دەچێتە خەزێنەی کۆماری ئیسلامیی. ڕەنگە گەمارۆ ئابوورییەکانی تریش هەڵبوەشێنەوە و سێکتێرەکانی ئاسن و پیترۆکیما کە بۆ ئاژاوەگێڕییەکانی سوپای پاسداران لە دەرەوەی سنوورەکان ئێجگار گرنگن، دەبووژێنێتەوە. ئابووری ئێران هەمدیسان دەگەشێتەوە و زۆری پێناچێت کە هەمدیسان جانتای پڕ لە پارە بۆ حەماس و حیزبوڵا دەنێردرێن. 
لە ئەگەری ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا، چەندین ملیار پارەی نەختینە دەگاتە دەستی گەورەترین وڵاتی پشتیوانی تیرۆریزم لە جیهاندا. لە ئێستادا کۆی بودجەی سەربازیی ئێران داکشاوە بۆ کەمتر لە ٢٠ ملیار دۆلار لە ساڵدا. بەڵام مێژوو دەرخەری ئەوەیە کە ئێران لە ساڵی ٢٠١٢وە زیاتر لە ١٦ ملیار دۆلاری تەنیا بۆ پشتیوانیکردن لە هاوپەیمانەکانی لە سووریا، عێراق و یەمەن خه‌رج دەکرد و ساڵانە ٧٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ حیزبوڵا (لوبنان) ڕەوانە کردووە. 
سەبارەت بەوەی کە ئێران چۆن بە هۆی هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان سوودمەند دەبێت، پێویست بە مەزەندە و خەمڵاندن ناکات. لەبری مەزەندەکردن، هەر ئەوەندە بەسە چاوێک بە شەش ساڵی ڕابردوودا بخەشێنین. کۆماری ئیسلامیی لە جیاتی خەرجکردنی بودجە بۆ لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە نەخۆشی شێرپەنجە یان نۆژەنکردنەوەی ئەو ژێرخانانەی بەڵێنی داون، بودجەی بەرگریی گه‌یاندە بەرزترین ئاست، سوپای پاسداران پشێوی و مردنی لە هەموو ناوچە بڵاو کردەوە و ئەگەری هەیە هەمدیسان ئەوە ڕوو بداتەوە. 
بە پێی ڕێککەوتنەکەی پێشوو، چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران سنوورێکی ئەوتۆیان بۆ دانانرێت، دوای تێپەڕینی دە ساڵ ئەو وڵاتە هیچ سنوورێکی لە ڕووی چۆنیەتی پیتاندنی یورانیۆم و ژمارەی کەڵکوەرگرتن لە ئامێرەکانی دەرکردنەوە نابێت، بە هیچ جۆرێکیش ڕێگری لە هاوردە و هەناردەکردنی مووشەکە بالستیکەکانی ناکرێت. 

 

ئێران 16 ملیار دۆلارى بۆ میلیشیاكانى شیعه‌ خه‌رجكردووه‌


ڕێککەوتنی ئەتۆمی ژمارە ٢، دەبێتە هۆی دەستپێکردنی پێشبڕکێی لە بواری کڕین و بەرهەمهێنانی چەک لە ناوچە، بەڵام ئێران بە خێرایی دەست بەو پێشبڕکێیە پێدەکات. بۆیە، ئەو پێشکەوتنە مەزن و دژوارەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە دەستی هێناوە، لە ناو دەچێت. سەرەڕای ئەو مەترسییە ئاشکرا و هەستپێکراوە، بایدن بە پەلە بەرەو ئەو چارەنووسە هەنگاو دەنێت. 
بە پێی یاسای پێداچوونەوە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ (کە باراک ئۆباما سەرۆکی ئەوکات ئیمزای کرد) پێویستە ئیدارەی بایدن دەقی هەر جۆرە ڕێککەوتنێکی پەیوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران پێشکەشی کۆنگرێس بکات. کۆنگرێس ٣٠ ڕۆژ دەرفەتی دەبێت ئەو ڕێککەوتنە تاوتوێ بکات و دەنگی کۆتایی پێبدات. بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئیدارەی بایدن لە ئێستاوە خۆی ئامادەی ئەنجامدانی مانۆڕی یاسایی بۆ پشتگوێخستنی ئەو یاسایە دەکات. مانۆڕەکەش ئاوایە کە ئەگەر وەزارەتی دەرەوە ڕێککەوتنێک ئەنجام بدات، ئەوکات بانگەشەی ئەوە بکات کە ویلایەتە یەکگرتووەکان تەنیا دەگەڕێتەوە بۆ هەمان ڕێککەوتن کە کۆنگرێس لە ساڵی ٢٠١٥دا تاوتوێی کردبوو [ ئیتر پێویست بە ناردنەوەی ناکات]. ئیتر گوێ بەوەش نادرێ کە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و ژێرخانەکانی گەمارۆکانی ئەمریکا لە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٥ زۆرجیاوازترن. 
بەڵام یاسای پێداچوونەوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ئەو دەرفەتە بۆ ڕابەری کەمینە یان زۆرینە لە دوو ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران دەڕەخسێنێ بۆ ئەوەی یاسایەک پێشکەش بکەن کە ڕێگری لە هەڵوەشانەوەی ئەو گەمارۆیانە دەکات کە بایدن هەوڵی هەڵوەشانەوەیان دەدات. پێویستە ئەو یاسایە لە ئەنجومەنی پیران و کۆنگرێسدا دەنگی پێ بدرێت. پیویستە میچ مەک کانێل، ڕابەری کۆماریخوازەکانی ئەنجومەنی پیران،  مەک کارتی، ڕابەری نوێنەرانی کۆماریخواز لە کۆنگرێس، کە لە ڕووی ژمارەوە کەمینەن، لەو مافە کەڵک وەربگرن، بۆ ئەوەی لانیکەم ئەوە بۆ مێژوو تۆمار بکەن کە ئایا ئەندامانی کۆنگرێس پشتیوانی لە ڕادەستکردنی ملیاران دۆلار بە گەورەترین وڵاتی پاڵپشتی تیرۆریزم لە جیهاندا دەکەن یان نا. 
ڕەنگە گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران بە نرخ بن، بەڵام ئەندامانی کۆنگرێس و گەلی ئەمریکا شایانی ئەوە هەن بە شێوەی شەفاف ئاگاداری ڕووداوەکان بکرێنەوە و پێویستە کارێ بکەن ئیدارەی بایدن لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکەی بەرپرسیار و وەڵامدەر بێت: واتە ڕێککەوتنێکی باشتر!


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین