ئاگربەست لە نێوان سووریا و ئیسرائیل ڕاگەیێندرا وەرگێڕان

نوچە نێت

ئا: سنوور یاسین

نێردەی تایبەتی ئەمەریکا لە سووریا رایگەیاند، بەپشتیوانی ئەمەریکا بنیامین ناتەنیاهو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و ئەحەمەد شەرع سەرۆكی سووریا لەسەر ئاگربەستێک رێککەوتوون و داواش دەکات چەک دابنێن و ڕێگەخۆشکەر بن بۆ بنیاتنانی ناسنامەیەکی نوێی سووری.

 رۆژی شەممە (19/تەمموز/2025) ماڵپەڕی (شەرقولئەوسەت) لە ڕاپۆرتێكدا بڵاویکردەوە، تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا لە سووریا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، "رێککەوتنەکە پێشهاتێکی گەورەیە".

 تۆماس باراک دەشڵێت، "بنیامین ناتەنیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بە پشتیوانیی ئەمەریکا و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە مارکۆ رۆبیۆ، لەسەر ئاگربەستێک رێککەوتوون کە لەلایەن تورکیا، ئوردن و وڵاتانی دراوسێوە پێشوازیی لێکراوە".

 دیپلۆماتکارەکەی ئەمەریکا دەڵێت، "داوا لە درووزەکان، بەدەوییەکان و سوننەکان دەکەین چەکەکانیان دابنێن و پێکەوە لەگەڵ کەمینەکانی دیکەدا، ناسنامەیەکی نوێ و یەکگرتوویی سووری لە ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا لەگەڵ دراوسێکانیان بنیاتبنێن".

جێگەی ئاماژەپێدانە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو پێکدادان لە نێوان چەکدارانی دروز و هێزەكانی حكوومەتی سووریا لە پارێزگای سوەیدا لە باشووری سووریا دەستیپێکرد و هێزەکانی حکومەت دەستێوەردانی کرد، دواتر ئیسرائیل بۆ بەرگری کردن لە دروزەكان چەندین هێرشی ئاسمانی بۆ سەر چەکدارانی حکومەت ئەنجامدا، بارەگای وەزارەتی بەرگریی سووریای لە ناوەڕاستی دیمەشق بە ئامانج گرت.

ڕۆژی چوارشەممە ئاگربەستێک لەنێوان حکومەتی سووریا و گروپە دروزییەکان بە نێوەندگیری ئەمەریکا و تورکیا و وڵاتانی عەرەبی ڕاگەیێنرا و بووە هۆی کشانەوەی هێزەکانی حکومەت لەو پارێزگایە.

بە گوێرەی ماڵپەڕی (نوچە نێت) ڕۆژی پێنجشەممە (17-7-2025) ئەحمەد شەرع، سەرۆکى سووریا رایگەیاند، لەو کاتەى رژێمى پێشووى سووریا کەوتووە، ئیسرائیل هەوڵى تێکدانى سەقامگیرى و لێکهەڵوەشاندنەوەى گەلەکان دەدات، ئێمە سەروەرى بۆ سووریا دەگێڕینەوە بەرژەوەندى نیشتیمانى زاڵە بەسەرمان.

شەرع دووپاتی کردووەتەوە، لەنێوان بژاردەى جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل و دەرفەتدانین بە شێخەکانى دروز بۆ رێککەوتن گرووپە خۆجێیەکان ئاسایشى سوەیدا بپارێزن.

سەرۆکی سووریا ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، ئێمە لە جەنگ ناترسین، بەڵام بەرژەوەندى جەماوەریمان بەسەر ئاڵۆزیدا هەڵبژاردووە، بژاردەى سەرەکى ئێمە پاراستنى یەکپارچەیى نیشتیمانە، حکومەتى سووریا بە هەموو دامەزراویەکانیەوە هەوڵى راگرتنى ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانى سوەیداى داوە، لە کۆنترۆڵکردنەوەى ئاسایش ئەو ناوچەیە سەرکەوتوو بوو.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین