ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات هۆشداری دەداتە لایەنەكان کوردستانی

نوچە نێت

ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە، ئاماژە بەوە دەكات بە نیگەرانی زۆرەو چاودێری دۆخی ئەمنیی و بەریەككەوتنی چەكدارای سوەیدا دەكەین كە هاووڵاتیانی گرتۆتەوە.

ئەمرۆ سێشەممە (22/ تەمووز/2025) ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە، لە راگەیێندراوەكە هاتووە، رووداوەكانی سوەیدا چووتە دۆخێك سووریا بەرەو قەیرانی قووڵ دەبات و مەترسی تەقینەوەی تائیفی ناوخۆیی یاخود ناوچەیی لێ دەكەوێتەوە، ئەوەش لە سایەی بەردەوامیی بۆشایی سیاسیی و نەبوونی حكومەتێكی كۆكەرەوەی نیشتیمانییە.

لە بەشێكی دیكەی راگەیێندراوەكە هاتووە، ئەمەی ئەمرۆ لە سوەیدا روودەدات رووداوێكی دابڕاو نییە، بەڵكوو بەرجەستەی راستەوخۆی دۆخی داڕوخاویی گشتییە كە ژێرخانی سیاسی و دامەزراوەیی سووریای گرتۆتەوە، ئەوەش لە ئەنجامی چەندین دەیە لە رێشەهەڵكێشان و پەراوێزخستنی پێكهاتەنیشتیمانییەكان و نەبوونی پابەندی دەسەڵاتی ناوەندی بە بەرپرسیارێتی خۆی بەرانبەر بەرێوەبردنی فرەیی گرەنتی ئاشتی كۆمەڵایەتی.

ئەنجوومەنی سووریای دیموكرا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، ئەو رووداوانە مەترسیدارن راستەوخۆ هەڕەشە لە پرەنسیپ و یەكێتی و پاراستنی خاكی سووریا دەكەن و زیان بە كرۆكی یاسایی نێودەوڵەتی و لە ژیانی رۆژژانەش زیان مافی هاونیشتیمانیانی سووریا دەگەینێت، هەروەك ئاماژەیە لەسەر لاوازی دۆخی ئێستا و پەلەكردنی خێرا لە چارەسەریی هەمیشەیی سیاسی، كە كۆتایی بە هۆكارەكانی ململانێ دەهێنێت و دەبێتە رێگر لە دووبارەبوونەوەی تەقینەوەی ئەمنی لە ناوچەكانی دیكەی سووریا. 

ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات لە بەشێكی دیكەی راگەیێندراوەكە دەڵێت، بە پشتبەستن بەو رووداوانە و لە سۆنگەی دڵسۆزیمان بۆ بەرپرسیارێتی نیشتیمانی و ئەخلاقی، جەخت لەسەر ئەو خاڵانە دەكەینەوە.

یەكەم: سەركۆنەی هەموو جۆرە توندوتیژی و پێكدادانێكی چەكداری و ئاڵۆزی ئەمنی كە هەڕەشە لە ئاشتی كۆمەڵایەتی سوەیدا و ناوچەكانی دیكەی سووریا دەكات، پێویستە دەست بەجێ هەموو هێرشە دوژمنكارییەكان لە هەر لایەكەوە بێت بووەستێت، دۆسیەی لێكۆڵینەوەی سەربەخۆ و شەفاف بۆ ئەو رووداوانە بكرێتەوە، كە لێپرسینەوە لە هەموو ئەو بەرپرسانە بكرێت كە پێشێلكارییان ئەنجام داووە بە جیاوازیی.

لە خاڵی دووەم، داوای گفتوگۆی نیشتیمانی گشتیر دەكات لە رێگەی كۆنگرەیەكی نیشتیمانی هەموو هێزە نیشتیمانییەكانی سووریا بەشداری بكەن، ئامانج لێی داڕشتنەوەی پڕۆژەیەكی سیاسی سووری نوێ بێت، لەسەر بنەمای دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و كۆتاییهێنان بەستەمكاری بونیاد نرابێت و پشت بە سیستەمی دیموكراسی لامەركەزیی فرەیی دامەزرابێت، هەموو لایەنە كاراكانی هەموو پێكهاتەكانی گەلی سووریای بەبێ جیاوازی لەخۆی بگرتبێت.

لە خاڵی سێیەم هاتووە، هۆشداری دەدەین لەوەی كە ئەو رووداوانە بەرەو ململانێی ناوخۆیی یاخود تائیفی، یاخود ناوچەیی بچێت، كە ئەوەش دەبێتە هەڕەشەر لەسەر بوونی سووریا و كۆمەڵگە فرەلایەنەكەی و لێكەوتەی كارەساتباری لەسەر داهاتووی پێكەوە ژیان و ئاشتی كۆمەڵایەتی دەبێت.

لە خاڵی چوار ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات دەڵێت، داوا دەكەین هەموو گوتاری رەق و هاندانی سیاسی و راگەیاندن بە جۆرەكانی رابگیرێت، كە رۆڵی مەترسیداری لە ورژاندنی ئاژاوە و دابەشكاری دەبێت و هەڕەشەی راستەوخۆی لەسەر ئاشتی كۆمەڵایەتی و پێكەوەژیانی هاوبەش دەبێت، ئێمە جەخت لەسەر بونیادنی متمانەی نیشتیمانی دەبێت كە لە بەرپرسیاریەتی وشە و مینبەر و رێزگرتنی فرەیی و جیاوازیی دوور لە هاندان و تۆمەتباركردن بە خیانەت دەست پێدەكات.

ئەنجوومەنی سووریا لە خاڵی پێنجەم داوا لە هەموو لایەنە سیاسی و سەربازیی و ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی یاسایی و سیاسی و ئەخلاقی بەرانبەر ئەو رووداوانە بگرنە ئەستۆ، داواش دەكەین رێزی رێساكانی یاسای نێودەوڵەتی  بگرن و رێگە لە هەر رۆڵ و دەستوەردانێك بگرن كە بێت هۆی دووبەرەكی و بە كارهێنانی ئەجێندای تەسك.

ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات ئاماژە بەوەش دەكات، كە هەر چارەسەرێكی سیاسی پێویستە لەناوخۆی سووریا و نیشتیمانی كۆكەرەوە بێت، لەسەر بنەمای گفتوگۆ و رێككەوتن و داننانی دوولایەنە بێت، نەك لەسەر بنەمای توندتیژی و یەكتر سڕینەوە و بە پاڵپشتی هێزی دەرەكی بێت، كە جۆرێك گرەنتی بونیادنانی حكومەتێكی دیموكراسی بكات لەسەر بنەمای هاونیشتیمانی یەكسانی و سەروەری یاسایی و رێزگرتنی فرەیی نەتەوەیی و كلتووریی و ئایینی بێت.

لەكۆتاییشدا دووبارە داوا لە هەموو هێزە نیشتیمانییەكان دەكات بەرپرسیارێتی دووبارە بونیادنانەوەی متمانە و ئاشتی كۆمەڵایەتی بگرەنە ئەستۆ.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین