ماكرۆن: فەڕەنسا دان بە دەوڵەتی فەلەستین دەنێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، "فەڕەنسا دان بە دەوڵەتی فەلەستین دەنێت، ئەم ڕاگەیاندنە بە فەرمی لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت لە مانگی ئەیلوولی (2025) دا.

ڕۆژی پێنجشەممە (24/تەمموز/2025) ماڵپەڕی (ئەلمۆنیتۆر) ئیمانوێل ماکڕۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، "فەڕەنسا بە فەرمی دان بە فەلەستین وەک دەوڵەت دەنێت و دەچێتە ڕیزی ئەو وڵاتانەی ئەوروپا کە هەمان هەنگاویان ناوە".

ماکڕۆن لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، "ئەم هەنگاوە لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلولدا ڕادەگەیێندرێت". سەرۆکی فەرەنسا دەشڵیت، "ئەم بڕیارە هاوتایە لەگەڵ پابەندبوونی فەڕەنسا بە بەدیهێنانی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داوای ئاگربەست لە غەزە و ئازادکردنی بارمتەکانی ناوچەکە و دانابی چەکەکان لەلایەن حەماسەوە".

سەرۆکی فەڕەنسا دووپاتی دەکاتەوە، "زۆر گرنگە دەوڵەتی فەلەستین دابمەزرێندرێت و ڕێگە بدرێت بەشداری لە ئاسایشی هەموو هاووڵاتییانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات لەڕێگەی قبووڵکردنی داماڵینی چەکداری". 

پێشتر چەندین وڵاتی ئەوروپا لەوانە سلۆڤینیا، ئیسپانیا، ئیرلەندا و نەرویج دانیان بە دەوڵەتی فەلەستینیدا ناوە، لە چەند مانگی ڕابردوودا، ماکڕۆن ئارەزووی خۆی نیشاندا بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین. فەرەنسا بەنیازبوو لە مانگی حوزەیران لەگەڵ سعودیە کۆنفرانسێک بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین بەڕێوەببات، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی ململانێی ئیسرائیل و ئێرانەوە دواخرا، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت کۆنفرانسەکە لە کۆتایی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت و ئەمەریکا ڕایگەیاند کە بەشداری ناکات.

جێگەی ئاماژە پێدانە، ئەم پەیامەی ماکڕۆن دوای کشانەوەی دانوستاندنکارانی ئیسرائیل و ئەمەریکا دێت لە دەوحە. هەروەها لەم چەند ڕۆژەی دواییدا بە بەردەوامی ڕێکخراوە مرۆییەکان هۆشدارییان داوە سەبارەت بە برسێتی لە غەزە. لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، مەحمود عەباس، سەرۆکی فەلەستین نامەیەکی بۆ ئیمانوێل ماکڕۆن، سەرۆکی فەرەنسا نارد داوای کرد، "دەسەڵات بگەڕێندرێتەوە بۆ دەست فەلەستین لە غەزە، هەروەها بۆ یەکەم جار هێرشەکەی حەماسی بۆ سەر ئیسرائیل لە (7) ی تشرینی یەکەمی (2023) سەرۆکۆنە کرد".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین