پوتین و زیلینسکی و ترەمپ لە توركیا كۆدەبنەوە تورکیە

نوچە نێت

وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی سەرەتایی بۆ میوانداریکردنی لووتکەی نێوان پوتین و زیلینسکی و ترەمپ بە ناوبژیوانی ئەردۆغان لەئارادیە.

ڕۆژی یەکشەممە (27/تەمموز/2025) ماڵپەڕی (پڕۆفایل نیوز) بڵاویکردەوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، رووسیا و ئۆکراینا گەیشتوونەتە ڕێکەوتنێکی سەرەتایی بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی لووتکەی چوار قۆڵیی لە تورکیا. 

لە لووتکەکەدا ڤلادێمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەشداری دەکەن. بە گوتەی وەزیری دەرەوەی تورکیا ئامانج لە رێککەوتنە سەرەتاییەکە ڕێگەخۆشکردنە بۆ دیالۆگی نێوان سەرۆکی ئەم وڵاتانە، ئەگەر ئۆکراینا و رووسیا بەردەوام بن لە ئامانجەکانی ئێستایان بە ئەگەرێکی زۆرەوە دوا ئەنجامدانی چەند کۆبوونەوەیەکی دانووستاندنکاری چارەسەرێکی کاتی دەدۆزرێتەوە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا دووپاتی دەکاتەوە، جەنگەکە کاریگەری کردووەتە سەر ئاستی سیستەمی نێودەوڵەتیش، گفتوگۆکانی ئەستەنبۆڵ پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینوە بۆ ڕێگرتن لە زیادبوونی ناکۆکی زیاتر، پرسە مرۆییە گرنگەکانی وەک ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان، بریندارەکان، تەرمەکان و دەستگیرکراوەکان باسیان لێوە کراوە.

هاکان فیدان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئۆکراینا و رووسیا هەڵوێستی پێشوویان گۆڕاوە و ئامانجییان دانووستاندنە، سەرەڕای ڕێککەوتنی سەرەتایی بۆ میوانداریکردنی لووتکەکە لە تورکیا، بەڵام جیاوازی هەیە لە نێوان مەرجەکانی ئاگربەست لەلایەن پوتین و زیلینسکییەوە.

بە گوتەی وەزیری درەوەی تورکیا تیمەکانی دانووستاندنەکان بەردەوام هەوڵ دەدەن جیاوازییەکانی نێوان هەردوولا چارەسەر بکەن و ئامادەیی تەواو هەیە، ئەگەر گفتوگۆکان بە شێوەی ڕێکخراو و پۆزەتیڤ بەردەوام بن، ئەوا دەتوانرێت لە ماوەیەکی کورتدا ڕێکەوتنێکی گونجاو ئەنجام بدرێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین