دەم پارتی داوای گۆرینی ناوی تورکیە

نوچە نێت

لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی چارەسەری ئاشتی لە تورکیا، حکومەتی تورکیا پرۆسەکە بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" ناودەبات، دەم پارتی و پەکەکە بە پرۆسەی "چارەسەری ئاشتی لە تورکیا" ناوی دەبات و هەروەها سەرۆکی پەرلەمانی تورکیاش بە "پرۆسەی ئیمراڵی" ناوی دەبات، دەم پارتی نارازییە و داوا دەكات ناوی پرۆسەکە بگۆڕدرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە (چواری ئاب/2025) ماڵپەڕی (بیرگون) بڵاویکردەوە، سبەی یەکەمیین کۆبوونەوەی دامەزراندنی کۆمسیۆنێک بۆ پرۆسەی چارەسەری ئاشتی لە پەرلەمانی تورکیا بە بەشداری (51) ئەندامی پارتەکانی تورکیا بەرێوەدەچێت.

تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەی کۆمسیۆن بریتیە لە دیاریکردنی ناوێک بۆ پرۆسەکە. دەم پارتی نارەزایی خۆیان راگەیاند سەبارەت بە ناوی کۆمسیۆنەکە کە حکومەتی تورکیا بە “تورکیایەکی بێ تیرۆر ناوی” دەبات.

لەوبارەیەوە گولستان کلچ کۆچیغیت جێگری سەرۆکی گروپی پارتی یەکسانی و دیموکراسی (دەم پارتی) رایگەیاند، "ئێمە نامانەوێت پرۆسەکە بەم ناوە بەردەوام بێت، سبەی پێداچوونەوە بە ناوی پرۆسەکە دەکرێت و سەرۆکی پەرلەمانیش پرۆژەیەکی لەوبارەیەوە ئامادە کردووە و هیوادارم بە دڵی ئێمەش بێت."

جێگری سەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە وەک دەم پارتی دژی دەستەواژەی "پرۆسەی تورکیایەکی بێ تیرۆرین، ناکرێت پرۆسەکە پەیوەست بکرێت بە تیرۆر، پیویستە پرۆسەکە جەخت لە دیموکراسی و ئاشتی و چارەسەری پرسەکانی کورد بکاتەوە. دەبێت چەمکی دیموکراسی لە ناوی کۆمسیۆن جێگیر بکرێت."

لایەنەکانی تورکیا سەبارەت بە ناوی کۆمسیۆنی چارەسەری ئاشتی بۆچوونی جیاوازیان هەیە، ئەکپارتی بە پرۆسەی تورکیایەکی بێ تیرۆر ناوی دەبات. مەهەپە پێشنیازی کردووە ناوی کۆمسیۆن ببێتە "کۆمسیۆنی نیشتیمانی و هاوپشتی"، دەم پارتی رەخنە لە پێشنیاری لایەنەکان دەگرێت و دەڵێت دەبێت ناوی پرۆسەکە "کۆمسیۆنی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتی"بێت، جەهەپەش وەک گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا پێشنیازی کردووە پرۆسەکە بەناوی "کۆمسیۆنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری و ئاشتەوایی دیموکراتی"بێت. 

جێگەی ئاماژە پێدانە، لەدوای چەکدانانی پەکەکە پرۆسەی چارەسەری ئاشتی لە تورکیا پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ. سبەی پەرلەمانی تورکیا بەمەبەستی بەردەوامی پرۆسەکە بەفەرمی کۆدەبێتەوە و کۆمسیۆنێک بۆ چارەسەری پرۆسەی ئاشتی و پرسی کورد دادەمەزرێندرێت. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین