سەرۆكی پەرلەمانی توركیا: برایەتی کورد و تورک دەپارێزین تورکیە

نوچە نێت

یەکەم کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی پرۆسەی چارەسەری ئاشتی لە تورکیا دەستیپێکرد، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، "ئێمە لێرەین تاوەکو شەرەفی کورد و تورک بپارێزین. برایەتی کورد و تورک هەوێنی ناوچەکەیە، ئەم پرۆسەیە سەودانییە بەڵکو بانگەوازێکە بۆ بەردەوامی برایەتی و لە ئامێزگرتنی چینە جیاوازەکان."

ئەمڕۆ سێشەممە (پێنجی ئاب/2025) ماڵپەڕی (ئیندپێندیت) بڵاویکردەوە، لەدوای چەکدانانی پەکەکە بەفەرمی کۆبوونەوەی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا دەستیپێکرد بە ئامادەبوونی (48) ئەندام لە (11) لایەنە جیاوازەکان لە پەرلەمانی تورکیا. 

لەیەکەم لێدوانیدا نوعمان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، "پرۆسەی چارەسەری ئاشتی مامەڵە و سەودا نییە، بەڵکو ئیرادەی میللەتەکەمانە. نیو سەدەیە میللەتەکەمان رووبەڕووی شەڕ بۆتەوە، ئێستادا گەیشتوینەتە خاڵێکی وەرچەرخان  بۆ رزگاربوون لەم بەڵایە و ئەمڕۆش دەمانەوێت لێرەدا کێشەکان چارەسەر بکەین، بەچاوێکی دیکە سەیری پرۆسەکە دەکەین و ئەو پرۆسەیەی بە هەڵوەشاندننەوەی رێکخراوی پەکەکە و بێدەنگی تفەنگەکان دەستی پێکرد ئەمڕۆ بۆتە مژاری گەلەکەمان."

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، "کاتی ئەوە هاتووە بە دەنگی بەرزتر قسە لەسەر دەسەڵاتی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری بکەین. برایەتی کورد و تورک هەوێنی ناوچەکەمانە و لێرەدا دەبێت شەرەفی کورد و تورک بپارێزرێت نەک تەنیا لەشەڕدا بەڵکو لە ئازار و بەختەوەری بەیەکەوە رێگاکە ببڕین. لەم کۆمسیۆنەدا دەستورێکی نوێ نانوسرێ بەڵکو دەسەڵاتی برایەتی پێکدەهێنین لەگەڵ برا کوردەکانمان. ئەمە مامەڵە و سەودانییە بەڵکو پرسی چارەسەری کێشەکانی میللەتێکە و لە ئامێزگەتنی یەکترییە."

کورتوڵموش لە لێدوانەکەیدا داوای لە لایەنەکان کرد، کە پێویستە هەموویان بەهۆشیاریەوە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەکە بکەن لەپێناو بەدەستهێنانی تورکیایەکی دیموکراسی و فرەیی.

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەشڵێت، "ئەمڕۆ سەرجەم نوێنەرانی لایەنەکان ئامادەن، دەمانەوێت هەنگاوەکانی داهاتووی کۆمسیۆن زۆر شەفاف بێت و هەر لە سەرەتاوەش بنەماکانی کارکردنی لیژنەکە بەروونی بۆ لایەنەکان بخەینەڕوو." 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین