دەزگاى هەواڵگرى تورکیا داوای ئامادەكاری بۆ رووبەڕوونەوەی ئەگەرەكان دەكات شیکاری

نوچەنێت

وەرگێڕانی: ئیسماعیل تەها

ئەکادیمیاى نیشتیمانیی بۆ هەواڵگرى، کە سەر بە دەزگاى هەواڵگرى تورکیایە، هەینى رابردوو راپۆرتێکى شیکارى بڵاوکردەوە، بە ناونیشانى، "جەنگى 12 وانەکان سوودبەخشەکان بۆ تورکیا." کە تێیدا باس لە جەنگى مانگى حوزەیرانى ئەمساڵى نێوان ئیسرائیل و ئێران دەکات.

راپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر بۆشایەکانى سیستەمى ئامادەکارییەکانى تورکیا بۆ بەرەنگاربوونەوەى سیناریۆى هاوشێوە، چەندین هۆشدارى خێرا و پێشنیارى بەپەلەى داوەتە دامەزراوەکانى تایبەت بە ئاسایش و بەرگرى.

گرنگى ئەو راپۆرتە لەوەدایە کە لایەنێکى باڵاى ئەمنییەوە ئامادەکراوە، ئەوەش لە کاتێکدایە ئەگەر هەیە ئاڵۆزییە سەربازییەکان لەو ناوچەیە روو لە زیاد بوون، ئەوەش وایکردووە کە ئەو راپۆرتە لە شوێنى هۆشدارى پێشوەختەبێت و پێویست دەکات بە جدى مامەڵەى لەگەڵ بکرێت.

هۆشدارى و پێشنیارەکان

راپۆرتەکە خوێندنەوەیەکى ئەمنى راستەوخۆى بۆ جەنگى ئێران ــ ئیسرائیل کردووە، ناوى ناوە "وانەکانى جەنگى ئێران ــ ئیسرائیل" جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە ئەو ئەزموونەى ئەم دوایە زەنگى ئاگادارکردنەوەى پێشوەختەیە، دەخوازێت ئەنقەرە پێداچوونەوەى پێشوەختە بکات  بۆ هەر بەرەنگاربوونەوەیەکى لەناکاوى هەرێمى ئامادە بێت، راپۆرتەکە چەندین پێشنیارى خێراى لەخۆى گرتووە، کە هەموو ئاستە جیاوازەکانى بەرگرى مەدەنى و سەربازیى لەخۆى گرتووە، لە پاڵ ئەوەشدا باسى لە هەڕەشە تازەکانى پەیوەست بە ئاسایشى سیبریانى و کۆمەڵایەتى و ئابوورى کردووە.

راپۆرتەکە جەخت لەسەر بونیادنانەوەى سیستەمى بەرگرى ئاسمانى دەکاتەوە، کە بتوانێت پارێزگارى گشتگیر لە ئاسمانى تورکیا بکات، راپۆرتەکە ئەوەشى ئاشکرا کردووە، کە باڵادەستى ئیسرائیلى بەسەر سەر ئەنقەرە خێراکردنی بەهێزکردنى بەگرى ئاسمانیەتى, بەتایبەت لە شوێنە هەستیارەکانى وەک بارەگانى ئاسایش و هەواڵگرى و فڕۆکەخانە سەربازییەکان.

لە راپۆرتەکە بەشێکى فراوان بۆ پێداچوونەوە بە مووشەکەکانى ئێران لەو جەنگە کراوە، کە ئێران بە چڕى بەکارى هێنا، ئەوەش بووە ئاڵنگەریەکى راستەقینە بۆ سیستەمى بەرگریى پێشکەوتووى ئیسرائیل، هۆشدارشى داوە لە بایەخى خێراکردنى وەبەرهێنانى تورکیا لە پەرەپێدان و بەرهەمهێنانى مووشەکى بالیستى، ئەوەش نەک تەنیا بۆ بەهێزکردنى وەڵامدانەوە بێت، بەڵکوو بۆ گرەنتى تواناى بەرگرى کارایە دژ بە هەموو هێرشێکى لەو جۆرە.

لەسەر ئاستى مەدەنى راپۆرتەکە باس لە بەرەى ناوخۆیى دەکات، کە بایەخى لە هێڵەکانى پێشەوە بە کەمتر سەیر ناکات، داواشى کردووە، پلانێکى نیشتیمانى گشتگیرى خێرا بۆ بونیادنانى پەناگەى ژێر زەوى لە شارە گەورەکان بکرێت، پێداویستى بەدەمەوە چوونى بە پەلە و رێڕەوى ئارام و هەموو پێداویستى دانیشتوانى لەخۆى گرتبێت، هەروەک جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە، پێویستە هەموو دامەزراوە حکومییە هەستیارەکان تونێلى سەربەخۆیان هەبێت، کە لە دۆخى لەناکاو بەردەوام کاربکات.

راپۆرتەکە داواى نوێکردنەوەى سیستەمى ئاگادارکردنەوەى پێشوەختە و بەستنەوەى بە ئاگادارکردنەوەى خێرا دەکات، ئاماژە بەوە دەکات کە یەکێک لە هۆکارەکانى بەرزبوونەوەى زیانە مەدەنییەکان لە ئێران نەبوونى سیستەمى ئاگادارکردنەوەى پێشکەوتووبوو، لە بەرانبەردا ئامادەکارى ئیسرائیل لەو سیستەمە بە ئاشکرا دیاربوو، سەرەڕاى چڕى هێرشەکانى سەرى بەوە توانى زیانەکانى کەم بکاتەوە.

ئەکادیمیاى هەواڵگرى لە راپۆرتەکەى تەرکیزى کردۆتە سەر پرسى بۆشایە ناوخۆییەکان، بە خاڵى لاواز وەسفیان دەکات و ئەگەرى قۆستنەوەیان لە لایەن دەرەوە هەیە، دەشڵێت، سەرکەوتنى ئیسرائیل لە لێدانى ئامانجەکان بە وردى تەنیا بەهێزى تەکنەلۆژى نەبوو، بەڵکوو بەهۆى هەبوونى چەندین تۆڕى جاسووسى ناوخۆیى بوو، هاوکاربوون بۆ دیاریکردنى ئامانجەکان.

کۆمەڵگەى بەهێز

راپۆرتەکە داواى لە حکومەتى وڵاتەکەى کردووە، بە دەستپێشخەرییە ستراتیژییەکان بەرگرییەکان بەهێز بکات، دیارترین دەستپێشخەریش پڕۆژەى، "تورکیاى بێ تیرۆرە" کە ئامانج لێى لە ریشەهەڵکێشانى توندڕەوى و قووڵکردنەوەى چەمکى پێکەوە ژیان و هاوسۆزى نێوان پێکهاتەکانى کۆمەڵگەیە، هەروەک داواى دانانى پلانێکى ئابوورى خۆى پارێزى کردووە، کە قەیرانەکان کەم بکاتەوە، کە بۆتە هۆى لاوازکردنى کۆمەڵگە و کردنەوەى دەرفەت بۆ هەڵمەتى جەنگى دەروونى.

موراد ئەسڵان، ئەفسەرى پێشوو لە دەزگاى هەواڵگرى تورکیا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، تورکیا ماوەى زیاتر لە چل ساڵە لە ململانێ دایە، بەتایبەت پەیوەست بە بانگەشەى مافەکانى کورد، کە زۆربەیان مۆرکێکى تائیفى یان مەهەزهەبى بە کاریگەرى هێزى دەرەکى پێوەیە، کە لەسەرووى هەموویانەوە ئەمەریکا و ئیسرائیل، بە روونى رۆڵیان لەدواى (2016) دیار بوو، کە لە تورکیا وەک هاندانێکى رۆژئاوایى پاڵنەر بۆ دابەشکاریى ناوخۆیى سەیر دەکرا، ئامادەسازى بۆ ئەزموونى حەفتاکان دەکرا کە کاتێک یەکێتى سۆڤیەت رۆڵى لە جووڵاندنى ململانێ ئایدۆلۆژییەکان لەناو تورکیا هەبوو، ئەوەش رەنگدانەوەى لەسەر شێوازى بەرەنگاربوونەوەى خوێناوى لە شەقامەکانى تورکیا هەبوو.

ئەسڵان جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە، ئەنقەرە هەرگیز نەکەوتۆتە ناو دابەشبوونى ناوخۆیى، یاخود داڕوخانى سیستەمى سیاسى، بەڵکوو لە تێپەڕاندنى ئاڵۆزییەکان بەبێ شکستى راستەقینەى ژێرخانى وڵات، یاخود سیستەم سەرکەوتووبوو، بۆ ئەوەش باس لە کودەتا شکستخواردووەکەى (15)ى تەمووزى (2016) دەکات، کە یەکەم هەڕەشەى راستەوخۆبوو لەسەر دەستوور و سیستەمى کۆمارى لەلایەن گرووپێکى ئاینییەوە، ئەو کاتەش حکومەت لە کۆنتڕۆڵکردنى ئەو هەڕەشەیە و بەرگرى لە دامەزراوەکانى سەرکەوتوو بوو.

راپۆرتەکە باس لەوەش دەکات ئەو لاوازییە لە هەموو کۆمەڵگەکان هەیە، بەڵام تورکیا بەهێزى دامەزراوەکانى رێگرە لە قۆستنەوە و گۆڕینى بۆ خاڵى لاواز، بۆ ئەوەش جەخت لەسەر لایەنگرى بۆ کۆمارى تورکیا دەکات، کە جۆر و لایەنەکانى هەر کەسێک بێت لە پشتییەوە، رێگرى لە هەموو هەوڵێکى دابەشبوون یاخود لێکهەڵوەشاندنەوە دەکات.

دەربارەى جەنگى (12)ى رۆژەى ئێران ــ ئیسرائیل پێى وایە ئەو جەنگە نموونەیەکى روونى ململانێى نەوەى نوێ بوو، کە تەنیا پەیوەست نەبوو بە بەریەککەوتنى سەربازیى، بەڵکوو جەنگێکى گشتگیربوو، هەموو ئامرازەکانى هێزى نوێى تێدا بەکار هات، لە باڵادەستى ئاسمانى بۆ هێرشى سیبریانى، تا دەگاتە دزەکردنى بەرەکانى ناوەوە.

لە راپۆرتەکە هاتووە لە گۆڕەپانەکە ئیسرائیل بە بەکارهێنانى فڕۆکەى (ئێف 35) و فڕۆکەى بێفڕۆکەوتن باڵادەستى خۆى دەرخست، بەڵام ئێران بە مووشەکە پێشکەوتووەکانى بۆشاییە مەترسیدارەکانى سیستەمى بەرگرى ئیسرائیلى ئاشکرا کرد، لە پاڵ ئەو جەنگە جەنگى ئەلیکترۆنى ژێرخانە هەستیارەکانى دەکردە ئامانج، هاوکات هەڵمەتێکى بەلاڕێدابردن لە رێگەى ئەلیکترۆنیەوە هەبوو، ئامانج لێى کاریگەریى بوو لەسەر رایگشتى، ئێران لە رێگەى سنووردارکردنى تۆڕەکان بەرەنگارى بۆوە.

هەواڵگرى رۆڵى سەرەکى هەبوو، ئیسرائیل پشتى بە تۆڕێک لە جاسووس لەناو ئێران دەبەست بۆ دیاریکردنى ئامانجەکان بەوردى، کە ئەوەش مەترسى دزەکردنى مرۆیى و تەکنەلۆژى لێ دەکەوێتەوە، راپۆرتەکە هۆشدارى لە هەڕەشەکانى داهاتوو دەدات، کە هەندێک جار لە بەرەکانى جەنگەوە نییە، بەلکوو لە ناوخۆیە، کە دۆخى لاوازى کۆمەڵایەتى یاخود ئابوورى دەقۆزنەوە.

عەلى ئەسمەر، شارەزاى کاروبارى سیاسى تورکیا دەڵێت، ئەو راپۆرتە مۆرکێکى لێکۆڵینەوەیى سەبارەت بە داهاتوو پێوەیە، زیاتر لەوەى کە تەنیا بەڵگەنامەیەکى ئەمنى بێت، کاتى بڵاوکردنەوەکەشى لەدواى وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى لە لایەن د.ئیبراهیم کاڵنەوە، کە ئەوەش دەلالەتێکى سیاسى و ئەمنى هەیە.

بەگوێرەى قسەکانى ئەو چاودێرە، لاپۆرتەکە (58) لاپەڕەبووە، باسکردنى جەنگى نێوان ئێران و ئیسرائیلى تێپەڕاندووە، بۆ ئەوەى دیدگایەکى ستراتیژیى پێشکەوتوویى تورکی بخاتەڕوو، کە تێیدا ئەو قسەى ئەردۆغان بەکردەیى بەرجەستە بکات، کە دەڵێت، ئەگەر ئاشتیت دەوێت، خۆت بۆ جەنگ ئامادە بکە.

راپۆرتەکە بە درێژیى باسى لە توانا سەربازییەکانى ئیسرائیل کردووە، کە هەڵگرى پەیامێکە کە ناوەڕۆکەکەى ئەوەیە تورکیا بە وردى چاودێرى ئیسرائیل بکات، خۆى بۆ هەموو سیناریۆکان ئامادە بکان، سەرەڕاى ئەوەى بەدوورى زانیووە کە هیچ بەرەنگاربوونەوەیەکى راستەوخۆ لەنێوانیان رووبدات، عەلى ئەسمەر پێى وایە، ئەو راپۆرتە هۆشدارییەکى ناڕاستەوخۆی رانەگەیێندراوە بۆ ئیسرائیل، کە پێویستە رێز لە هاوسەنگى ناوچەیى بگرێت.

ئەو راپۆرتە تەنیا پەیام نییە لەسەر دەرەوە، بەڵکوو پەیامەکان بۆ ناوخۆى تورکیاشە، کە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە ئامادەسازیى سەربازیى کەمتر نییە لە سەقامگیرى ئابوورى، بە پێویستیشى دەزانێت پاڵپشتى پیشەسازیى بەرگریى نیشتیمانى بکرێت لە ژینگەى نێودەوڵەتى ناجێگیر و بوونى بنکەى بیانى ناو وڵات.

سەرچاوە: ماڵپەڕی جەزیرە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین