توركيا بەردی بناغەی رێڕەوی زەنگزور دادەنێت شیکاری

نوچە نێت

وەرگێڕانی: سنوور یاسین

تورکیا پڕۆژەی دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەری (244) کیلۆمەتری قارس – ئیگدیر – ئارالیک – دیلوکو لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە دەست پێكرد، وەک بەشێک لە دامەزراندنی بناغەی ڕێڕەوی زەنگزور.

ڕۆژی شەممە (23/ئاب/2025) ئاژانسی (ئەنادۆڵ) بڵاویکردەوە، عەبدولقادر ئۆراڵئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا دەڵێت، دەستپێکردنی ئەم پڕۆژەیە وەک یەکەم هەنگاو دەبێت بۆ بەدیهێنانی ڕێڕەوی زەنگزور و نیشاندانی ئاشتی و هاوکاری لە باشووری قەوقاز و ئۆراسیا.

بناغەی هێڵی شەمەندەفەرەکە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا، وڵاتەکە بە ڕێڕەوی زەنگزور دەبەستێتەوە، ئەمەش دەبێتە بەشێک لە سەرەتای سەردەمێکی نوێی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە باشووری قەوقاز. ئۆراڵئۆغڵو دەشڵێت، تورکیا وەک پردێک لەنێوان ئاسیا و ئەوروپا کار دەکات و ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە رێڕەوی ناوەڕاستدا. لە ڕێگەی پڕۆژە گرنگەکانی وەک هێڵی شەمەندەفەرەکانی بۆ پایتەختەکانی وەک باکو-تبلیسی و چەندین پڕۆژەی تریش.

وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا ڕاشیگەیاند، "ئێمە دەستمان کردووە بە دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر کە تورکیا، ئازەربایجان و ئەرمەنستان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی نێوان ئاسیا و ئەوروپا بەهێز دەکات، لە 2002 وەوە هێڵی شەمەندەفەر دەستپێشخەرییەکی سەرەکی حکومەت بووە چونکە هێڵەکانی شەمەندەفەری وڵاتەکە بە بەندەرەکان، ناوچە پیشەسازییەکان و ناوەندە گرنگەکانی جیهان دەبەستێتەوە بۆ باشترکردنی تۆڕی گشتی.

بە گوتەی وەزیرەکەی تورکیا، وڵاتەکە بەرەو مۆدێرنکردنی هێڵەکانی شەمەندەفەری ئێستا دەڕوات و لە ماوەی (23) ساڵی ڕابردوودا، نزیکەی (300) ملیار دۆلار لە گواستنەوە وەبەرهێنانی تورکیا کراوە، (64) ملیار دۆلار تایبەت بە هێڵی شەمەندەفەر تەرخانکراوە، هەروەها هێڵەکان فراوانتر کراون بە زیادکردنی (3) هەزار کیلۆمەتر هێڵی نوێ، کە )2251( کیلۆمەتریان خێرایە.

هێڵی شەمەندەفەری نوێی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا دەبێتە سەردەمێکی زێڕین بۆ بازرگانی جیهانی، بەتایبەتی بۆ ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندییان بە ڕێڕەوی ناوەڕاستەوە هەیە کە پێکدێت لە (224) کیلۆمەتر هێڵی شەمەندەفەر جووت هێڵ و کارەبایی و سیگنال دەبێت و توانای گواستنەوەی (5) ملیۆن و (500) هەزار گەشتیار و (15) ملیۆن تەن باری هەیە. (5) تونێلی سەرەکی، (19) تونێلی بڕین و داپۆشین، (10) پرد، (144) ئەندەرپاس لەخۆ دەگرێت.

بەهۆی ڕێگەی زەنگزورەوە هێڵی شەمەندەفەر ژێرخانی ئابووری، بەرهەمهێنان، هەناردەکردن و گەشتیاری لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا، بەتایبەتی لە ناوچەی دەریای ناوەڕاست، باشتر دەبێت و پارێزگای قارس لە باشووری ڕۆژهەڵات وەک دەروازەیەکی پۆڵایین بۆ ئەم ڕێگایە بەکار دەهێندرێت. پڕۆژەکە بڕی (2.4) ملیار یۆرۆی (نزیکەی 2.8 ملیار دۆلار) تێدەچیت و پێشبینی دەکرێت تاوەکو پێنج ساڵی داهاتوودا تەواو بێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین