ئەردۆغان: كوردەكان لە هەر كوێ بژین برای ئێمەن تورکیە

نوچە نێت

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لە كاتی گەڕانەوەی لە چین بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، سووریا بە تەنیا بەجێناهێڵین، بەردەوام دەبین لەگەڵیان، سەبارەت بە كوردیش گوتی، كوردەكان لە هەر كوێ بژین برای ئێمەن.

سێشەممە (دووی ئەیلوول/2025) ماڵپەڕی (ئەنادۆڵ) بڵاوی كردەوە، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، ژمارەیەك لایەن دەیانەوێت ئاژاوە لە سووریا درووست بكەن، پشتیوان بەخودا رێگە نادەین هیچ كەس رێگری لە هەڵسانەوەی سووریا بكات، هەر كەسێك بیەوێت بەربەست لەبەردەم هەڵسانەوەی سووریا درووست بكات، لە داهاتوو باجەكەی دەدات.

سەبارەت بە كوردیش ئەردۆغان گوتی، كوردەكان لە هەر جێگەیەك بژین، ئەوان برای ئێمەن، هیچ كەسێك ناتوانێت جیاوازی بخاتە نێوانمان.

دەربارەی دۆخی سووریاش ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە توركیا چاو لە هیچ كەسێك ناپۆشێت بیەوێت ئاژاوە لە سووریا درووست بكات، خودی حكومەت لە دیمەشقیش رێگە بەوە نادات، ئێمە دەمانەوێت ئاشتی هەمیشەیی لە سووریا بەرپابێت، بایەخی گەورە بە یەكپارچەیی و یەكگرتوویی خاكی سووریا دەدەین، چونكە لە رابردووی نزیك بینیمان هەر ئاڵۆزییەك لە سووریا درووست ببێت، راستەوخۆ چ كاریگەریەكی لەسەر ئێمە دەبێت، بۆ پێویستە رەچاوی ئەوە بكەین.

ئەردۆغان گوتیشی، سوریا بە هەموو پێكەهاتە و رەنگەكانی بە یەكگرتوویی دەمێنێتەوە، ئەحمەد شەرع و ئیدارەكەی پاڵپشتی ئەو بۆچوونەمان دەكەن، ئەمجارە فەرمانڕەواكانی جەنگ كە وەبەرهێنان لە ئاژاوە دەكەن زیانی گەورەیان بەردەكەوێت، ئەوەش لە كاتێدایە گەلی سووری بە هەموو پێكهاتەكانی عەرەب و كورد و توركمان و نوسەیری و سوننە و مەسیحی سەركەوتوو دەبن.

مانگی كانوونی یەكەمی (2024) دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆكی پێشووی سووریا لە لایەن بەرەی هەیئەی تەحریری شام، بە سەرۆكایەتی ئەبوو محەمەدی جۆلانی كۆتیی پێهات، پاشان ناوەكەی گۆڕی بۆ ئەحمەد شەرع، لەو كاتەوە توركیا تەواوی پاڵپشتی حكومەتی نوێی سووریا دەكات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین