ئه‌مریكا و به‌ریتانیا: بۆ به‌ردانى گیراوه‌كان پاره‌ به‌ ئێران ناده‌ین

نوچه‌نێت

وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و بەریتانیا وێرای ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکان لە بەرانبەر پێدانی پارە، جەختیان کردەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە هەوڵی دیپلۆماتیک دەدەن. دۆمەنیک ڕاب ڕایگەیاند باسەکان سەبارەت بە ئازادکردنی نازەنین زاغری لە بەرانبەر پێدانەوەی قەرزەکانی وڵاتەکەی بە تاران ورد نین.

ئەمڕۆ سێشەممە چواری ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دویچە ولە" بڵاوی کردەوە، ئەنتونی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و دۆمەنیک ڕاب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، وێرای جەختکردنەوە لە هەوڵە دیپلۆماتیکەکان بۆ ئازادکردنی هاووڵاتیانیان لە ئێران، ڕایانگەیاند ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان سەبارەت بە ڕێککەوتن لەگەڵ تاران بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکان لە بەرانبەر پێدانی پارە بەو وڵاتە هەڵەن. 
بلینکن و ڕاب، دوای دیدارەکەیان لە پەراوێزی کۆبوونەوەی "G 7"، کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانییان بەڕێوە برد. دۆمەنیک ڕاب ڕایگەیاند ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە ئازادی نازەنین زاغری لە بەرانبەر پێدانەوەی قەرزە کۆنەکانی لەندەن بە تاران "ورد" نین. 
هەروەها ئەنتونی بلینکن جەختی کردەوە کە گەڕاندنەوەی هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوەکان بۆ ئەمریکا، ئامانجی لەپێشینەی ئەمریکایە و گوتی: "پێویستە بە توندی لە بەرانبەر دەستبەسەرکردنی لاسارانەی هاووڵاتیانمان کە بە مەبەستی سیاسی دەستبەسەر دەکرێن، هەڵوێست بگرین". 
وەزیری دەرەوەی بەریتانیایش لە لێدوانێکی هاوشێوەدا بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: "ئیدارەی بۆریس جۆنسۆن سەرقاڵی هەوڵێکی چڕە بۆ ئازادکردنی هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوەکان لە ئێران". 
دۆمەنیک ڕاب، ڕایگەیاند ئازادکردنی ئەو زیندانیانەی کە بە شێوەی لاسارانە و نایاسایی لە ئێران دەستبەسەر کراون، ئەرکی تارانە. 
ڕاب پێشتر گوتبووی شێوەی هەڵسوکەوتی ئێران لەگەڵ نازەنین زاغری-ڕتکلیف دەچێتە خانەی ئەشکەنجەوە. 
بۆریس جۆنسۆن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئێوارەی دووشەممە جەختی کردەوە کە ئازادی خاتوو نازەنین زاغری و قەرزە دە ساڵەکانی بەریتانیا بە ئێران، دوو بابەتی جیاوازن بەڵام لەندەن هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئازادکردنی ئەو زیندانییە کە ڕەگەزنامەی ئێرانی- بەریتانیی هەیە. 
کەناڵی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی و ڕۆژنامەی "ئەلمەیادین" سەر بە حزبوڵای لوبنان، ڕۆژی یەکشەممە ( دووی ئایار) لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویان کردەوە تاران و لەندەن ڕێککەوتوون بۆ ئازادکردنی خاتوو نازەنین زاغری لە بەرانبەر پێدانەوەی ٤٠٠ ملیۆن پاوەند قەرز بە ئێران. 
حۆجەت کرمانی، پارێزەری خاتوو نازەنین زاغرییش ڕایگەیاندووە ئاگای لەو بابەتە نییە و هیچ نامەیەکی سەبارەت بە ئازادکردنی ئەو خاتوونە پێنەگەیشتووە. 
پێشتریش ند پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تەنیا چەند خولەک دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێکی ئێران سەبارەت بە ڕێککەوتنی تاران و واشنتۆن دەربارەی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکانیان گوتبووی، "ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لەو بارەوە ڕاست نین".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی، "بەو جۆرەی ڕامانگەیاندووە، ئێمە بەردەوام دۆسیەی هاووڵاتیانی دەستبەسەرکراو یان ونبووی ئەمریکامان خستووەتە ڕوو. تا کاتێ ئەو کەسانە نەگەڕێنەوە ناو خێزان و کەسوکاریان دەست لە هەوڵەکانمان هەڵناگرین".

 


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین