مانۆڕە سەربازییەكانی میسر و توركیا ئیسرائیل نیگەران دەكات هەواڵ

نوچە نێت

حوسێن هەریدی، یاریدەری پێشووتری وەزیری دەرەوەی میسر رایگەیاند، لەدوای (13) ساڵ پچڕان مانۆڕە سەربازییەكانی نێوان سوپای میسر و توركیا دەستی پێكردووە. بەگوتەی لێكۆڵەرێكی ئیسرائیلیش ئەو مانۆڕە هەڕەشەیە بۆ سەر وڵاتەكەی.

ئەمڕۆ سێشەممە (23/ ئەیلوول/2025) ماڵپەڕی (ئاڕتی) بڵاوی كردەوە، حوسێن هەردیی رایگەیاند، هەماهەنگی نێوان ئەنقەرە و قاهیرە لە چوارچێوەی هەوڵە دوژمنكاریی و فراوانخوازییەكانی ئیسرائیلە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پەیامێكی راستەوخۆشە بۆ ئیسرائیل و ئەمەریكا لایە پاڵپشتەكانی تەلئەبیب.

حوسێن هەریدی لە بەشێكی دیكەی قسەكانی ئاماژەی بەوەدا ئاراستەی ئاشتەوایی نێوان توركیا و میسر تەنیا كورتنەكراوەتەوە لە ئابوویی یا سیاسەتی دەرەوە، بەڵكوو گەیشتۆتە ئاستی دۆسیە هەستیارەكان، لەوانەش هەماهەنگی ئەمنی و سەربازیی، ئەوەش بەرەوپێشچوونی گەورە و بەڵگەدار لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان قاهیرە و ئەنقەرە هەیە، لە داهاتوو دەچێتە قۆناغێكی نوێی خاوەن رەهەندی ئەمنی و بەرگریی، ئەو مانۆڕانەش لە داهاتوو دەرگا لەسەر پەرەپێدانی ئەو هەماهەنگییە دەكاتەوە، بەڵام ئەو هەماهەنگییە لە بواری بەرگریی و وەڵامدانەوە دەمێنێتەوە.

لە لایەكی دیكەوە مۆردەخای كیدار، لێكۆڵەری ئیسرائیلی لەبواری كلتووری عەرەبی هۆشداری دەدات لەسەر جووڵەكانی میسر لەگەڵ توركیا حەماس، كە لە كاتێدایە رۆڵی نێوەندگیر بۆ چارەسەری قەیرانی جەنگ لە غەزە دەبینێت.

ئەو لێكۆڵەرە ئیسرائیلیە سەیارەت بە مانۆڕە سەربازییەكانی نێوان میسر لەگەڵ توركیا دەڵێت، لەسەر میسر پێویستە هەڵوێستی یەكلا بكاتەوە، ئایا لەگەڵ ئیسرائیلە یاخود لەگەڵ حەماس؟.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانی گوتی، ئێمە چاوەڕوانین میسر یا لەگەڵ ئێمە بێت یا دژمان بێت، ناكرێت لەسەر دیوارێك دانیشێت و قاچێكی لێرە بێت و قاچەكەی دیكەی لەوێ بێت، پاڵپشتی حەماس بكات و هاوكاری ئیسرائیل بكات لە دانوستاندنەكان بۆ ئازادكردنی رفێندراوەكان، بەڵێ میسر رۆڵی نێوەندگیر دەبینێت، بەڵام لە هەمان كاتدا كۆمەڵێك تۆمەت لەسەر بردی چەك لە خاكی میسرەوە بۆ غەزە هەیە، بۆیە ناكرێت هەردوو سەری دارێك بگرێت، بەڵكوو پێویستە لەسەری بڕیاڕێكی روون بدات، ئایا تیرۆستێكی حەماساوییە، یاخود ئاشتیخوازێكی ئبسرائیلیە، قسەكانم لێرە گشتین، تەنیا پەیوەست نییە بە جەنگی غەزە.

دەزگا راگەیاندنەكانی ئیسرائیل بە وردی تیشكیان خستۆتە سەر مانۆڕە سەربازییەكەی توركیا و میسر كە بەناوی "دەریای دۆستایەتی" لە رۆژی دووشەممە (22)ی مانگی نۆی (2025) دەستی پێكردووە، بڕیارە تاوەكوو (9/26) لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەند بەردەوام بێت.

مانۆڕەكانی "دەریای دۆستایەتی" یەكەم جار لە (2009) لە ئاوەكانی دەریای ناوەند دەستی پێكرد، تاوەكوو ساڵی (2013) ساڵانە مانۆڕی هاوبەشیان ئەنجام دەدات، بەڵام دواتر بەهۆی ئاڵۆزییە سیاسییەكانی نێوان ئەنقەرە و قاهیرە وەستا.

چاودێرانی سیاسی دەستپێكردنەوەی ئەو مانۆڕانە بە ئاماژەیەكی روون دادەنێنن لەسەر ئاساییبوونەوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان و خواستی هاوبەشیانە لە بەهێزكردنی هەماهەنگی ئەمەنی و بەرگری لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەند.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین