سەردانى سەرۆکى ئەنجوومەنى سەرۆکایەتى سوودان بۆ تورکیا  دەسپێکى قۆناغێکى نوێ وەرگێڕان

نوچەنێت

وەرگێرانى: ئیسماعیل تەها

رێورەسمى ئەو پێشوازیە گەرمەى رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمارى تورکیا لە عەبدولفەتاح بورهان، سەرۆکى ئەنجوومەنى سەرۆکایەتى سوودان لە ئەنقەرە  لە چەند رۆژى رابردوو، رەنگدانەوەى ئەو گۆڕانکارییە قووڵەیە لە پەیوەندیەکانى نێوان تورکیا ــ سوودان، ئەو سەردانە لە کاتێکى زۆر هەستیار بوو، پەیامێکى روون بوو، کە ناوەڕۆکەکەى ئەوەیە، تورکیا قوورسایى سیاسى و سەربازیى خۆى بۆ پاڵپشتى حکومەتى سوودان خستۆتەگەڕ، پاڵنەرەکەش خواستى بەهێزکردنیەتى هەژموونى خۆیەتى لە رۆژهەڵاتى ئەفریقیا.

سوودان لە هاوکێشەکانى تورکیا

چەندین پاڵنەر و هاوکێشەى جیاواز هەیە، وایکردووە تورکیا سووربێت لەسەر گەڕانەوەى بەرەو سوودان، کە گرنگترینیان ئەمانەن:

پێگەى جیۆستراتیژیى سوودان، سوودان لە باکوور و رۆژهەڵاتى ئەفریقیا خاوەنى پێگەیەکى جیۆستراتیژیی کەموێنەیە، کە بۆ سەر دەریاى سوور درێژ دەبێتەوە،  لە بارزگانى جیهانى شادەمارێکى زیندووە، ئەو پێگەیە بایەخێکى تایبەتى لە هاوکێشەکانى تورکیا هەیە، بەهۆى ئەوەى چاوى لەوەیە بگاتە دەریاى سوور کە ناوچەیەکى ململانێ گەورەکانە، نەک تەنیا لەگەڵ هێزە هەرێمیەکانى وەک میسر و سعوودیە و ئیمارات، بەڵکوو لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییە گەورەکانى وەک رووسیا و چین و ئەمەریکاش.

سامانى سرووشتى و وەبەرهێنان: سوودان وڵاتیکى دەوڵەمەنە بە زێر و نەوت و کانزا و  سەرچاوە کشتووکاڵییەکان، تورکیا تمووحى هەیە بەهێزەوە بچێتە ناو ئەو کەرتانە، ئەوەش لە رێگەى وەبەرهێنان و کۆمپانیاکانە، کە لە سایەى ئەو پێویستیە ئابوورییەى سوودان هاوبەشى ئابوورى دەبەخشێتە تورکیا بۆ پاڵپشتى ئابووریەکەى.

هەژموونى مێژوویى و ئایینى، هاوسۆزیى عوسمانى رۆڵى لە سیاسەتى تورکیا بەرانبەر سوودان هەیە، ئەنقەرە بەبەشێک لە درێژبوونەوەى مێژوویى خۆى دەبینێت، هەوڵ دەدات لە رێگەى رەهەندى مێژوویى و کلتووریى ئەو هەژموونە بگێڕێتەوە، بەتایبەت لە ناوچەکانى رۆژهەڵات، وەک دووبارە شیاندنەوە و نۆژەنکردنەوەى دوورگەى سەواکین.

وەبەرهێنانەکان قووڵبوونەوەى کلتوورى، تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەى زۆرترین کۆمپانیاى چالاکى لە بوارى بیناسازیى و سامانى ژێر زەوى لە ئەفریقیا هەیە، هەوڵى بەدەستهێنانى دەرهێنانى زێڕ لە سوودان دەدات، لە پاڵ ئەوەش چەندین پڕۆژەى کشتووکاڵى هەیە، سوود لە بە پیتى خاک و ئاوى سوودان دەبینێت.

کۆمپانیا تورکییەکان هەوڵدەدەن مۆڵەتى گەڕان دەرهێنانى زێر و سامانى ژێر زەوى و وەبەرهێنان لە خاکى فراوانى کشتوکاڵى لە سوودان بەدەستبهێنن، بۆ دابینکردنى پێداویستییەکانى ئاسایشى خۆراکى تورکیا، ئەوەش پەیوەندییەکى تۆکمەى لەنێوان ئابوورى هەردوو وڵات درووست کردبوو، پێشتر لێکتێگەیشتن هەبوو لەنێوان سوودان و تورکیا لەسەر پێشکەشکردنى پێداویستییە جۆراوجۆرەکان بۆ هێڵى ئاسنى سوودان و تێچووى درووستکردنى هێڵى ئاسنى سوودان و مەشقى کارمەندان لە بوارە جۆراوجۆرەکان، ئەو لێتێگەیشتنەش پێویستى بە روونکردنەوەى زیاتر هەبوو لەو سەردانەى عەبدولفەتاح بورهان گفتوگۆى لەسەرکرا، ئەو پڕۆژەیە لە پاڵ پڕۆژەى هێڵى بۆرتسوودان ــ داکارە، کە رێکخراوى هەماهەنگى ئیسلامیى چاودێرى دەکات.

ئەوەى تێبینى دەکرێت پەیوەندییەکانى نێوان سوودان و تورکیا بەرەو پێشچوونێکى بەرچاوى بەخۆیەوە بینیووە، کە رەنگدانەوەى لەسەر شاندنەکەى عەبدولفەتاح بورهان هەبوو، کە هەریەک لە معاویە عوسمان خالد، بریکارى وەزارەتى دەرەوە و ئەحمەد ئیبراهیم موفەزەڵ، بەڕێوبەرى دەزگاى هەواڵگرى و میرغینى ئیدریس، بەڕێوبەرى گشتى سیستەمى پیشەسازیى بەرگرى تێدابوو، ئەوەش واتا بە سەرپەرشتى و چاودێرى سەرکردایەتى هەردوو وڵات بۆ هەماهەنگی لەسەر پرسە دوو لایەنەکان و هەماهەنگى تۆکمە لەنێوان لیژنە وەزارییە هاوبەشەکانى نێوان هەردوو وڵات بەڕێوەچووە، لەم رووەشەوە ئەردۆغان خواستى وڵاتەکەى نوێکردەوە بۆ بەهێزکردنى هەماهەنگى لەگەڵ سوودان لە ژمارەیەک بوار، بەتایبەت بازرگانى و کشتوکاڵ و پیشەسازیى بەرگریى و سامانى ژێر زەوی.

ئەردۆغان لە سەردانى بۆ سوودان لە مانگى کانوونى دووەمى (2017) لە یەکەم سەردانى بوو بۆ سوودان (22) رێککەوتنى لەنێوان ئەنقەرە و خەرتووم واژۆ کرا، لەوانە رێککەوتنى دامەزراندنى بانکى هاوبەش و رێککەوتنى هەماهەنگى لە بوارەکانى کشتوکاڵ و نەوت و پیشەسازیى و وزە و خوێندن و تەندروستى، ئەوە جگە لە رێککەوتنى درووستکردنى ئەنجوومەنێک بۆ هەماهەنگى ستراتیژیى نێوان هەردوو وڵات، هەر لەو سەردانە بزنسمانەکانى هەردوو وڵات نۆ رێککەوتنیان بۆ درووستکردنى پڕۆژەى کشتوکاڵى و پیشەسازیى و درووستکردنى فڕۆکەخانە لە پایتەختى سوودان واژۆ کرد، ئەوکاتە قەبارەى بازرگانى هەردوو وڵات (500) ملیۆن دۆلار بوو، وڵات خواستى ئەوەیان هەبوو ئەو بڕە بۆ یەک ملیار دۆلارى ساڵانە بەرزبکەنەوە، ئەوەش وەک رێگەخۆشکردنێک بۆ بەرزکردنەوەى بۆ (10) دۆلار لە داهاتوو.

هەر لەو سەردانە نزیکەى (200) بزنسمان یاوەرى سەرۆکى تورکیا بوون، وەبەرهێنانى تورکیا لە سوودان نزیکەى (650) ملیۆن دۆلار بوو، نزیاتر لە (200) کۆمپانیاى تورکى لە بوارى درووستکردنى خزمەتگوزارى خانووبەرە کاردەکەن، هەروەها کۆمپانیاى "پتڕۆڵ تورک" کە سەربە حکومەتى تورکیا رێککەوتنى لەگەڵ وەزارەتى نەوتى سوودان واژۆکرد بۆ پەرەپێدانى چەند کێڵگەیەک، بە ئامانجى کردنەوەى دەرگا لەبەردەم وەبەهێنانى تورکیا لە سوودان، لە پاڵ ئەوەشدا رێککەوتنى بەڕێوبەرایتى گشتى بۆ داهاتى کشتووکاڵى سەر بە وەزارەتى کشتوکاڵ و دارستانى تورکیا و وەزارەتى کشتوکاڵى سوودانى واژۆ کرد، کە لەسەر دیاریکردنى زەوى کشتووکاڵى بوو بۆ تورکیا و ئاسانکارى هێنانى پێداویستى و ئامێرى کشتووکاڵى تورکیا بۆ سوودان کە بەهاکەى دەگەیشتە (100) مليۆن دۆلارى ئەمەریکا، جەختیش لە سەر ئەوە کرایەوە، کە بڕى ئەو زەویەى دیاریکراوە دەگاتە (780) هەزار و (500) هێکتار زەوى، کە کاریگەرى دەستەبەرکردنى ئاسایشى خۆراکى تورکیا و سوودان و وڵاتانى دیکە دەبێت.

سەواکین جووڵاندنى وەستانى پەیوەندییەکان

پێشبینى دەکرێت لەو ردانە خاڵ سەر پیتى ژمارەیەک دۆسیەى هەڵپەسێردراوى سوودان داندرابێت، کە ماوەیەکە هەڵپەسێدراون، هەردوو وڵات رێککەوتنى هەماهەنگى سەربازیى و ئەمنیان واژۆکردووە، لەوانە درووستکردنى بەندەرێک بۆ چاکردنەوەى کەشتى مەدەنى و سەربازیى لە بەندەرى عوسمان دەقنە لە سەواکین، لە پاڵ رێککەوتنى دوورگەى سەواکینى گەشتیارى کە تورکیا مافى پەرەپێدان و بەڕێوەبردنى وەرگرتبوو، ئەردۆغان لە (2017) رایگەیاند، بڕیارمان داوە هوتێلێکى گەورەى (300) ژوورى لێ درووست دەکەین، ئەو کاتەش ئەردۆغان پێشنیارى کرد، کە دووبارە نۆژەنکردنەوەکەى دورگەى سەواکین بە جۆرێک بێت لەگەڵ شێوە کۆنەکەى سەردەمى عوسمانى گونجاو بێت.

ئەردۆغان لەگەڵ هاوتا سوودانیەکەى سەردانى دوورگەى سەواکینى کرد، ئەو پڕۆژەیە ئاژانسى هەماهەنگى و هاوکارى تورکى (تیکا) کە ئەرکى نۆژەنکردنەوەى شوێنەوارە عوسمانییەکانى لە ئەستۆیە کارى نۆژەنکردنەوەى دەکرد، لەو سەردانە هەردوو سەرۆک سەردانى باڵەخانەى گومرگ و هەردوو مزگەوتى مێژوویى حەنەفى و شافیعیان لەو دورگەیە کرد، پاشان ئەردۆغان گوتى، ئەو تورکانەى دەیانەوێت بچن بۆ عومرە بە رێگەى دوورگەى سەواکین بۆ عومرە سەردانى سعوودیە دەکەن، ئەو دوورگەیە چەندین شوێنەوارى سەردەمى عوسمانییەکانى تێدایە، بارەگاى فەرمانڕەواى عوسمانى بوو لە باشوورى دەریاى سوور.

دوورگەى مێژوویى سەواکین بۆ وەبەرهێنانى گەشتیارى دیاری کرا، کە لە دەرەوەى بەندەرى"عوسمان دەقنە"یە، ناوچەیەکە پڕە لە شوێنەوارى تورکى، سوودان دەخوازێت، بۆ شیاندنەوەى ئەو ناوچەیە بۆ ئەوەى ببێتە شوێنیکى گەشتیارى و سەردانى حاجیانى تورک هەماهەنگى لەگەڵ تورکیا بکات، ئەوکاتەش ئەردۆغان رەزامەندى لەسەر ئەوە دا، کە تورکیا لە ماوەیەکى دیاریکراو دوورگەى سەواکین نۆژەن بکاتەوە، کە پایەخێکى سیمبولى و مێژوویى گەورەى هەیە، کاتێک دەوڵەتى عوسمانى فەرمانڕەوایى ئەو ناوچەى دەکرد، سەواکین راستەوخۆى پەیوەندى بە خەلیفەى عوسمانى لە ئەستانە دەکرد، نەک فەرمانڕوا لە سوودان یان میسر.

بەندەرى سەواکین بە دێرنترین بەندەر لە سوودان دادەندرێت، تاوەکوو ئێستا بۆ گواستنەوەى گەشتیاران و حاجیان و کاڵا و رەوانەکردنى سامانى ئاژەڵى بۆ بەندەرى جەددە لە سعوودیە بەکار دێت، سەواکین دواى بۆرسودان دووەم بەندەرى سوودانە.

ئاسایش و بەرگرى لە چوارچێوەى ئەو سەردانەى بورهان بۆ ئەنقەرە دەستپێک  دەبێت بۆ قۆناغى "هاوبەشى کامڵ" تورکیا تەنیا بە رۆڵى نێوەندگیرى مرۆیى نەوەستاوە، بەڵکوو وەک یاریکەرێکى ستراتیژیى قوورسایى سەربازیى و ئابووریى خۆى بۆ گرەنتى مانەوەى دەوڵەتى سوودان لەژێر سەرکردایەتى سوپا بەکاردەهێنێت، ئەو کارانەى لە بەرانبەر دەستەبەرکردنى بەرژەوەندییە زیندووەکانیەتى لە قووڵایى کیشەوەرى ئەفریقیا و کەناراوەکانى سەردەریایى سوورە، پەیوەندییە سەربازییەکان و مەشقى ئەمنى لەو سەردانە گفتوگۆى لەسەر کراوە، رێککەوتنى هەماهەنگى تورکیا و سوودان مەشق و ئاڵۆگوڕى ئەزموونى سەربازیى دەگرێتەوە، هەندێک لە راپۆرتەکان ئاماژە بە بەردەوامى هەماهەنگى رانەگەیێندراو لە نێوان ئەنقەرە و سوپاى سوودان هەبووە، ئەوەش بۆتە هۆى ئەوەى کە لە داهاتوو تورکیا پەیوەندییەکى دامەزراوەیى لەگەڵ سوپا دامەزرنێت، پەیوەندییەکان فراوان بێت.

ئەردۆغان لە گفتوگۆکانى لەگەڵ بورهان بە روونى ئاماژەى بە بەهێزکردنى هەماهەنگى لە بوارى بەرگرى لەنێوان هەردوو وڵات کردووە، ئەو دۆسیە بەردى بناغەیەى پاڵپشتى تورکیا بۆ سوپاى سوودان وەک هاوبەشێکى متمانەباوەڕپێکراو لە رێگەى تەکنەلۆژیاى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى وەک بەیرەقدارى ئاکنجى و جۆرەکانى دیکەش رۆڵى سەرەکیان هەبوو لە گۆڕانکاریی هاوسەنگى هێزەکان لە زۆربەى بەرەکانى جەنگ لە سوودان، ئەوەش بۆتە هۆى بەهێزکردنى ئەنقەرە وەک بەشێک لە دیپلۆماسى بەرگرى تورکیا و دەستەبەرکردنى سەکۆى مەشق و پەرەپێدانى تواناکان، هەر ئەوەشە وایکردووە لە درێژمەودا سوپاى سوودان لە رووى تەکنیکى هونەریەوە پەیوەست بێت بە سیستەمى سەربازیى تورکیا.

چاوەڕوان دەکرێت ئەو سەردانەى بورهان کاریگەرى لەسەر پەرەپێدانى پەیوەندییەکان لە بوارى پێشەسازیى بەرگریى و لێتێگەیشتنى زیاتر بۆ کڕینى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى تورکى لە لایەن سوودانى هەبێت، کە ئێستا خەرتووم خاوەنى کۆمەڵێک فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى تورکی و فراوانى لە مەشق بۆ بەکارهێنانى و مەشقى هێزەکانە بۆ ئەرکى تایبەتە، پیشەسازیى بەرگریى سوودان کارى زۆرى لەسەر پەرەپێدانى ئامێر و پێداویستى و چەکى قورس کردووە، لەوێوە رەوانەى وڵاتانى ئەفریقیا و عەرەبى کراوە، سوودان پەرەى بە فڕۆکەى جۆرى "زاجل" داوە، کە درووستکراوێکى ناوخۆیى وڵاتەکەیەتى، سوودان خاوەنى چەندین جۆرى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانە، کە لەناوخۆى سوودان پەرەى پێداوە، بۆتە نموونەى فڕۆکەى سەفروق و سەبرە، لە پاڵ دوو جۆرى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى ئێرانى جۆرى (قودس ئەبابیل) و (قودس موهاجیر) لە ژیر ناوى (ئەبابیل 3) پەرەى پێدراوە، كە لە سوودان بە "زاجل3" ناسراوە، کە دروستکراوێکى ناوخۆییە لە کۆمەڵەى سافات لە سیستەمى پێشەسازیى بەرگریى سوودانى.

سەردانەکەى بورهان جەختکردنەوەیە لەسەر دیدى تورکیا بۆ سوودان، بەو پێیەى سوودان وڵاتێکى خاوەن هێزە لە ستراتیژى تورکیا بۆ قووڵبوونەوەى لەو کیشوەرە، کە خاوەنى کەناراوى ستراتیژیییە لەسەر دەریایى سوور، تورکیا هەوڵى دووبارە زیندووکردنەوەى لێتێگەیشتنە کۆنەکان و پەرەپێدانى هاوبەشى نوێى دەریایى دەدات کە بۆ ململانێى هێزە هەریمى و نێودەوڵەتییەکانى دیکە کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە بازرگانییەکانى جیهان و بەهێزکردنى بوونى هەرێمى تورکیا  شوێنێکى زیندووە، خەرتووم چەند ساڵێک پێش ئێستا چەندین لێتێگەیشتنى لەگەڵ ئەنقەرە هەبوو ــ بەڵام ئاشکرا نەکراوە ـــ کە لەنێوان خلوسى ئاکار، فەرماندەى سوپاى تورکیا و عمادەدین مستەفا عەدەوى، فەرماندەى سوپاى سوودان و غانم شاهین غانم فەرماندەى سوپاى قەتەر، ئەو ماوەیە سەردانى خەرتوومیان کردبوو، ئەو لێتێگەیشتنانە واژۆکرابوون.

کۆتایی:

ئەو سەردانەى بورهان گواستنەوەیەکى نوێیە لە پەیوەندییەکانى سوودان و تورکیا، دەستپێکردنى قۆناغێکى نوێى هاوبەشە، ئەو هاوپەیمانییە ستراتیژییە قوورسایى سەربازیى و ئابووریى بۆ گرەنتى هێشتنەوەى سوودان لەژێر سەرکردایەتى سوپا بەکاردەهێنێت، لە بەرانبەر دابینکردنى بەرژەوەندییە زیندووەکانى لە قووڵایى کیشەوەری ئەفریقیا، ئەو سەردانە بووە هۆى جێبەجێکردنى زیاترى رێککەوتنە ئەمنى و سەربازییەکانى نێوان هەردوو وڵات خێراکردنى هەوڵەکانى دروستکردنى بەندەرى مێرسى بۆ چاکردنەوەى گەشتییە مەدەنى و سەربازییەکان، هەروەها بووە هۆى جێبەجێکردنى لێتێگەیشتنى سوودانى بۆ زیندووکردنەوەى ئەنجوومەنى هەماهەنگى ستراتیژیى هاوبەش و هەماهەنگى ئەمنى و ئاڵوگۆڕى زانیاریى و ئەزموون و هەماهەنگى لە چەندین دۆسیە.

ئەو سەردانە بایەخەکانى تورکیاى بە ئاسایشى دەریایى سوور نوێکردەوە، کە لە چوارچێوەى گەڕان بەدواى هەژموونى هەرێمى و نێودەوڵەتى خوێندنەوەى بۆ دەکرێت، پەیامێکى سیاسیش بوو بۆ وڵاتانى کەنداو کە لە کەناراوەکانى رۆژئاواى دەریاى سوور هەیە، هەروەها دەستپێکردنى جێبەجێکردنى رێککەوتنى هەماهەنگییە لەگەڵ سوودان و بەستنەوەى بایەخەکانە بە ئاسایشى دەریاى سوور، کە ئەوەش رەنگدانەوەى لەسەر گەڕانى تورکیا بەدواى هەژموونى دەبێت لەو ناوچە گرنگەى جیهان و جەختکردنەوەیە لەسەر رۆڵى لە ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، کە لە چوارچێوەى ململانێکانى نێوان وڵاتانە کە هەوڵى درووستکردنى چەند بنکەیەک دەدات لەو ناوچەیە.

سەرچاوە:

زيارة البرهان لأنقرة تفتح الباب لنفوذ تركي أوسع في السودان، ميدل إيست أون لاين،  2025/12/25، الرابط: https://shorturl.at/qeZfc

منى سليمان، دوافع جولة “أردوغان” الإفريقية وتأثيراتها في الأمن القومي العربي، مجلة السياسة الدولية ، 6-1-2018، الرابط: https://www.siyassa.org.eg/News/15467.aspx

حسين معلوم، التوجهات التركية نحو السودان.. الدوافع والتداعيات، أصوات أونلاين، 22 أبريل 2025، الرابط: https://shorturl.at/rhsd6

النور أحمد النور، اتفاقات عسكرية واقتصادية وإعادة إعمار.. الجزيرة نت تكشف تفاصيل لقاء البرهان وأردوغان، الجزيرة نت،14/9/2023، الرابط: https://shorturl.at/NebYP

سەرچاوە: ماڵپەڕى سیاسة العامة

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین