محه‌مه‌د حاجى مه‌حموود هه‌نگاوه‌كانى نێچیرڤان بارزانى به‌ گرنگ و پێویست ده‌زانێ کوردستانی

نوچه‌نێت

دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌ یاوه‌رى جێگرانى، سه‌ردانى حزبى سۆسیالیستى كوردستانى كرد و له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حاجى مه‌حموود سكرتێرى سۆسیالیست، محه‌مه‌د حاجى مه‌حموود هه‌نگاوه‌كانى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى به‌ گرنگ و پێویست زانى.

له‌ به‌یانى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ چوارى ئایار نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌ یاوه‌رى جێگرانى سه‌رۆك سه‌ردانى سلێمانى كرد، دواى كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و یه‌كێتى نیشتمانى، سه‌ردانى حزبى سۆسیالیستى دیموكراتى كوردستانى كرد و لایه‌ن محه‌مه‌د حاجى مه‌حموود سكرتێرى حزبه‌كه‌ پێشوازى لێكرا.

راگه‌یێندراوى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌كه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم و سكرتێرى سۆسیالیست:
 

پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/5/4 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌ یاوه‌ریى به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆك له‌ سلێمانى سه‌ردانى به‌ڕێز محه‌مه‌د حاجى مه‌حموود سكرتێر و مه‌كته‌بى سیاسیى حزبى سۆسیالیست دیموكراتى كوردستانیان كرد.

له‌ دیدارێكدا دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى سیاسیى هه‌رێمى كوردستان و هه‌وڵه‌كان له‌پێناو یه‌كخستنه‌وه‌ و هاوهه‌ڵوێستیى هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا تاوتوێ كران. له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێز سكرتێرى حزبى سۆسیالیست دیموكراتى كوردستان، هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستانى به‌ گرنگ و پێویست له‌ قه‌ڵه‌م دا و هه‌موو پشتگیرییه‌كى حزبى سۆسیالیست دیموكراتى كوردستانیان بۆ دووپات كرده‌وه‌.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ گرنگیى به‌پیره‌وه‌چوونى ته‌واوى هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى به‌شدار و ده‌ره‌وه‌ى حكوومه‌تى بۆ هه‌وڵه‌كانى یه‌كڕیزى و دروستكردنى چوارچێوه‌یه‌كى هاوبه‌شى هاریكارى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان لایه‌نه‌كان كرده‌وه تا هه‌مووان پێكه‌وه‌ بتوانن سه‌ركه‌وتووانه‌ سه‌ختییه‌كانى ئه‌م قۆناغه‌ تێپه‌ڕێنن و به‌ كارى پێكه‌وه‌یى به‌ره‌و داهاتوویه‌كى باشتر بۆ هه‌رێمى كوردستان هه‌نگاو بنێن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین