ئەردۆغان: تورکیا نیشتیمانی کوردەکانی تورکیایە هەواڵ

نوچه‌ نێت

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک كۆماری تورکیا لە یەکەم کۆبوونەوەی وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، "کورد، تورک و عەرەب هاوشێوەی رابردوو چۆن شان بەشانی یەکتر سەرکەوتنیان بەدەستهێنا لە سوپای سوڵتان ئەلب ئەرسلان، سەلاحەدین و محەمەد فاتح بەرگریان کرد لە خاکی ئیسلام، بەهەمان شێوە بۆ هەتا هەتایە هاوپەیمانی تورک و کورد و عەرەب بەدەست دەهێنین."

ئەمڕۆ پێنجشەممە (دووی تشرینی یەکەم/2025) ماڵپەڕی (سی ئێن ئێن) بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەی وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی تورکیا بە بێ بەشداری ئەندامانی جەهەپە و بە بەشداری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دەستی پێکرد.

ئەوەی جێگەی سەرنج بوو هاوشێوەی دەوڵەت باخچەلی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئەندامانی دەم پارتی نزیک بووەوە و تەوقەی لەگەل هاوسەرۆکانی دەم پارتی و ئەندامانی ئیمراڵی کرد، هەروەها لە نوسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەگەل ئەندامانی دەم پارتی کۆبووەوە کە تێیدا هەریەک لە دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە و نوعمان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا تێیدا بەشداربوون.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرەتا لەوتارەکەیدا لەبارەی پرۆسەی ئاشتی سوپاسی ڕۆڵی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە و ئەندامانی دەم پارتی کرد بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەکە و بەرەوپێشوەچوون و دامەزراندنی کۆمسیۆنێک بۆ چارەسەری ئەو پرسە، هەروەها پشتیوانی خۆیانی بۆ پرۆسەکە دووپاتکردەوە.

لە وتارەکەیدا ئەردۆغان برایەتی کورد و تورکی دووپاتکردەوە و گوتی، "چۆن کورد و تورک وعەرەب هاوشانی یەکتر لە سوپای سوڵتان ئەلب ئەرسلام، سەلاحەدین و محەمەدی فاتیح سەرکەوتن و لە چەناکەلێ بەیەکەوە بەرگرییان لە خاکی ئیسلام کرد ئینشاڵڵە بەیانی و بۆ هەتاهەتایە هاوپەیمانی کورد و تورک وعەرەب لەم جوگرافییەیە بە ئاشتی و ئارامی و بەهێزەوە لەناوچەکە دەستەبەر دەکەن."

سەرۆک کۆماری جەختی لەوە کردەوە، "تورکیا نیشتیمانی کوردەکانی تورکیایە و دڵسۆزترین و متمانە پێکراترین پارێزەری کوردە لە دەرەوەی تورکیا. هەڵوێستی ئێمە لە سووریا دژی برا کوردەکانمان نییە، بەڵکو لە بەرژەوەندی ئەواندایە و ئێمە کار دەکەین بۆ رزگارکردنی ناوچەکانمان لە تیرۆر."

ئەردۆغان لەبارەی سووریاوە ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە هەر لەسەرەتاوە پشتیوان و هاوکاری یەکپارچەیی خاکی سووریامان کردووە و بەتوندی لە دژی هەموو هەوڵێکین دەوەستینەوە کە ببێتە هۆی دابەشكردنی خاکی سووریا.  

لە کاتێکدا هەست بە سستی لە هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی دەکرێت لە تورکیا، بەڵام نزیک بوونەوەی ئەردۆغان لە ئەندامانی دەم پارتی بەرەوپێشچوونێك بوو بۆ بەردەوامی پرۆسەکە. بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای تورکیا، سەبارەت بە کۆبوونەوەی دوێنێ شەوی سەرۆکی تورکیا و دەم پارتی، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە بریتی بووە لە پرۆسەی ئاشتی و هەنگاوەکانی بەردەوامیدان بە کارەکانی کۆمسیۆنی هاوپشتی نیشتیمانی و برایەتی و دیموکراسی بووە.

پەروین بوڵدان ئەندامی ئیمراڵی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند، "چاوپێکەوتنمان لەگەڵ بەرێز ئەردۆغان لەگەڵ روحی پرۆسەی سیاسی یەک دەگرێتەوە و بەم نزیکانە شانێکمان سەردانی ئیمراڵی دەکەین و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆدەبێنەوە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین