عەلى دۆلەمەرى: کۆبوونەوەى لوتکەى کۆشکى ئێلیزێ یازەمین دیدارى فەرەنسى  - کوردى بوو میدیا

نوچەنێت:

عەلى دۆلەمەڕى، نوێنەرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە فەرەنسا، لە رووماڵێکى تایبەتى کوردستانtvى لە (30-3-2021)دا، تیشک دەخاتەسەر مێژووى پەیوەندییەکانى فەرەنسا و هەرێمى کوردستان، هەروەها پێیوایە، دواى ئەوەى کە ماوەى یەک ساڵ دەبێت هیچ دیدارێکى لەو شێوەیە لە نێوان بەرپرسانى کورستان و وڵاتانى دەرەوە نەبووە، ئەم سەردانییەى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ پاریس، دووبارە هەرێمى کوردستانى گەڕاندەوە سەر گۆڕەپانى نێودەوڵەتى و وڵاتانى زڵهێز.

 

دەقى دیمانەى عەلى دۆلەمەرى نوێنەرى حکوومەتى هەرێم لە فەرەنسا:

ــ سەردانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانى بۆ فەرەنسا بەگشتى ئێوە چۆن دەیبینن، بەتایبەت کە لەگەڵ سەرۆک کۆمار و وەزیرى دەرەوەى فەرەنسا کۆبۆتەوە، ئەو پەیوەندییەى هەرێمى کوردستان و فەرەنسا چۆن دەبینین؟

عەلى دۆلەمەڕى: وەک دەزانن پەیوەندى نێوان هەرێمى کوردستان و فەرەنسا زۆر بەهێزن لەسەر هەموو ئاستەکاندا، بەتایبەت لە نێوان کۆشکى کۆمارى فەرەنسا و سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، بەردى بناغەى ئەو پەیوەندییەش دەگەڕێتەوە بۆ (2010)، کە ئەو کات جەنابى سەرۆک بارزانى بە شێوەیەکى فەرمى بۆ یەکەمجار وەکو سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەردانى کۆشکى ئێلیزێ کرد، لەلایەن سەرۆک سارکۆزى پێشوازى لێکرا، دواتر دۆسیەى هەرێمى کوردستان بووە دۆسیەکى گرنگ لە کۆشکى کۆمارى فەرەنسا، کە هەتاوەکو ئەمڕۆ (11)مین کۆبوونەوە لەنێوان سەرۆکى فەرەنسا و سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئەنجامدراوە، کە ئەمە زۆر گرنگە. ئەمڕۆش سەرۆک ماکرۆن بە شێوەیەکى فەرمى بانگهێشتى نێچیرڤانى بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ پاریس کردبوو، لەگەڵ هەموو ئەو ئاڵنگارییانەى هەیە بەتایبەتى بارودۆخى پەتاى کۆرۆنا و بارودۆخى ئەوروپا بەگشتى و فەرەنسا زۆر خراپە، بەڵام لەبەر هەستیارى و گرنگیى دۆسیەى هەرێمى کورستان و عێراق، ئەو بانگهێشتکردنە ئەنجامدرا بۆ ئەوەى لە نزیکەوە ئاگادارى بارودۆخى هەرێمى کوردستان و عێراق بێت و پەیوەندى نێوان هەرێمى کوردستان و فەرەنسا ،بچێتە قۆناغێکى دیکە بەتایبەتى لە بوارى ئابوورى و ڕۆشنبیرى و کولتوورى.

ئەم سەردانییە لە بوارى نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەوە زۆر گرنگ بوو، فەرەنسا وڵاتێکى گەورەیە و ئەندامى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتییە، وە بە هاوبەشى ئەڵمانیا سەرکردایەتیى ئەوروپا دەکات و ئەندامى ناتۆشە، بۆیە ئەم سەردانییە دەتوانین بڵێین گرنگیى زۆرى هەیە بۆ هەرێمى کوردستان لەو بارودۆخەدا، چونکە یەک ساڵ زیاترە هیچ دیدار و کۆبوونەوەیەک لە نێوان دەسەڵاتدارى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و وڵاتانى دەرەوە نەبووە. 

ــ تۆ باسى گرنگى ئەو سەردانەت کرد بۆ هەرێمى کوردستان، ئەگەر باسى عێراق بکەین، عێراق ئێستا لە بارودۆخێکى وا دایە کە تژییە لە کێشە و ئاڵۆزیی گەورە، ئەم سەردانەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ فەرەنسا تا چەند کاریگەرى دەبێ لەسەر کێشەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق؟

عەلى دۆلەمەڕى: بێگومان کاریگەرى زۆرى دەبێ، وەک دەزانن ئەوەى وڵاتانى ڕۆژئاوا چاوەڕێیان دەکرد لە دواى لە ناوچوونى سەددام حسێن لە (2003) ئەو عێراقە دروست نەبوو، کە بتوانێ مافى پێکهاتەکانى عێراق دابین بکات، بۆیە ئەوان دەزانن ئەو کێشەیەى ئەمڕۆ لە عێراق دا هەیە، بەڕاستى کێشەى گەورەى هەیە، بەبێ هەرێمى کوردستان چارەسەر نابن، لە (2003)شدا هەردوو سەرکردە سەرۆک بارزانى و مام جەلال تاڵەبانى ڕۆڵەگى گەورەیان هەبوو بۆ عێراقێکى نوێ، بەداخەوە ئەو عێراقەى کە هەموو وڵاتانى ڕۆژئاوا و ئێمەى کورد دەمانویست دروست نەبوو، بۆیە فەرەنساش دەزانێ بەبێ هەرێمى کوردستان نە ئاشتەوایى نە سەقامگیرى لە عێراق دا چارەسەر نابێ، بۆیە دەیانەوێ هەولێر و بەغدا کێشەى خۆیان چارەسەر بکەن لە چوارچێوەى دەستوور دا، بۆ ئەوەى سەقامگیرى لە عێراق دروست ببێت.

 عێراق وڵاتێکى گرنگە بۆ فەرەنسا و دەیەوێت دووبارە ڕۆڵى مێژوویى خۆى لە عێراق دا ببینێت، بۆیە هەرێمى کوردستان وەکو دۆستێکى نزیکى فەرەنسا دەبێ هاوکارى بکات، بۆ ئەوەى بتوانێ سەقامگیرى لە عێراق دروست بکات بەتایبەت لە بوارى ئەمینى و ئاسایش دا پاشان بەشداربن لە ئاوەدانکردنەوەى عێراق، هەروەها لە بوژانەوەى ئەو ناوچانەى کە لە ژێر دەستى داعش ڕزگاکراون، چونکە فەرەنسا یەکێک بوو لەو دەوڵەتانەى زۆر بە چڕى هاتە ناو هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بۆ رووبەڕووبوونەوە داعش، ئەوانیش قوربانى زۆریان دا لە شەڕى داعش دا، وە دەیانەوێ پەیوەندییەکانى خۆیان لەم بوارەدا بەکاربهێنن بۆ ئەوەى بتوانن بەشدارى ئاوەدانکردنەوەى عێراق بکەن و پەیوەندیی خۆیان لە بوارى دیکەش لەگەڵ هەرێمى کوردستان و عێراق باشتر بکەن. بۆیە دەیانەوێ ڕۆڵەکى گەورە ببینین لە عێراقى داهاتوو دا. 

ــ لە ڕابردوو زۆر کەسایەتیى ئایینى و بەرپرسى گەورەى سیاسى وڵاتان سەردانى هەرێمى کوردستانیان کردووە، لەم دواییانەش پاپا فرانسیس وەک گەورەترین کەسایەتیى ئاینییى سەردانى هەرێمى کوردستانى کرد، لێرە پێگەى هەرێمى کوردستان لەڕووى نێودەوڵەتییەوە چۆنە؟

عەلى دۆلەمەڕى: سەردانى پاپا سەردانێکى مێژوویى بوو، هەم بۆ عێراق هەم بۆ هەرێمى کوردستان، ڕۆڵەکى گەورەترى دایە هەرێمى کوردستان، وایکرد جارێکى تر هەرێمى کوردستان بێتەوە سەر گۆڕەپانى نێودەوڵەتى، چونکە ئەوە ساڵ و نیوێکە میدیاى جیهان هەموو باسى کۆرۆنا دەکەن، بەڵام ئەم سەردانە وایکرد جارێکى دیکە هەرێمى کوردستان بچێتە ناو نەخشەى دیپلۆماسى و  سیاسى وڵاتاى زلهێز، وە سەردانى سەرۆکى هەرێمى کوردستانیش، نێچیرڤان بارزانى بۆ پاریس ئەوەش وایکرد جارێکى دیکە هەرێمى کوردستان بچێتە سە گۆڕپانى سیاسى و پەیوەندى نێودەوڵەتییدا، بۆ ئەم دوو سەردانییە زۆر گرنگ بوون، هەم سەردانى پاپا فرانسیس بۆ هەرێمى کوردستان و عێراق، هەم سەردانى بەڕێز نێچیرڤان بارزانى بۆ فەرەنسا، ئەمیش پیشانى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دەدات کە هەرێمى کوردستان هەرێمێکى گرنگە لە عێراق و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. 

ــ وەک دیارە ماکرۆن زیاتر لە سەرۆکى پێشووى فەرەنسا گرنگى بە دۆسیەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕست دەدات بەتایبەتى عێراق، لەم نێوەندەدا سەرۆک ماکرۆن دەیەوێت چى بکات بۆ عێراقى فیدراڵ؟

عەلى دۆلەمەڕى: سەرۆک ماکرۆن وەک سەرۆکێکى گەنجى فەرەنسا سیاسەتى نێودەوڵەتى فەرەنسا بەرەوپێشبرد، دەیەوێ جارێکى تر ڕۆڵى مێژوویى و سیاسى فەرەنسا کە لەڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەیبووە بە تایبەت لە عێراق و سووریا ئەو ڕۆڵە بۆ فەرەنسا بگێڕێتەوە، چونکە فەرەنسا لەسەرەتاى رووخانى ئیمپراتۆریەتى عوسمانییدا، ڕۆڵەکى گەورەى هەبووە بۆ بونیادانانى وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست وەک لبنان، سووریا، عێراق، بۆیە دەیەوێت جارێکى تر پەیوەندییەکانى خۆى لەگەڵ ئەو وڵاتانە بەهێز بکاتەوە و بەشدار بێت لە پڕۆسەى سیاسى دیپلۆماسى ئەو وڵاتانە، هەروەها بەشدار بێت لە بوارى ئاوەدانکردنەوە و بازرگانى، وەک دەزانن فەرەنسا وڵاتێکى پیشەسازییە و لە زۆر بواردا پڕۆژەى گەورەى هەیە، بەتایبەت لە وڵاتى تورکیا و وڵاتانى ئەوروپاى ڕۆژهەڵات.

کەواتە فەرەنسا دەیەوێت هەمان ئەو سیاسەتە ئابوورییە لە عێراق و هەرێمى کوردستان جێبەجێ بکات، بۆیە پێویستى بە هەرێمى کوردستان هەیە، چونکە هەرێمى کوردستان هەرێمێکى سەقامگیرە بەتایبەت لەڕووى ئاسایشەوە چەندین ساڵە بۆتە مۆدیلەک بۆ هەموو عێراق، دەیانەوێ پەیوەندى خۆى لەگەڵ عێراق و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست باشتر بکەن، عێراقێکى سەقامگیر بۆ فەرەنسا دەتوانى پەیوەندى خۆى لەگەڵ وڵاتانى دیکەش لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست پتەوتر بکات، لەبەر هەندێ گرنگى زۆر بە هەرێمى کوردستان و عێراق دەدات. 

سەرچاوە: کوردستانtv

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە