سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل رێککەوتنى ئاگربەستى پەسەند کرد عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

سەرەڕاى نارەزایى توندى چەند وەزیرێک سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل بڕیارى ئاگربەستى پەسەند کرد، لەدواى ئەو بڕیارەش سوپاى ئیسرائیل لە ناوچەکانى کەرتى غەزە دەستى بە کشانەوە کرد، لە ناوەڕاستى هەفتەى داهاتوو دەست بە گۆڕینەوەى دیلەکان دەکرێت.

سەرلەبەیانى ئەمرۆ هەینى (2025/10/10) راگەیاندنەکانى ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، بەگوێرەى پلانى دۆناڵد ترەمپ سوپاى ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتى کەرتى غەزە دەستى بە کشانەوەى هێزەکانى کرد، بەگوێرەى ئەو پلانە ئەو هێزانە لە ماوەیەکى کورتدا بە تەواوى دەکشێتەوە بۆ هێڵى زەرد، کەناڵ 12 ى ئیسرائیل بڵاوى کردووە، لیواى حەوت لە سوپاى ئیسرائیل لە کەرتى غەزەى جێهێشتووە، لەدواى ئەویش لیواى (188) ئەو کەرتە بە جێدەهێڵێت، لە لایەکى دیکەوە لیواى پاڵپشتى لە باشوورى کەرتى غەزە لە خان یونس دەستى بە کشانەوە کرد.

بەگوێرەى سەرچاوەکان هێزەکانى ئیسرائیل لە ناو رەساتى غەزە و کەناراوەکان بە ئاراستەى هێڵى زەرد کە رێککەوتنى لەسەر کراوە، بشێنەوە، لە چەند خاڵێکى رێگەپێدراو بۆ پارێزگارى لە سەربازەکانیان دەمێننەوە، ئەو سەرچاوە سەربازییانە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە ئاراستەى کشانەوەى سوپاى ئیسرائیل زۆر هەستیار و ئاڵۆزە سوپا نایەوێت خۆى تووشى مەترسى بکات، بۆیە دەستى بە کشانەوەى هێزەکانى کردووە.

لە لایەکى دیکەوە چەند سەرچاوەیەکى فەرمى بڵاویان کردەوە، لە دانیشتنێکى نائاسایى بەرەبەیانى ئەمرۆ حکومەتى ئیسرائیل رەزامەندى دا لەسەر هێڵە گشتییەکانى رێککەوتنى ئازادکردنى سەرجەم دیلەکان لە کەرتى غەزە.

کەناڵ 12ى ئیسرائیلى بڵاوى کردەوە، ئەو رێککەوتنە پەیوەستە بە وردەکارى میکانزمى ئازاکردنى دیلەکان و راگرتنى دوولایەنەى جەنگ. سەبارەت بە ناڕەزاییەکانیش هەریەک لە بن گەفیر و بەتەسەئیل سیمورش، وەزیرانى حکومەتەکەى ناتەنیاهۆ دژ بەو بڕیارە وەستانەوە.

کۆبوونەوەى وەزارى زیاتر لە چوار کاتژمێر دواکەوت، ئەوەش بەهۆى ناکۆکییەکانى ناو حکومەتى ئیسرائیل بوو سەبارەت بە ئازادکردنى ئەو کەسانەى ناویان لە لییستى ئازادکراوانى فەڵەستینى هاتووە، لە هەنگاوێکى بێپیشنیەدا هەریەک لە سیڤ ویتکۆڤ و جارید کۆشنەر نوێنەرانى ترەمپ بۆ ماوەى نیو کاتژمێر بەشداریان لە کۆبوونەوەکەى حکومەت کرد، بەر لە دەرچوونیان حکومەتى ئیسرائیل رێککەوتنەکەى واژۆکرد، بۆ ئەوەى دواتر حکومەتى ئیسرائیل رێککەوتنەکە بە زۆرینە رابگەینێت.

لەو کۆبوونەوە گفتوگۆى زۆر لەسەر ناوەڕۆکى رێککەوتنەکە کراوە، وەزیرانى حزبەکانى عوتسما یەهود و زانیۆزمنى ئاینى ناڕازى بوون، لەو کۆبوونەوە جێگرى سەرۆکى دەزگاى ئاسایشى گشتى (شاباک) بەرگرى لەو رێککەوتنە کردووە گوتوویەتى، منیش بەربەست لەبەردەم ئازادکردنى ئەو تیرۆرستانە دەبینم، بەڵام ئەوە ئەو باجەیە کە پێویستە ئێمە بیدەین، لەسەرمانە قبووڵى بکەین.

لەبەرانبەر ئەو قسانە ئیتمار بن گەفیر، وەزیرى ئاسایشى نەتەوەیى رەخنەى توندى گرتووە و ئازادکردنى یەحیا سینوارى لە رێککەوتنى پێشوو بیرهێناونەتەوە و گوتوویەتى، ئێمە زاکیرەمان بەهێزە، لە ئەمەریکا هەرگیز بکوژەکان ئازاد ناکرێن، حەماس واتا هێتلەر، ناکرێت ئاشتەوایى لەگەڵ بکرێت.

لەبەرانبەر ئەو قسانە ستیڤ ویتکۆڤ لەدەستدانى کوڕەکەى و داواى لێخۆشبوونى کەس و کارى بکوژى کوڕەکەی باسکردووە، بەڵام بن گەفیر سوورە بووە لەسەر قسەکانى گوتوویەتى، هەرگیز لەوانە خۆش نابین کە لە حەوتى ئۆکتۆبەر رۆڵەکانیان کوشتین، ئەوانە شایەنى لێخۆشبوون نیین. 

بەگوێرەى سەرچاوە ئیسرائیلییەکان، لەدواى کۆتاییهانى جەنگ لە رۆژانى دووشەممە یاخود سێشەمەى داهاتوو دیلەکان ئازاد دەکرێن و راگرتنى جەنگ دەستبەجێ بە رەزامەندى حکومەت دەکەوێتە بوارى جێبەجێکردن و ئامادەکارییە لۆجستییەکان لە غەزە بۆ رادەستکردنى دیلەکان دەست پێدەکات.

بەگوێرەى یەکێک لە خاڵەکانى ئەو رێککەوتنە (360) فەڵەستینى لەبەرانبەر (15) تەرم ئازاد دەکرێت، بە مەرجێک ئەو ئازادکراوانەى کە دەستیان لە کوشتنى ئیسرائلییەکان هەیە، بچنە وڵاتانى دەرەوەى وەک قەتەر و تورکیا، هەرگیز رێگەیان نادرێت بگەڕێنەوە ئیسرائیل یاخود بەشى رۆژئاوا.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین