سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى تورکیا: ئاگربەست دەگۆڕین بۆ ئاشتى هەمیشەیى هەواڵ

نوچەنێت

سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى تورکیا "میت" و بەشدار لە دانوستاندنەکانى نێوان بزووتنەوەى حەماس و ئیسرائیل لە میسر رایگەیاند، جیهان لەبەردەم دەرەفەتێکى مێژوویى دایە لە پێناو گۆڕینى ئاگربەست لە غەزە بۆ ئاشتییەکى هەمیشەیى.

ئەمرۆ هەینى (2025/10/10) ماڵپەڕى (ئەنادۆڵ) بڵاوى کردووە، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى تورکیا رایگەیاند، لە ئەمرۆ بەیانییەوە لاپەڕەیەکى گرنگ لە مێژووی نوێمان دادەخرێت، سیاسەتى کۆمەڵکوژى کە ئیسرائیل لە ماوەى دوو ساڵ دژ بە فەڵەستییەکان پەیڕەوى دەکرد، بەو رێککەوتنەى ئەمرۆ کۆتاییهات.

سەرۆکى دەزگاى میت لە بەشێکى دیکەى قسەکانى گوتى، بە هەستیارییەکى زۆرەوە دەڵێم، لە ئێستاوە جێبەجێکردنى ئاگربەست گرنترین ئەرکە، رێککەوتنێک کراوە، پێویستە جێبەجێ بکرێت و بەرەکان بە وردى و وشیارییەوە چاودێرى بکرێت، چونکە لەو ژینگە لاوازانە هەمیشە پێشێلکاریى یاخود کردەى تێکدەرانە روودەدات، بەڵام لە ئەمرۆوە بەکردەیى ئێمە لەبەردەم وەستانی جەنگین.

کاڵن لە بەشێکى دیکەى قسەکانى ئەو ئاگربەستەى بۆ راگرتنى جەنگ لە غەزە بە دەرفەتێکى مێژوویى ناوبرد لە گۆڕینى ئاگربەست بۆ ئاشتییەکى هەمیشەیى، دوشڵێت، بەرپرسیارێتى گەورە لەو گۆڕینە بۆ ئاشتى هەمیشەیى لە ئەستۆى هەموو لایەکە، لێرەوە بەرپرسیارێتى بە تەنیا ناکەوێتە ئەستۆى نێوەندگیرەکان، بەڵکوو لەسەر هەموو کۆمەڵگەى نێودەوڵەتییە.

سەرۆکى دەزگاى میت ئاماژە بەوە دەکات، ئاگربەست بە تەنیا بۆ چارەسەرى ئەو ململانێیە بەس نییە، بەڵکوو دەبێت چارەسەرى دوو دەوڵەتى زیندوو بکرێتەوە، پێشمانوایە ئەو چارەسەر ئەستەم نییە، دەتواندرێت نەبوونى متمانە بە خواست و نیەتى راستگۆیانە و سووربوون تێپەڕێندرێت، ئەوەش دەرفەتى بونیادنانى متمانە بۆ ئاشتى دەرەخسێنێت.

لەدواى هێرشەکانى حەوتى ئۆکتۆبەر لە (2023) لەلایەن چەکدارانى بزووتنەوەى حەماس بۆ سەر چەند ناوچەیەکى ئیسرائیل، سوپاى ئیسرائیل هێرشەکانى بۆ سەر کەرتى غەزە دەست پێکرد، تاوەکوو ئێستا (67) هەزار و (211) کوژراون و (169) هەزار و (961) کەس برینداربوون، کە زۆربەیان ژن و منداڵن و نزیکەى (460) بەهۆى نەبوونى خۆراک گیانیان لە دەست داوە، کە (154) منداڵن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین