ئەحمەد تورک: داوا دەکات تورکیا کوردانی ڕۆژئاوا وەک دراوسێ قبوڵ بکات هەواڵ

نوچەنێت

هاوسەرۆکی لە کارلادراوی سەرۆکی شارەوانی مێردین ڕایگەیاند، "ڕۆژئاوای کوردستان هێلی سوورە بۆ هەموو کوردێک، بۆ تورکیا باشتر کوردانی ڕۆژئاوا وەک دراوسێ قبوڵ بکات و نەوەک پاڵپشتی حکومەتی سووریا بکات."

ئەمڕۆ یەکشەممە (2025/10/12) ماڵپەڕی (بیرگون) بڵاویکردەوە، ئەحمەد تورک سەرۆکی شارەوانی لە کارلادراوی مێردین کە لەئێستادا قەیووم لە شوێنی دانراوە لە کۆنفرانسێکدا وتارێکی پێشکەش کردوو سەرەتا بە زمانی تورکی و کوردی وعەرەبی و سووری و ئەرمەنی سڵاوی لە ئامادەبووان کرد و رایگەیاند، "کوردانی سووریا بۆ کورد هێلی سوورە، خۆ دەرگای دۆزەخ نابێتەوە ئەگەر تورکیا لە بڕی حکومەتی سووریا کوردانی ڕۆژئاوا وەک دراوسێ قبوڵ بکات."

سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە و بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان تورک گوتی، "پرۆسەکە بەشێوەیەکی ئەرێنی بەرەوپێشەوە دەچێت، بەڵام لەبەردەماندا چەند بەربەستێک هەیە، ئەو بەربەستانەش لەدوای پێشهاتەکانی سووریادا ڕوو لە زیادبوون بووە، کوردانی ڕۆژئاوا لەئێستادا ڕووبەرووی زەوتکردنی ئاشتی و دیموکراسی و ئایندەی ئازادی بوونەوەتەوە، من لێرە بانگەوازی حکومەت دەکەم دەبێت لەوبارەیەوە گفتوگۆ بکەین، کوردەکان لەم ناوچانە ناچاربوون چەک هەڵبگرن ئەوان رێکخراوێکیان لە ڕۆژئاوای کوردستان دانەمەزراندووە ناچاربوون لەپێناو ئاسایشی خۆیان هانا بۆ هەڵگرتنی چەک ببەن. لەئێستادا داوا دەکرێت کوردەکان چەک دانبنێن بەتایبەت تورکیا، ئەی باشە کێ لەوێ ئاسایشی کوردەکان دەپارێزی؟ حکومەتی شام تەنانەت جاوەنی پۆلیس نییە وە سەربازیان نییە هەروەها لەم  ناوچانە هیچ دەسەڵاتێکی ئەوتۆیان نییە ئەی کێ ئەو خاڵانەی ژێر دەستی کورد دەپارێزی؟"

ئەحمەد تورک داوا لە لایەنە سیاسیە کوردەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکات و دەڵێت، "ئەمڕۆ دەرفەتێکی مێژووی بۆ کورد رەخساوە  و هەوڵی جددیی هەیە بۆ یەکگرتنەوەی گەلانی کوردستان، پێویستە لە هەر چوار پارچە کوردەکان یەکبگرن بۆ دەستەبەرکردنی ئایندەیەکی دیموکراسی ئەگەر نەتانین سوود لەم دەرفەتە وەرگرین چارەنووسێکی تاریک چاوەروانمان دەکات."  

ئەحمەد تورک، سیاسەتڤانی دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵی لەدوای ئەوەی لەلایەن حکوومەتی تورکیا چەند جارێک لە سەرۆکی شارەوانی لادراوە و قەیووم لە شوێنی داندراوە لەدوای بەشداریکردنی لە پرۆسەی ئاشتی و کۆبوونەوەی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە ڕایگەیاند، پێویستە تورک بکرێتەوە سەرۆکی شارەوانی و قویووم لە شوێنی لابردرێت. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین