سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی توركیا داوای ئازادكردنی ئۆجەلان دەکات تورکیە

نوچەنێت

سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی توركیا داوای ئازادكردنی عەبدولڵا ئۆجەلان دەکات، داواش دەكات نوێنەرانی پارتە سیاسییەكان و ئەو كەسانەی جێگەی متمانەی كۆمەڵگە و خاوەن ئەزموونی سیاسی و ئەكادیمین سەردانی ئۆجەلان بكەن لە ئیمراڵی.

ئەمرۆ دووشەممە (2025/10/13) ماڵپەڕی (زەمانی توركی) بڵاوی كردەوە، بڵند ئارنچ، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی توركیا رایگەیاند، پێویستە لەو لیژنە پەرلەمانییەی كە لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی درووست كراوە، راستەوخۆ گوێ لە عەبدوڵا ئۆجەلان بكرێت بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە بەشێوەی درووست، جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە، پشتگوێخستن یاخود هەڵاتن لەو پڕۆسەیە نابێتە هۆی چارەسەركردنی.

ئارنچ جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە ئامادەیە وەك خۆبەش سەردانی ئیمرالی بكات و چاوی بە ئۆجەلان بكەوێت و بەشداری ئەو دیدارە بكات لەگەڵ لیژنەی پەرلەمانی بە شەفافی بیخاتە بەردەم رایگشتی، بەگوتەی سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی توركیا ئاشتی بە راستگۆیی دەست پێدەكات و پێویستی بە ریسك هەیە.

لە بەشكی دیكەی قسەكانی روونی كردەوە، پێویستە ئەو دیدارە لەژێر سەرپەرشتی دامەزراوەكانی هەڵگری بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و سیاسی بەڕێوە بچێت.

ئارنچ كە یەكێكە لە دامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدان ئاماژە بە گرنگی لێبووردنی گشتی (مافی هیوا) دەكات، كە جگە لە ئۆجەلان خەڵكی دیكەش دەگەڕیتەوە كە سزای زیندانی هەتاهەتیان هەیە، بۆ ئەوەش سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی توركیا پشتی بە بڕیارەكانی دادگای ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤ بەستووە، كە چوارچێوەیەكی یاسایی هەیە بۆ دووبارە هەڵسەنگاندنی دۆخی زیندانیانی هەتاهەتایی لەدوای ماوەیەك، بەدەر لەو تاوانانەی كردوویانە.

سەبارەت بە لێبووردنی گشتی ئارنچ گوتی، لێبووردنی گشتی دادپەروەرانە و گشتگیر تاكە چارەسەرە بۆ پێشێلكارییەكانی مافەكان لە دادگاكان و چارەسەركردنی ئاڵۆزییە كۆمەڵایەتییەكان و قەرەباڵغبوونی گرتووخانەكان، ئەوەش تەنیا خواستێكی یاسایی نییە، بەڵكوو خواستێكی مرۆیییشە.

سەبارەت مافی هیواش گوتی، ئەوە وەك پرەنسیپێكی نێودەوڵەتییە لەسەر هەموو سزادراوانی هەمیشەیی جێبەجێ دەبێت، لەوانەش ئۆجەلان، ئەوە واتای بەریبوونی تاكەكان نییە، بەڵكوو پابەندییە بە پێوەرە یاسا جیهانییەكان.

سەبارەت بە پرسی "تیرۆر"یش داوای كردووە گفتوگۆی راستەوخۆ و شەفاف لەگەڵ ئۆجەلان بكرێت، بۆ ئەوەش ئاماژەی بە لێدوانەكانی دەولەت باخچەلی سەرۆكی جەهەپە كرد.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین