پ. د. کەیوان ئازاد: بە ویژدانەوە دەڵێم سەرۆکى هەرێم لە دیپلۆماسیەتدا بێ وێنەیە میدیا

نوچەنێت:

پرۆفیسۆر د. کەیوان ئازاد، لە بەرنامەیەکى رادیۆى رووداو لە (30-3-2021)دا، دەربارەى رەهەندەکانى بانگهێشتکردنى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ کۆشکى ئێلیزێ، بە بۆچوونى د. کەیوان ئازاد، تا ئێستا کورد توانیویەتى بەباشى سوود لە پەیوەندییەکانى لەگەڵ فەرەنسا وەربگرێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەنگاوەکانى فەرەنسا باشترە لە هەنگاوەکانى کوردستان.

پ. د. کەیوان ئازاد وەک پسپۆڕێکى مێژوو دەشڵێت، ئەگەر لە ناوخۆ تێکى نەدەن، ئەم دیدارە کۆمەڵێک ئامانج دەپێکێ، بۆ ماوەیەک شەڕى تورکیا و پەکەکە لە ناوچەکە دووردەکەوێتەوە، هەروەها کێشەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق خاودەبێتەوە بۆ یەک دوو ساڵى داهاتوو، پەیوەندییەکانى عێراق لەگەڵ تورکیا و ئێران لەسەر خەڵکى کوردستان بەرەو باشتر دەڕوات.

 

دەقى دیمانەى پرۆفیسیۆر د. کەیوان ئازاد مامۆستاى زانکۆ و مێژوونووس:

ــ کۆبوونەوەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن کە بڕیارە دواى چەند خولەکێکى دیکە دەستپێکات چە دەگەینێ؟

پ. د. کەیوان ئازاد: ئەم سەردانە ڕێکەوتێکى زۆر جوانى هەیە کە دەکەوێتە (30-3-2021)، کە دەکاتە دەیەم ڕۆژى مانگى نەورۆزى کوردى، بەڵام ئەگەر بگەڕێنەوە، ئەوە رووداوێکى مێژووییە، سیاسییە، دیپلۆماسییە، ئابوورییە ئینجا ئاینییشە لە هەمانکاتدا، لەگەڵ فەرەنسا مێژووییەکى (30) ساڵەمان هەیە لە دواى راپەڕینەکى بەهارى (1991) فەرەنسا یەکەم وڵاتى جیهان و ئەوروپى بوو، کە هاتە سەرخەت وە بڕیارى (688)ى ئەنجوومەنى ئاسایش تێپەڕاند، کە ئەو کات بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو ئێمە ببووینە میللەتێکى بێ خاک، خاکمان مابوو، بەڵام هەموومان ئاوارەى سنوورەکان ببوین، فەرەنسا ئێمەى گەڕاندەوە و ئێمەى پاراست، وە (30) ساڵە لە نێوان ئێمە و فەرەنسا پەیوەندییەکى زۆر گرنگ هەیە، ئەم لەڕووى مێژووییەوە فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتە ئەوروپییانەى کە هەمیشە پاڵپشتى ئێمەى کردووە تا شەڕى داعش، کە فرانسۆ هۆلاند یەکەم سەرۆکى کۆمارى جیهان بوو هاتە کوردستان و لەلایەن یەکەم سەرۆکى کوردستانەوە سەرۆک بارزانى پێشوازیى لێکرا.

هەروەها سەربارى ئەوەى لە دواى رێفراندۆمەوە و  ئەو رووداوە تاڵەى لە (16) ئۆکتۆبەرەوە بەسەر باشوورى کوردستاندا هات، فەرەنسا یەکەم دەروازەى جارێکى تر بە ڕووى هەرێمى کورستان کردەوە، یانى دواى ئەو خیانەتەى لە وڵاتى ئێمە کرا فەرەنسا دەروازەى بە رووى ئێمەدا کردەوە بۆ تونێلى دەرەوە، دیسانەوە لە ئێستادا کە فشار لەسەر حکوومەتى کوردستانەوە هەیە لەلایەن بەغدا و تورکیا و ئێرانەوە، وە مەترسى هەیە لەسەر قەوارەى هەرێمى کوردستان کە دەیانەوێ بچووکى بکەنەوە. 

ــ کەواتە لەگەڵ هەبوونى ئەو گوشارانە فەرەنسا لە مێژوودا ڕۆڵەکى ئەرێنى و دۆستانەى هەبووە بۆ پاراستنى کوردستان، بە بۆچوونى ئێوە ئێستا فەرەنسا دەتوانێ چى بکات بۆ هەرێمى کوردستان؟ 

پ. د. کەیوان ئازاد: ئەو وێستگە مێژووییانە هەمووى وێستگەى سیاسیین، فەرەنسا لەوکاتانەدا بەلاى ئێمەدا هاتووە لە قەیران دابووین، وەکو باسمکرد ئێمە تووشى کۆڕەوەکە بووین میللەت ئاوارەى سنوور بوو، خاکمان لەدەستى بەعس ماییەوە فەرەنسا ئێمەى هێنایەوە بۆ سەر خاک، کە داعش هێرشى کردە سەر کوردستان سەرۆک کۆمارى فەرەنسا بوو هاتە کوردستان و هەولێر لەوکاتە هەستیار و سەختەدا گوتى ئێوە تەنیا نین، کە دواى رێفراندۆمەکە وڵاتانى تورکیا و ئێران و عێراق لێیان داین، سەرۆکى فەرەنسا بەرێز نێچیرڤانى بارزانى بانگکرد وەکو سەرۆکى حکوومەت، دواجار ئێستا وەکو سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازیى لێدەکات، کە جێگەى سەرنجە، ئێستا کە سەرۆکى هەرێمى کوردستانە گەورەترین پۆستى سیاسییە لە هەرێمى کوردستان، وە لە ئاستى سەرۆک وڵاتێکە، کاتێک گوشار لە هەرێمى کوردستان هەیە لەلایەن ئێران و تورکیا، هەتا عێراق بۆ بودجە و کۆمەڵێک بابەتى تر پێمان دەڵێن ئێوەى هەرێمى کوردستان تەنها نین.

نێچیرڤان بارزانى لەلاى تورکیا و ئێران و ئەوروپییەکان پێگەیەکى باشى هەیە، لەڕووى سیاسى و دیپلۆماسییەوە کەسێکى سەرکەتووە، ئەگەر بەوێژدانەوە قسە بکەین لەم بوارەدا بێ رکابەرن.   

ئەمە لەڕووى سیاسییەوە گرنگە، گرنگییەکەى لە سێ خاڵ دایە، یەکەم، گەورەترین دەسەڵاتدارى سیاسى هەرێمى کوردستان بانگهێشت دەکات کە ڕێزدار نێچیرڤان بارزانییە، دوو، لە کاتێکدا بانگهێشتى دەکات کە وڵاتانى دراوسێ تۆ هەوڵى بچووککردنەوەت دەدەن، سێیەم، فەرەنسا دەڵێ لە ئەورپاش کوردستان بە جێناهێڵین، کوردستان بە گەورەیى و سەربەخۆیی دەمێنێتەوە، ئەم ئاماژانە ئاماژەى گرنگن، ئەوە سەربارى ئەوەى کە دیسانەوە بەڕێز ماکرۆن دەیەوێت بە بەڕێز نێچیرڤان بارزانى بڵێ ئێوە دەتوانن نەک ڕۆڵتان نەبێ نەک پەراوێز بخرێن، نەک بچووک بکرێنەوە، بگرە دەبێ ڕۆڵتان هەبێ لە ئاشتەوایى نێوان عێراق و تورکیا، لە ئاشتەوایى نێوان پێکهاتەکانى عێراق و کوردستان، واتە دەبێ هەرێمى کوردستان ئەو ڕۆڵە بگێڕێ لەبەرى ئەوەى تورکیا و عێراق هاوپەیمان بن دژى هەرێمى کوردستان، دەبێ هاوپەیمان بێ بۆ ئاسایکردنەوەى پەیوەندییەکانى مەسەلەن تورکیا و خۆرئاوا، مەسەلەن ئێران و کوردەکانى ڕۆژهەڵات، بۆ نموونە پەیوەندى نێوان ئێران و تورکیا بۆ لێدانى پەکەکە، هەرێمى کوردستان ئەو ڕۆڵە بگێڕێ ئەمانە نەگەنە شەڕ، بەڕێز نێچیرڤان بارزانى چونکە دیپلۆماتکارێکى سەرکەوتووە لە بوارى دیپلۆماسى دەبێ ئەم ڕۆڵە بگێڕێ.

ــ باسى ئێران و تورکیات کرد، فەرەنسا خۆى پڕۆژەیەکى لە عێراق هەیە، کە ماکرۆن خاوەنیەتى ئەویش پڕۆژەى سەروەرى عێراقە، ئایا مەبەست لێى دوورخستنەوەى تورکیا و ئێرانە لە عێراق؟

پ. د. کەیوان ئازاد: خۆى ئەزموونى ئێران و تورکیا بەسەر عێراقەوە بۆ وڵاتانى ئەوروپا و فەرەنسا قورسە و پێیان قەبووڵ ناکرێ، ڕاستە ئەوان سەروەرى خاکى عێراقییان دەوێت ئەوە بڕاوەتەوە، دیارە قۆناغى سەربەخۆیى کوردستان ماویەتى، ئەوان سەربەخۆیى عێراقییان دەوێ، بەڵام نابێ لەژێر هەژموونى ئێران و تورکیا دابێت، لە قۆناغى داهاتووى سووریاش ئەگەر هەڵسایەوە جارێکى تر نابێ سووریا ڕۆڵى هەبێ لە عێراق دا، کەواتە دەیانەوێ عێراقییەکان خۆیان ئەو ڕۆڵە بگێڕن، لە چوارچێوەى عێراق دا هەرێمى کوردستان ئەو ڕۆڵە بگێڕێ نەک کەسى تر، یانى دەیانەوێ هەرێمى کوردستان وەکو قەوارەیەکى دەستوورى نیمچە سەربەخۆ ئەو ڕۆڵەى نێوان خۆیى و تورکیا بگێڕێ، بۆ نموونە پەیوەندى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان بێ نەک پەیوەندى نێوان تورکیا و عێراق بێ دژى هەرێمى کوردستان، پەیوەندى نێوان ئێران و هەرێمى کوردستان بێ نەک پەیوەندى نێوان ئێران و عێراق دژى هەرێمى کوردستان، یانى پەیوەندى نێوان عێراق و تورکیا بۆ لێدانى قەندیل و شنگال نەبێ، دەبێ هەرێمى کوردستان ئەو ڕۆڵە بگێڕێ کە هەم پەیوەندییەکانى نێوان کورد و باکوورى تورکیا ئاشتبکاتەوە کوردى ڕۆژئاوا و تورکیا ئاشتبکاتەوە، وە ڕۆڵى ئاشتەوایى سەقامگیریى بگێڕێ.

ــ ئەو ڕۆڵە چۆن دەنرخێنى؟

پ. د. کەیوان ئازاد: پێموایە ڕۆڵەکى مێژووییە بەر لە هەموو شتێک بۆ داهاتوو، وە ڕۆڵەکى ئابوورى و سیاسییە، چونکە ئاگاداربە ئەگەر ناوچەکە لە قەیرانى سیاسى دابێت ئابوورى نابوژێتەوە، ئێستا کە ساڵ و نیوێکە کۆرۆنا بەرۆکى جیهانى گرتووە، قەیرانى دارایى لە جیهان دروستکردووە، ئەمەش قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە، وە قەیرانى ئابوورى بە دواى دادێت بۆیە ئەم ڕۆڵە کە ئێستا سەرۆکى هەرێم دەیگێڕێت ئەو قەیرانە ئابوورییەکە کەم دەکاتەوە نایهێڵێت، وە دەتوانێ بیکات، چونکە لە ئەزموونى ڕابردووى دیپلۆماسى ڕێزدار نێچیرڤان بارزانى دەرکەوتووە، کە لاى تورکیا و ئێرانییەکان پێگەکى باشى هەیە، لە ئەوروپا گرنگییەکى باشى هەیە و کەسایەتییەکى ناسراوە، لەڕووى سیاسى و دیپلۆماسییەوە کەسێکى سەرکەتووە، با بەوێژدانەوە قسان بکەین لەم بوارەدا بەڕێزیان بێ رکابەرن.   

ــ کەواتە کورد توانیویەتى سوود لەو پەیوەندییە باشەى فەرەنسا وەربگرن؟

پ. د. کەیوان ئازاد: فەرەنسا بۆ ئێمەى کوردى عێراق زۆر زۆر گرنگە، وە تا ئێستا کورد توانیویەتى سوود لەو پەیوەندییە فەرەنسا وەربگرێ، ئەگەرچى لە قۆناغى ڕابردوودا هەندێک هەڵەمان بەرامبەر کردوون لەو چەند ساڵەى ڕابردوو، بۆ نموونە نەماتوانیوە بەرژەوەندییەکانى فەرەنسا لە کوردستان دروست بکەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەنگاوەکانى فەرەنسا باشترە لە هەنگاوەکانى کوردستان، بۆ نموونە ئەگەر بەراوردێک بکەین لە نێوان ئێمە و فەرەنسادا، فەرەنسا دەستى درێژکردووە ئێمە وا نەبووین، کە دەبوایە بمانکردبایە، یانى فەرەنسا لە ناو وڵاتانى ئەوروپا تا ئەمەریکاش، تاکە دەوڵەتە لە مێژوودا زیانى بە ئێمە نەگەیاندووە، من لەڕووى مێژووییەوە قسە دەکەم، فەرەنسا کە پەیوەندى هەبووە لەگەڵ ئەوەشدا پشتیوانى ئێمەى کردووە، بە پێچەوانەى ئەمەریکا و بەریتانیا لە قۆناغە جیاجیاکانى مێژوودا ئێمەیان بەجێهێشتووە و لێیانداوین، بەڵام فەرەنسا وا نەبووە، بۆیە فەرەنسا دەیەوێت لە دواى جەنگى جیهانى یەکەم و دووەم و  جەنگى سارد و جەنگى کەنداو دەیەوێ ئەو ڕۆڵە بگێڕێتەوە بۆ خۆى، وە دەیەوێ هاوکێشەى سیاسى دونیا بەوە بگۆڕێت کە نەخێر لە جیاتى لە ئەنقەرە و تاران چارەسەرى کێشەى عێراق بکرێ دەکرێ لە هەرێمەوە بیکەن، پێموایە ئەو هاوکێشەیەى فەرەنسا لەم قۆناخەى ئێستادا هاوکێشەیەکى دروستە.   

ــ کەواتە لەم قۆناغەدا دواى کۆتایى هاتنى ئەم سەردانییە و کۆبوونەکان لەگەڵ سەرۆکى فەرەنسا چى لە گۆڕانکارى ناوچەکە چاوەڕێ دەکرێ؟ 

پ. د. کەیوان ئازاد: من وەک پسپۆڕێکى مێژوو قسان دەکەم، ئەگەر لە ناوخۆى کورد لێى تێک نەدەین، واتە لەم پرۆسەیە لەگەڵى بین، بە بڕواى من ئەم دیدارە کۆمەڵێک ئامانج دەپێکێ، بە لایەنى کەم شەڕى تورکیا و پەکەکە لە ناوچەکە دوور دەخاتەوە بۆ ماوەیەک تا شتێک دێتەئاراوە، کێشەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق خاودەبێتەوە بۆ یەک دوو ساڵى داهاتوو، پەیوەندییەکانى عێراق لەگەڵ تورکیا و ئێران لەسەر خەڵکى کوردستان بۆ یەک دوو ساڵى داهاتوو خاودەبێتەوە، ئیتر ئەوکات خۆى بڕیار دەدات ئایا بەرەو باشتر دەڕوات ئیستفادە لەم دەرفەت بکات یان بەزیانى خۆى تەواو دەبێت. 

دەتوانم بڵێم هەنگاوێکى زۆر باشە و  ئەمە کۆبوونەوەیەکى گەورەیە بە بڕواى من وەک پسپۆڕێکى مێژوو، کە دەتوانێ ئەو ڕۆڵە بگێڕێت بۆ داهاتوو، بەلایەنى کەم وەکو چی وایە، ئێمە نەخۆشێکمان هەیە نەخۆشییەکەى مەترسیدارە، تۆ دەتەوێ زیاتر بژى یان تا چارەسەر دەبێ، ئەمە دەرزییەکە ئەم نەخۆشەى تۆ بۆ چەند ساڵێکى داهاتوو دەهێڵێتەوە و تۆ لە مردن ڕزگارى دەکەى، بە بڕواى من ئێستا ئەم سەردانە هەرێمى کوردستان لە مەترسییەکى ناوخۆیى و دەرەکى رزگار دەکات، بەمەرجێک دووبارەى دەکەمەوە ئێمەى کورد لە خۆمان تێکنەدەین، مەبەستم کوردى هەموو بەشەکانى ترە، وە سەربارى ئەوە هێزە کوردییەکان پشتیوانى ئەم پڕۆسەیە بن، کە هەموومان وەکو کورد لە پشتى سەرۆکى هەرێم بین بەرەو ئەو ئایندەیە.

سەرچاوە: رادیۆى رووداو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە