لاهور شێخ جه‌نگى : داعش خه‌ریكى خۆڕێكخستنه‌وه‌یه‌ کوردستانی

نوچه‌نێت

لاهور شێخ جه‌نگى هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى نیشتمانیى كوردستان، له‌ دیمانه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ ئاژانسى رۆیته‌رز باس له‌ خۆڕێكخستنه‌وه‌ى رێكخراوى تیرۆریستى داعش ده‌كات و دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ به‌هۆى نه‌بوونى هاوئاهه‌نگى نێوان پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان داعش چالاك بووه‌ته‌وه‌.

ئاژانسى رۆیته‌رز دوێنێ چوارشه‌ممه‌ پێنجى ئایار، دیمانه‌یه‌كى كورتى له‌گه‌ڵ لاهور شێخ جه‌نگى هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى كردووه‌ و له‌ دیمانه‌كه‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ لاهور شێخ جه‌نگى پێشتریش به‌رپرسى هه‌واڵگرى بووه‌.

هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، رێكخراوى تیرۆریستى داعش خه‌ریكى خۆڕێكخستنه‌وه‌یه‌ و وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان زیاتر چالاك بووه‌، هۆكاره‌كه‌یش به‌ بڕواى ئه‌و بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ هاوئاهه‌نگى ئه‌منى له‌نێوان هه‌ولێر و هێزه‌ عێراقییه‌كان نییه‌ له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان.

بۆیه‌ دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان هێشتا زه‌وینه‌یه‌كى ره‌خساوه‌ بۆ رێكخراوى تیرۆریستى داعش.

هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى له‌باره‌ى ژماره‌ى تیرۆریستانى داعش ده‌ڵێ، "به‌ هه‌زاران له‌ عێراق ماون".  سه‌باره‌ت به‌ كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكایش لاهور شێخ جه‌نگى نیگه‌رانى خۆى له‌وه‌ ده‌رده‌بڕى كه‌ كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق بۆشایى گه‌وره‌ دروست ده‌كات.

له‌ 30ى مانگى رابردوو له‌ میحوه‌رى رۆژئاواى كه‌ركووك رێكخراوى تیرۆریستى داعش هێرشى كرده‌ سه‌ر پێشمه‌رگه‌. له‌ ئه‌نجامى هێرشه‌كه‌ سێ پێشمه‌رگه‌ شه‌هید بوون و دووانى تر بریندار بوون. ئه‌و كاته‌ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و فه‌رمانده‌كانى پێشمه‌رگه‌ دووپاتیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ به‌هۆى ئه‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌ له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان دروست بووه‌، داعش جموجۆڵه‌ تیرۆریستییه‌كانى زیاتر بووه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین