له‌ رۆژهه‌ڵاتى كوردستان و ئێران تووشبوون به‌ كۆرۆناى هیندى تۆماركرا ئێران

نوچه‌نێت

سەعید نەمەکی وەزیری تەندروستی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە پێنجی ئایار، ڕایگەیاند ژمارەی تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنای ئەفریقی لە باشووری ئەو وڵاتە لە بەرزبوونەوەدایە و چەند تووشبوویەکی کۆرۆنای هیندیش لە پارێزگاکانی قوم، ورمێ و یەزد تۆمار کراون.

ڕۆژی چوارشەممە پێنجی ئایاری ٢٠٢١، ماڵپەڕی "ڕادیۆ فەرەنسا" بڵاوی کردەوە، هاوکات لەگەڵ قسەکانی وەزیری تەندروستی، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران، وێرای جەختکردنەوە لەسەر هاوردەکردنی ڤاکسین لە لایەن کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە، بەڵێنی دا وڵاتەکەی لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەیان ملیۆن ژەم ڤاکسین هاوردە بکات. ئەوە لە کاتێکدایە کە بە گوتەی جەلیل کوهپایەزادە سەرۆکی زانکۆی پزیشکی ئێران، تەنیا پارێزگای تاران پێویستی بە ٢٠ ملیۆن ژەم ڤاکسێن هەیە.

حەسەن ڕۆحانی، ڕۆژی چوارشەممە، ڕایگەیاند: "ئێران لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا هەنگاوێکی گرنگی هەڵێناوە و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت هاتوونەتە مەیدان و تا کۆتایی ناوەڕاستەکانی مانگی تەمووز هەمووان ڤاکسین وەردەگرن".

بەگوێرەی ئاماری فەرمی وەزارەتی تەندروستی، لە دەستپێکی ڤاکسیناسیۆن تا ئێستا لە ئێراندا کە ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە ٨٠ ملیۆن کەسە، تا ڕۆژی پێنجی ئایار، زیاتر لە یەک ملیۆن و ٣٥٠ هەزار ڤاکسین لە وڵاتدا کوتراون و ڕێژەی ڤاکسێنی هاوردەکراو بۆ ئێرانیش بە گشتی، تەنیا سێ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار ژەم بووە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە بە گوتەی عەلیڕەزا ڕەئیسی گوتەبێژی بنکەی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، بۆ گەیشتن بە خاڵی "پارێزراویی کۆ" پێویستە ئەو کەسانەی تەمەنیان زیاتر لە ١٨ ساڵە و ژمارەیان نزیکەی ٦٤ ملیۆن کەسە، ڤاکسین وەربگرن و بۆ ئەو مەبەستە، ١٢٨ ملیۆن ژەم ڤاکسین پێویستە.

سەعید نەمەکی وەزیری تەندرووستی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە پێنجی ئایار، وێرای ڕاگەیاندنی دوایین دۆخی تۆمارکراوانی کۆرۆنای گۆڕدراو لە ئێراندا، گوتی ڕێژەی تووشبووانی شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا، ٥.٢ هێندەی پێشتر بووە و لە چەند پارێزگایەک تا ١٠ هێندەی شەپۆلی پێشوو ڕێژەی تووشبووان بەرز بووەتەوە. هەروەها دەربارەی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەکان و بە تایبەت مەراسیمەکانی جه‌ژنی ڕەمەزان، هۆشداری دا.

نەمەکی دەربارەی گۆڕانکارییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕایگەیاند: "لە چەند  پارێزگایێک جگە لە ڤایرۆسی به‌ریتانى، هەندێ ڤایرۆسی نوێمان تۆمار کردووە، لە پارێزگای هۆرمۆزگان کە گوترا بوو سێ نموونەی ڤایرۆسی ئەفریقی تۆمار کراون، ئەو سێ نموونە بەرزبوونەتەوە بۆ پێنج تووشبوو و گومان دەکرێ سێ تووشبووی دیکەش تووشی هەمان ڤایرۆس بووبێتن، کەوابوو لە نێوان ٣٥ تا ٣٨ تووشبووی نوێی ڤایرۆسی ئەفریقی لە پارێزگای هۆرمۆزگان تۆمار کراون".

سەعید نەمەکی گوتیشی: پارێزگای قوم سێ تووشبووی ڤایرۆسی گۆڕدراوی هیندی لەناو هیندییەکانی ئەو پارێزگایە تۆمار کراون و هەموو ئەو کەسانەی پەیوەندییان بەو سێ کەسەوە هەبووە ناسراونەتەوە و هەموویان کەرەنتین کراون و سەرقاڵی لێکدانەوەی دۆخەکەین".

وەزیری تەندروستی ئێران لە درێژەدا گوتی: "لە پارێزگای ورمێ لە ماکۆ و شوت لە کۆمپانیایەکدا کە لە لایەن کرێکارە هیندییەکانەوە بەڕێوە دەچێت، لانیکەم ١٠ نموونەی نوێمان دۆزینەوە و ئەو ١٠ نموونەیە، جۆرێک ڤایرۆسی هیبریدی هیندی- کالیفۆرنیایین کە یەکێکە لە خراپترین جۆرەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا".

سەعیدی گوتی، "لە پارێزگای یەزدیش لە کارخانەیەکی پۆڵا کە هەم کرێکاری هیندی و هەم ئێرانی تێدایە، کۆرۆنای هیندی تۆمارکراوە و دەستبەجێ هەموو ئەو کەسانە کەرەنتین کراون و هەموویان لەژێر چاودێریدان".

بەگوێرەی ڕاگەیاندنی ناوەندی گشتی و ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی، تا ئێستا یەک ملیۆن و ١١٥ هەزار و ٧٢٢ کەس ژەمی یەکەمی ڤاکسینی کۆرۆنا و ٢٣٤ هەزار و ٥٦٨ کەسیش ژەمی دووەمیان کوتاوە و بە گشتی ژمارەی ڤاکسینە کوتراوەکانی وڵاتی ئێران گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ٣٥٠ هەزار و ٢٩٠ ژەم.

بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا، واتە چواری ئایار تا ٥ی ئایار، ١٥ هەزار و ٧٨٢ تووشبووینوێی کۆرۆنا لە ئێراندا تۆمار کراون و ٢٤٤٩ کەسیان لە نەخۆشخانەکان لەژێر چاودێریدان و کۆی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران گەیشتووەتە دوو ملیۆن و ٥٩١ هەزار و ٦٠٩ کەس.

هەروەها لە ماوەی ئەو ٢٤ کاتژمێرەدا، ٣٤٩ تووشبوو گیانیان لە دەست داوە و بە گشتی ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لە دەست داوە گەیشتووەتە ٧٣ هەزار و ٥٦٨ کەس. 
هەروەها ٥٤٩٩ تووشبوو دۆخیان خراپە و لە بەشی چاودێری تایبەتی نەخۆشخانەکاندان. 
تا ئێستا ١٦ ملیۆن و ٥١١ هەزار و ٩٨٧ تاقیکرایی بۆ کۆرۆنا لە ئێراندا ئەنجام دراون و لە ئێستادا ١٠٢ شاری ئەو وڵاتە لە دۆخی سوور، ٢٣٥ شار لە دۆخی پرتەقاڵی، ١١١ شار لە دۆخی زەرددان.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین