کۆمسیۆنی چارەسەری بۆ بڕیاردان بۆ چوونی شاندی کۆمسیۆن بۆ ئیمراڵی کۆدەبێتەوە تورکیە

نوچەنێت

کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی هاوپشتی نیشتیمانی و برایەتی و دیموکراسی لەدوای دواخستنی حەڤدەهەمین کۆبوونەوە کە بڕیاربوو هەریەک لە سەرۆکی میت و وەزیری بەرگریی و ناوخۆی تورکیا تیایدا بەشداربێت، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، (17)ـی تشرینی دووەم کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی بەردەوامیدان بە پرۆسەی ئاشتی بەرێوەدەچێت.

ئەمڕۆ سێشەممە (2025/11/11) ماڵپەڕی (amed) بڵاوی کردەوە، لایەنە سیاسیەکانی تورکیا تاوەکو ئێستا ناکۆکن بۆ چوونی شاندێکی ئەندامانی کۆمسیۆنی چارەسەری بۆ ئیمراڵی و کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا. بڕیاربوو بە بەشداری هەریەک لە ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)، یەشار گوڵەر وەزیری بەرگریی و عەلی یارلیکایە (17)ـەهەمین کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی هاوپشتی نیشتیمانی و برایەتی و دیموکراسی لە پەرلەمانی تورکیا بەرێوەبچێت، بەڵام کۆبوونەوەکە داواخرا.

نوعمان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەی کۆمسیۆن ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی گروپی لایەنە سیاسیەکانی تورکیا کۆدەبێتەوە و هەفتەی داهاتووش کۆمسیۆنی چارەسەری کۆبوونەوە ئەنجام دەدات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای تورکیا، چاوەروان دەکرێت هەر لەو کۆبوونەوەیە ئامادەکاری بکرێت بۆ دانانی پرۆژە یاسایەکی تایبەت بە گەڕانەوەی (9000) گەریلا بۆ تورکیا، وە لە رێگەی ئامادەکردنی راپۆرتێک لەلایەن لیژنەی ئەندامانی کۆمسیۆن و هەڵسەندگاندنی کۆتایی کۆبوونەوەکان راپۆرتەکە لەلایەن بەرپرسانی باڵای تورکیا کە بەشداری کۆبوونەوەی کۆمسیۆن دەکەن لەدوای تەواوبوونی دەرئەنجامەکەی بە ڕایگشتی ڕابگەیێنن.

هاوکات سەبارەت بە چوونی شاندی کۆمسیۆن بۆ ئیمراڵی میتحدت سانجار ئەندامی شاندی ئیمراڵی ڕایگەیاند، "ڕەنگە هەندێک لایەنی سیاسی رێگربن لە چوونی ئەندامانی کۆمسیۆن بۆ ئیمراڵی، بەڵام هەریەک لە ئەکپارتی و مەهەپە هیچ رێگرییەکیان نییە و پشتیوانییەکانیان لە بەردەوامیدان بۆ پرۆسەکە دووپات کردۆتەوە."     

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین