وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا، سووریا و تورکیا کۆبوونەوە هەواڵ
وەزارەتی دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند، "دوای کۆبوونەوەی هەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا، سووریا و تورکیا گەیشتنە کۆدەنگییەک لەسەر پلانی یەکگرتنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ حکومەتی سووریادا و ئەمەریکا پشتیوانی هەنگاوەکە دەکات".

ڕۆژی سێشەممە (2025/11/11) ماڵپەڕی (دەیلی سەباح) بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا، سووریا و تورکیا کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵییان لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا ئەنجامدا و ڕێککەوتن لەسەر بەرەوپێشچوونی پلانێک بۆ بەشداری پێکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە ڕێبەرایەتی یەپەگە لە سوپای سووریادا. 

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، "بانگهێشت کراوە بۆ بەشداریکردن بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لە کۆبوونەوەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و هاوکات لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک و ستیڤ ویتکۆف و تۆم باراک کۆبووەتەوە و تێڕوانینی تورکیای باس کردووە سەبارەت بە سووریا و پرسە تایبەتییەکانی وەک گەشەسەندن، یەکڕیزی، هاوپشتی، ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە".

لەلایەکی ترەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "تێبینی شێوازی جیاواز دەکەین بۆ ناوچە جیاوازەکانی سووریا ئەگەر کێشەکانی ئەم ناوچانە بە باشی چارەسەر نەکرێن، بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەڕەشە لە یەکپارچەیی ناوچەیی و خاکی وڵاتەکە دەکات و مەترسی پەرتەوازەیی زیاتر بۆ وڵاتەکە هەیە". سەرۆکی ئەمەریکا دەشڵێت، "زۆر گرنگە سووریا یەکگرتوو بمێنێتەوە، سەلامەتی ژیان و موڵکی هاووڵاتییان دابین بکرێت و بێگومان هەوڵێکی بەرچاو هەیە بۆ بەدەستهێنانی ئەم هاوسەنگییە و حکومەتی ئەحمەد شەرع هەموو هەوڵێک دەدات بۆ سەرکەوتنی سووریا و شەرعی بە سەرکردەیەکی زۆر بەهێز وەسف کرد".

چاوەڕوان دەکرێت وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی مانگی ئاداری (2025)ـــی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی سووریا، هێزەکانی سوریای دیموکرات بەشداری بکەن لە سوپای نیشتمانی نوێی سووریاوە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین