دەزگای هەواڵگریی توركیا سەرپەرشتی چوونی کۆمسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بۆ ئیمراڵی دەكات
نوچە نێت
ئامادەکردنی: دنیا ئەحمەد
شاندی کۆمسیۆنی تورکیا بۆ چارەسەری پرسی کورد و پرۆسەی ئاشتی سەردانی دورگەی ئیمراڵی دەکەن، ئەمڕۆ لەم چوارچێوەیە داواکاری پێشکەش بە وەزارەتی دادی تورکیا دەکەن، ئەو پرسیارانەی لەلایەن شاندەکە ئاراستەی ئۆجەلان دەکرێت لەلایەن دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) ئامادە دەکرێت.
ماڵپەڕی (تورکیا گەزەتە) بڵاوی کردەوە، هەریەک لە پارتی دەم، ئەکپارتی و مەهەپە بڕیارە یەکە و ئەندامێک لە کۆمسیۆنی چارەسەری ئاشتی بنێرنە دورگەی ئیمراڵی و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە گفتوگۆ سەبارەت بە پرۆسەکەی ئاشتی و پرسی چارەسەری کێشەکانی کورد لە تورکیا بکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئامادەکارییەکی چڕ لە پەرلەمانی تورکیا دەستپێکردووە، ئەگەر بێتوو هەر پەرلەمانتارێک بیەوێت سەردانی ئیمراڵی بکات پێویستە داواکاری پێشکەش بە وەزارەتی دادی تورکیا بکات، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ شاندی کۆمسیۆن داواکاری پێشکەش دەکات بۆ رێگەپێدان. هەروەها لەلایەکی دیکە سەردانەکە بەچاودێری میت بەرێوەدەچێت و لەلایەن ئەو دەزگایەوە شوێنی کۆبوونەوە و گواستنەوەی شاندەکە بۆ ئیمراڵی و ئەو پرسیارانەی ئاراستەی سەرۆکی پەکەکە دەکرێت رێکخراوە.
هاوکات، تاوەکو ئێستا هەموو کۆبوونەوەکانی کۆمسیۆنی هاوپشتی نیشتیمانی و برایەتی و دیموکراسی بە داخراوی دوور لە چاوی کامێراکان بەرێوەچووە و لەلایەن میتەوە تۆمارکراوە، کۆبوونەوەی شاندی کۆمسیۆن و ئیمراڵیش بەهەمان شێوە کەس بۆی نییە تۆماری بکات تەنیا میت نەبێت.
سەبارەت بەو پرسیارانەی لە ئۆجەلان دەکرێت، ماڵپەری (A habar) بڵاوی کردۆتەوە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە هاوشێوەی چەکدانانی پەکەکە و هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکەیان پرسی چەکدانانی یەپەگەیە، ئەندامانی کۆمسیۆن دەیانەوێت دڵنیاببنەوە لەوەی ئایا بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان تەنیا بۆ رێکخراوی پارتی کرێکارانی کوردستانە یاخود یەپەگەش دەگرێتەوە.
لەدوای بانگەوازەکەی (27)ـی شوباتی ئۆجەلان بۆ پەکەکە، دەوڵەت باخچەلی داوای لە رێبەری پەکەکە کرد بانگەوازێک بۆ یەپەگە و هەسەدە بکات چەکەکانیان دابنێن و رێکخراوەکەیان هەڵبوەشێننەوە و لەگەڵ سوپای سووریا یەکبگرنەوە. بەڵام بەرپرسانی هەسەدە ئەمە ڕەتدەکەنەوە، حکومەتی تورکیاش نیگەرانە لەم هەڵوێستە و بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی ناوی دەبات. هەروەها جگە لەم پرسە هەر لەو کۆبوونەوەیە دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرینگی بەرەوپێشوەچوونی پرۆسەی ئاشتی و هەموارکردنەوەی دەستوور و دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بۆ چەکدانان و یەکگرتنەوەی دیموکراسی و مافی هیوا و پرسی زیندانیان و پرسی بەهێزکردنی هاوپەیمانی تورک و کورد تاوتوێ دەکرێ.
هەروەها تەنیا سێ ئەندامی کۆمسیۆن سەردانی ئیمراڵی دەکەن، لەوانەش حوسێن یایمەن ئەندامی پارتی داد و گەشەپێدان، فەتی یڵدز لە مەهەپە و گوڵستان کۆچیغیت ئەندامی دەم پارتی. هەرلە سەرەتای کۆبوونەوەکەی ڕۆژی هەینی ڕابردوو پارتی جەهەپە رایگەیاند، هیچ ئەندامێکمان بۆ ئیمراڵی نانێرین. هاوکات لەگەڵ بڕیاری گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن و بەشداری نەکردنی چوار پارتی دیکەی پەرلەمانی تورکیا ڕایانگەیاند کە ئەوانیش بەشداری پرۆسەکە ناکەن. ئەمەش کاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆی هێنا و بووە جێگەی ڕەخنەگرتن بەتایبەت لەلایەن ئەندامانی دەم پارتی.
لەدوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەی شاندی کۆمسیۆن لەگەڵ ئۆجەلان، بڕیارە کۆمسیۆنی پەرلەمان دوایین کۆبوونەوەی لە (28) تشرینی دووەم (2025)، ئەنجام بدات و تیایدا ڕاپۆرتی کۆتایی سەبارەت ئەنجامی کۆبوونەوەکان بۆ چەکدانان و هەڵسەنگاندنی پرۆسەی پرسی کورد لە تورکیا پێشکەش بە پەرلەمان بکات.
پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی و جێگری پەرلەمانی تورکیا سەبارەت بە پەرەوپێشوەچوونی پرۆسەی ئاشتی و بەشدارینەکردنی جەهەپە لە چوونی ئەندامانیان بۆ ئیمراڵی دەڵێت، "پێویستە لەو پرۆسەیەدا یاسایەکی تایبەت دەرکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە و حکومەت ئامادەکاریمان دەستپێکردووە، لەدوایین کۆبوونەوەم لەگەڵ ئۆجەلان ئەو وەک ئەکتەرێک لەبەردەم پرۆسەکە وەستاوە و ئیرادەی تەواوی خۆی پیشانداوە، دەشڵێت کاتی سیاسەت و دانوستاندن و ئاشتییە نەک توندوتیژی و ململانێ. ڕەنگە پرۆسەکە بە دەستپێشخەری دەوڵەت باخچەلی دەستپێکردووە، بەڵام ئامادەیی و ئیرادەی لە ئیمراڵی نیشاندراوە زۆر بەهێزە. بەدڵنیاییەوە ئەو هەڵوێستەی جەهەپە پەیرەوی دەکات بەڕاستی نازانین، پێویستە هەموو لایەنە سیاسیەکان بەرپرسیاری لە ئەستۆ بگرن، چونکە پرسی ئاشتی لە دەرەوەی کێشە سیاسیەکانە."
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment