وەزیری ناوخۆیی تورکیا: سەرجەم سەرنشینەکانی نێو فڕۆکەکەی لیبیا گیانیان لەدەستداوە تورکیە

نوچەنێت

شەوی ڕابردوو شاندێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی کە لەنێویشیاندا سوپاسالاری لیبیای هەبوو، لەکاتی گەرانەوەیان لە تورکیا لە باشووری ئەنقەرە فڕۆکەکەیان تێکشکا و کەوتەخوارەوە، وەزیری ناوخۆی تورکیا گیانلەدەستدانی شاندی لیبیای لەو ڕووداوە ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ چوارشەممە (2025/12/24) ماڵپەڕی (سی ئێن ئێن) بڵاوی کردەوە، محەممەد عەلی ئەحمەد حەداد، سوپاسالاری لیبیا و شاندێکی یاوەری دوێنێ لەگەڵ یەشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە، شەوی ڕابردوو لەکاتی گەرانەوەی شاندەکەی لیبیا لە تورکیا لەناکاو لە رادار ونبوو، دوای بەدواداچوون لە ڕووداوەکە فڕۆکەکە لە باشووری ئەنقەرە تێکشکا و کەوتەخوارەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای تورکیا، لەنێو فڕۆکەکەدا پێنج کەس هەبووە، هۆکاری کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە تەکنیکی بووە و بەهۆی تێکچوونی کارەبای نێو  فڕۆکەکە بووە و سەرەتا فڕۆکەوانەکە هەوڵی داوە بنیشێتەوە، بەڵام دواجار تێکشکا و لە باشووری ئەنقەرە کەوتەخوارەوە و هەموو سەرنشینەکان گیانیان لەدەستدا.

حکومەتی لیبیا بەهۆی ئەو ڕووداوە و گیانلەدەستدانی سەرۆکی سوپاسالاری لیبیا لە ڕاگەیێندراوێکدا رایگەیاند، سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری قوربانیان و خانەوادەی حەداد دەکەین، بەوهۆیەشەوە سێ ڕۆژ ماتەمینی لە سەرانسەری وڵات ڕادەگەیێنین.

بورهان دوران، بەرێوەبەری پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە تۆری کۆمەڵایەتی (N Sosyal) لە پۆستێکدا رایگەیاند، "پاشماوەی فڕۆکە تێکشکاوەکەی شاندی لیبیا دۆزراوەتەوە هەموو دامودەزگا پەیوەندی دارەکان بەدواداچوونی ورد بۆ ڕووداوەکە دەکەن و سەرەخۆشی لە گەلی لیبیا دەکەین."، هاوکات عەلی یارلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، تیمێکی (29) کەسی لە لیبیا گەیشتنە ئەنقەرە و لێکۆلینەوە لە ڕووداوەکە دەکەن، تەرمی هەموو قوربانییەکان دۆراوەتەوە ڕەوانەی پزیشکی دادوەری کراوە. 

شەوی رابردوو بەهۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە سوپاسالاری لیبیا و شاندەکەی لەکاتی گەرانەوەیان لە تورکیا گیانیان لەدەست دا، محەمەد عەلی حەداد یەکێکە لە کەسایەتییە سەربازییەکانی باڵای لیبیا، لە شەڕی (2020-2019)، بۆ تەرابلوس سەرکردایەتیی هێزەکانی کردووە، بەرزترین پلەی باڵای لەناو حکومەتی یەکێتی لیبیا هەبوو.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین