سەردانی شاندی توركیا چ پەیوەندییەكانی بە ئاڵۆزییەكانی هەسەدە و دیمەشق هەیە؟ شیکاری

نوچەنێت

وەرگێڕانی: ئیسماعیل تەها

لە كاتێدا هێزە ئەمنییە ناوخۆییەكانی سەر بە هەسەدە دیمەشق تۆمەتباردەكەن لە كشانەوەیان لە خاڵە هاوبەشەكان لە گەڕەكەكانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە وەك رێگەخۆشكردن بۆ دەستپێكردنی شەڕ، چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە هەسەدە تەقینەوەی دۆخی ئەمنی ئەو دوو گەڕەكە كوردییە دەبەستنەوە بە سەردانی شاندێكی سەربازیی و ئەمنی توركیا بۆ دیمەشق كە هەریەك لە وەزیری بەرگریی و دەرەوە و سەرۆكی دەزگای هەواڵگری لەخۆ گرتبوو.

هەسەدە تۆمەتەكانی بەرانبەر توركیا زیاتر دەكات و پێیوایە هۆكارە بۆ تێكدانی دۆخەكە، ئەوەش لە لێدوانەكانی كۆنفراسە رۆژنامەوانییە هاوبەشەكەی نێوان وەزیری دەرەوەی توركیا و سووریا سەرچاوەی گرتووە، كە هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی هێزەكانی سووریای دیموكرات بەرپرسن لە پەكخستنی رێككەوتنی (10)ی ئاداری ئەمساڵ، بەڵێنیشیاندا كە دۆخەكە بەو جۆرەی ئێستا نابێت، وەزیری دەرەوەی توركیا بە راشكاوانە گوتی، ئیسرائیل پاڵپشتی سیاسی و سەربازیی هەسەدە دەكات و ئەویش یاری بەو رێككەوتنە دەكات، 

حوزەیفە زاهیر، بانخوازی ئیسلامی رەتیكردەوە حكومەتی سووریا بەرپرس بێت لە پێكدادانەكانی نێوان هەسەدە و هێزەكانی وەزارەتی بەرگری لە گەڕەكەكانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود، گوتیشی ئەگەر حكومەتی سووریا بییەوێت دۆخەكە ئاڵۆزبكات سنوورێكی درێژیی لەگەڵ هێزەكانی سووریای دیموكرات هەیە، قەیرانی سیاسی و سەربازیی ناگوازێتەوە بۆ دەگوڕەكی كوردنیشین تەنانەت ئەگەر چەكدارانی سەر بە هەسەدەشی تێدا بێت.

زاهیر رەتیكردەوە ئاڵۆزییەكان لەگەڵ هەسەدە پەیوەندی بە سەردانی شاندی سیاسی و ئەمنی توركیا بۆ دیمەشق هەبێت، دەشڵێت، ئەسعەد شەیبانی و هاكان فیدان جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە دەبێت هەسەدە بە شێوەیەكی ئاشتیانە لەگەڵ دامەزراوەكانی دەوڵەت تێكەڵ ببێت، كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە زۆر بە شێوەیەكی لەسەرەخۆ داوای ئاشتی دولایەنەیان دەكرد، هاكان فیدان باسی لە گفتوگۆ و ئاشتەوایی كرد، شەیبانی ئاماژەی بە چارەسەری دیپلۆماسی كرد، گوتیشی، وەڵامێكمان لە هێزەكانی سووریای دیموكرات پێگەیشتووە، ئێستا گفتوگۆی لەسەر دەكەین، بەڵام هەسەدە ئاڵۆزی لە گەڕەكەكان و هەڵگیرسانی جەنگی هەڵبژارد، شێوازی دیمەشق شێوازیی گفتوگۆ و پێشنیاری سیاسیی و ئاڵوگۆڕی پێشنیارە، بەڵام بێگومان ئارامگریی دیمەشقیش بەرانبەر یارییەكانی هەسەدە لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی (10)ی ئادار سنووردارە، كە وادەكەی نزیكە لە كۆتایی.

ئەو بانگخوازە ئیسلامییە لێدوانەكانی هەسەدەی سەبارەت بە بوونی گرووپی سەر وەزارەتی بەرگری سووریا رەتكردەوە كە فەرمان لە توركیا وەربگرن و لەسەر خواستی توركیا جەنگ هەڵگیرسێنن، چونكە هەموو هێزە چەكدارەكان هەڵوەشاینەوە و لەژێر فەرمانی وەزارەتی بەرگری سووریان، بەگوتەی زاهیر هێزە كوردییەكان بە شێوەیەكی گوماناوی كشانەوە، بۆیە تۆمەتەكە دەكەوێتە گۆڕەپانی هەسەدە.

سەبارەت بە رۆڵی نێردەی ئەمەریكا زاهیر لە قسەكانی ئاماژەی بەوە كرد، كە تۆم بارك جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەو كە فیدراڵی لە سووریا نابێت، پێویستە یەك سوپا و یەك حكومەت و یەك گەل هەبێت، هەسەدە وەبەرهێنانی لەو توانا گەورە ئابوورییەی نەكردووە كە لە ژێر دەستی داهەیە، دەتوانێت وەبەرهێنان لە بواری ژێرخان بكات، داواشی كردووە كە پشكی لە نەوت و دەسەڵات هەبێت، ئەوەش وای كردووە بە راستەی بە سەربازگەكردن و لەریشەهەڵكێشانی پێكهاتەی عەرەبییە لە دەسەڵات.

وەلید تاو، بیرمەندی كوردی سووری ئاماژە بەوە دەكات، هێزەكانی هەسەدە هەرچەندە پێشتر بەگوێرەی رێككەوتنی (10)ی ئادار دەرچوونە، بەڵام ئۆباڵەكەی لە ئەستۆی سوپای نیشتیمانیە، بەو پێیەی نزیكن لە توركیا و لەژێر فەرمانی بەرپرسیارێتی وەزارەتی بەرگرین و بەرپرسن لە پێكدادانەكان كە بووە هۆی قوربانی و بریندار لە هێزەكانی ئاسایش.

ئەو بیرمەندە كوردە ئاماژە بە دیمەنی هێرشەكان دەكات كە تانكی تێدا بەكارهاتووە گەڕەكانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوودی بۆردوومان كردووە، دەشڵێت، هەركەسێك بابەتیانە چاودێری دۆخەكەی كردبێت ناتوانێت ئەو هێرشانە و سەردانەكەی وەزیری دەرەوە و بەرگریی و سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی توركیا لێك جیا بكاتەوە، چونكە زۆر بە لەناكاوی ئەو بەربەستە هاوبەشانەی نێوان ئاسایشی ناوخۆ لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە و هێزەكانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی كرانە ئامانج، وەك ئەوەیە توركیا بووبێت بە بڕیاردەر لە سووریا.

سەبارەت بە گفتوگۆكانیش وەلید جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، بە ئەرێنییەوە دەروانینە ژینگەی گفتوگۆكان لەگەڵ دیمەشق، پێش ئەوەی شاندی توركیا بگاتە دیمەشق، پەیامێك لە وەزارەتی بەرگرییەوە گەیشتۆتە هێزەكانی سووریای دیموكرات، چەند بەندێكی سیاسی تێدایە، هەسەدە وەڵامی داوەتەوە، داوای سێ فرقەی سەربازیی و دوو فرقەی ناوخۆی لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فورات كردووە، جەختش لەسەر بەدەستهێنانی رێژەی لە (30%) لە فەرماندەی گشتی و گفتوگۆی لامەركەزی ئیداری كێڵگە نەوتییەكان و پرسی رێڕەوەكان لەگەڵ لایەنە سیاسی و ئیدارییەكانی ئیدارەی خۆسەری دەكاتەوە، هەروەها هەسەدە جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە دەبێت مافەكانی كورد لە دەستوور جێگەیان بكرێتەوە.

ئەو بیرمەندە كوردە نكۆڵی لە راگەیاندنەكەی ئەو شێخە سووریە دەكات كە رایگەیاندبوو، كە نیو ملیۆن چەكداری هەیە، ئامادەی شەڕن لە رۆژهەڵاتی فورات، ئەوەش بە مەترسیدار دەزانێت لەسەر ئامادەكارییەكانی حكومەت بۆ دووبارە بوونەوەی ئەزموونی كەناراوەكان و سووەیدا.

سەبارەت بە چارەنووسی رێككەوتنی (10)ی ئادار تاوز دەڵێت، تاوەكوو ئێستا بەركارە و راوێژی بەردەوامی لەبوارەوە دەكرێتە، هەموو لایەنەكان پێشنیاری خۆیان خستۆتەڕوو.

ئیبراهیم عەلی، چاودێری سیاسی سووری ئاماژە بەوە دەكات، بەم دواییە بەرپرسانی توركیا باسیان لە رۆڵی ئیسرائیل كردووە، ئەوەشیان بە سەركێشی ناوبردووە كە هەسەدە دەیكات و هۆكارە بۆ یاریكردنی بە چوونیان بۆ چوارچێوەی دامەزراوەكانی حكومەتی نوێی سووریا.

ئەو چاودێرە سیاسییە دەڵێت، هاكان فیدان لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی ئاماژەی بەوە كرد، ئیسرائیل هاتۆتە ناوچەی هێڵی سووری پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی توركیا، لەم دوایەش ئامادەیی خۆی بۆ پاڵپشتی كورد لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا نیشان داوە، پاڵینی ناو كە بەرانبەر چوونە ناو حكومەتی نیشتیمانی سووریا، ئەوەش وادەكات كە توركیا لە رێگەی بەكارهێنانی گرووپەكانی لە سووریا وەك ئەبوو عەمشە و سوڵتان موراد كە لەم دواییە فەرماندەكەی بووە بە جێگری وەزیری بەرگری سووریا لە ناوچەی باكووری سەر سنوورەكانی وەڵامی هەسەدە بداتەوە، چونكە ئەو هێزانە لەژێر فەرمانی توركیا كار لەگەڵ سوپای نیشتیمانی دەكەن و فەرمانەكان لە هەواڵگری توركیا وەردەگرن.

سەبارەت بە پێكدانەكان عەلی دەڵێت، پێكدادانەكانی گەڕەكی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود پەیامی ئاگرینی توركیایە بۆ هەسەدە، كە دەستبەرداری كردنەوەی دەرفەت بێت لەبەردەم ئیسرائیل بۆ قووڵبوونەوە لە باخچەی پشتەوەی ئەنقەرە، چونكە ئەگەر دەستبەردار نەبێت لێكەوتەكانی گەورە دەبێت، شێخ مەقسوود تۆپە ئارگرێكە، ئەگەر هەسەدە لە پێداچوونەوە پاشگەزنەبێتەوە، ئەوەی روودەدات زۆر گەورەتر دەبێت.

سەرچاوە: ماڵپەڕی ئاڕتی

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین