ئێران: ئەمریکا ئامادەیە بەشێکی زۆر لە گەمارۆکان هەڵبوەشێنێتەوە ئێران

نوچه‌نێت

عەباس عەراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران و دیپلۆماتکاری باڵای ئێران لە گفتوگۆکانی ڤیێنا، گوتی بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە لایەن ئەمریکییەکانەوە گوازراونەتەوە بۆ لایەنی ئێرانی، ئەمریکییەکان بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی جددین و ڕایانگەیاندووە ئامادەن "بەشێکی زۆر" لە گەمارۆکان هەڵبوەشێننەوە.


ڕۆژی هەینی حةوتی ئایاری ٢٠٢١، ماڵپەڕی کەناڵی "ئێران ئێنتەرنەشنال" بڵاوی کردەوە، عەراقچی ڕۆژی هەینی دوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی یەکەمی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە خولی چوارەمی گفتوگۆکانی ڤیێنا، گوتیشی: "هەڵبەت لە ڕوانگەی ئێمەوە ئەوە هێشتا بەس نییە و بۆیە گفتوگۆکان درێژەیان دەبێت تا کاتێ ئێمە بگەینە هەموو داواکارییەکانمان لەو بوارەدا". 
عەراقچی گوتیشی،  "ئەگەر داواکارییەکانمان دابین بکرێن کۆماری ئیسلامیش بە جدییەتی تەواوە دووبارە مەرجەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی جێبەجێ دەکاتەوە. ئەوە ئیرادەی ئێمەیە وهیچ پەیوەندیێکی بە هەڵبژاردنەکانەوە نییە". 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی هیوای خواست لە کورتترین ماوەدا گفتوگۆکان بگەنە ئەنجام، بەڵام گوتیشی: "ناکرێ پێشبینی کاتەکەی بکرێت. ئەو خاڵانەی ناکۆکییان لەسەرە بچووک نین و پێویستە گفتوگۆیان لەسەر بکرێت". 
بە گوتەی عەراقچی، گفتوگۆکانی ڤیێنا لە ئاستی لێژنەکاندا بەردەوام دەبن و هەر کات پێویست بێت کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەمدیسان کۆ دەبێتەوە. 
عەراقچی کە ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ ڕایل گروسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دیداری کرد، گوتی بۆچوونە پسپۆڕانەکانی ئاژانس دەتوانێ یارمەتی چارەسەرکردنی هەندێ لە هەڵەتێگەیشتنەکان و کێشەکان بدات و ڕەنگە لە قۆناغێکی تایبەتدا گروسی و هاوکارەکانی لە کۆبوونەوەکاندا ئامادە بن و بۆچوونەکانیان دەرببڕن. 
هەروەها گوتەبێژی شاندی یەکێتی ئەورووپا لە گفتوگۆکانی ڤیێنا گوتی باسە پسپۆڕییەکان دەربارەی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا درێژەیان دەبێت و یەکێتی ئەوروپا وەک هاوئاهەنگکاری ئەو گفتوگۆیانە درێژە بە گفتوگۆ جیاوازەکان لەگەڵ هەموو لایەنە بەشداربووەکان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەدات. 
خولی چوارەمی گفتوگۆکانی ڤیێنا ئێستا بەڕێوە دەچن و چەند دیپلۆماتکارێک باسیان لە ئەگەری ڕێککەوتن لەم خولەی گفتوگۆکاندا کردووە. 
دیپلۆماتکارێک کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، ڕۆژی هەینی بە هەواڵنێری فەرەنسای گوتووە: "هیچ شتێک مسۆگەر نییە، بەڵام لە ئاراستەیەکی دروستداین. ڕەنگە ئەم خولە، خولی درێژخایەن و کۆتایی گفتوگۆکان بێت". 
هاوکات میخایل ئولیانۆف، نوێنەری باڵای ڕووسیا لەو گفتوگۆیانەدا لە ئەکاونتی تویتەری تایبەت بە خۆی ڕایگەیاند، کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕۆژی هەینی خولێکی نوێی گفتوگۆکانی پەیوەندیدار بە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی دەستپێکرد و بەشداربووان دەربارەی پێویستی چڕترکردنەوەی پرۆسەی گفتوگۆکان ڕێککەوتن. 
بە گوتەی ئولیانۆف" "پێدەچێت ليژنەکان ئامادە بن هەر چەندە پێویست بێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە ڤیێنا بمێننەوە". 
لورنس نورمەن، هەواڵنێری وۆل ستریت جۆرنال بە گێڕانەوە لە دیپلۆماتکارێکی باڵای ئەوروپی گوتی ئەم خولەی گفتوگۆکان ئێجگار ئاڵۆزن و نووسی: "وردەکاریی زۆر ماونەتەوە و زۆرێک لە پرسە جیاوازەکان دەبێ چارەسەر بکرێن". 
ئەو دیپلۆماتکارە ئەوروپییە گوتیشی، "ئێمە خولێکی زۆر گرنگمان دەست پێکردووە و پێدەچێت پێویستە گفتوگۆکان زیاتر درێژەیان پێ بدرێت. پێم وایە تا ئێستا هەر کەسێک سەبارەت بە چۆنیەتی ڕێککەوتن ڕوانگەیەکی هەیە و پێویستە لەسەر کاغەز بنووسرێن". 
بەرپرسێکی ئەمریکیش کە ناوی ئاشکرا نەکراوە بە هەواڵنێری فەرەنسای گوتووە سێ خولی پێشووی گفتوگۆکانی ڤیێنا جدی بوون. 
سەرەڕای ئەوە، جان ئێف لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند ئێران بە پێچەوانەی ئەمریکا بە شێوەیەکی گونجاو مەیلی خۆی بۆ قەرەبووکردنەوەی هەموو پێشێلکارییەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی کە لە ساڵی ٢٠١٩وە ئەنجامی داون، نیشان نەداوە.


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین