بۆچی ئەمریکا وێراى گفتوگۆكانى ڤیێنا سزایش به‌سه‌ر ئێران ده‌سه‌پێنێ؟ ئابووری جیهان

نوچه‌نێت

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا تۆڕێکی گەورەی بازرگانی و کەشتیونی دەخاتە لیستی گەمارۆکان بە بیانووێ ئەوەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی پەیوەندییان هەبووە. یەکێک لە بەرپرسانی ئەو تۆڕە هاووڵاتییەکی یەمەنی و  دانیشتووی ئێرانە و بەهۆی ئەوەی پەیوەندی بە بەرنامەکانی فەیلەق قودسی سوپای پاسدارانەوە هەبووە دەخرێتە لیستی گەمارۆکان. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا گەمارۆکان لەسەر سێ کەسایەتی ئێرانی و دوو کۆمپانیای بازرگانی و گواستنەوەی ئەو وڵاتە هەڵدەوەشێنێتەوە. پەیامی ئەو گەمارۆیانە، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنەوەی خولی شەشەمی گفتوگۆکانی ڤیێنا بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان لە دژی ئێران و گەڕانەوەی تاران بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی چییە؟

لە هەوڵێکی کەم وێنەدا لە لایەن ئیدارەی "جۆ بایدن"، نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی داراییە بیانییەکانی وەزارەتی گه‌نجینه‌ى ئەمریکا، ئەندامانی تۆڕێکی قاچاخی کاڵایان بە هۆی پێدانی یارمەتی دارایی بە هێزی فەیلەق قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و میلیشیا حووسییەکانی یەمەن خستووەتە ناو لیستی گەمارۆکان. 

ئەو تۆڕە بە سەرپەرشتی "سەعید جەمل"، سەرمایەداری حووسی دانیشتووی ئێران دەیان ملیۆن دۆلار داهاتی لە فرۆشتنی چەندین کاڵا و لەوانە نەوتی ئێران لە رێگای تۆڕێک دەڵاڵ و نووسینگەوە بەدەست هێناوە و گەیاندوویەتییە دەستی حووسییەکانی یەمەن. کۆماری ئیسلامیی پاڵپشتی لە میلیشیاکانی "ئەنسارۆڵا" یان حووسییەکانی یەمەن دەکات کە لە دژی حکومەتی یاسایی ئەو وڵاتە شەڕی چەکداری دەکەن. 

وەزارەتی گه‌نجینه‌ى ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا دەربارەی داسەپاندنی گەمارۆکان لەسەر ئەو تۆڕە گوتوویەتی: "پشتیوانیی دارایی ئەو تۆڕە بۆ حووسییەکان ئەو دەرەفەتەی رەخساندووە بۆ هێرشە بەژان و ئێشەکانی ئەو گرووپە میلیشیایە کە هەڕەشەن بۆ سەر ژێرخانە مەدەنی و سەرەکییەکان لە یەمەن و سعوودیە. ئەو هێرشانە، هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکان لاواز دەکەن و خەفەتهێنەرتر لەوەش ئەوەیە کە، دەبنە هۆی کوژرانی دەیان ملیۆن سڤیل بە هۆی برسێتیی". 

داسەپاندنی گەمارۆکان لەسەر ئەو تۆڕە بازرگانی و کەشتیوانییەی سەربە حووسییەکان کە پەیوەندییان بە کۆماری ئیسلامییەوە هەیە، بە گەڕانەوە بۆ یاسای ١٣٢٢٤ی سەرۆک کۆماریی ئەمریکا لە سەردەمی "جۆرج بوش"ی کوڕ و یاسایەکی هاوپێچکراوە کە رێگا بە وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی گه‌نجینه‌ى ئەمریکا  دەدات ئەو گرووپانە و لق و پۆکانیان کە پشتیوانی لە تیرۆریزم بخەنە ناو لیستی گەمارۆکان. 

ئەمریکا بەو کارە، وێرای رێگریکردن لە گەشتی ئەو کەسانەی گەمارۆیان دەخرێتە سەر بۆ ناو خاکی ئەمریکا، دەتوانێ دەست بگرێت بەسەر دارایی و حسێبە بانکییەکان لەو وڵاتەدا. 

بە گەڕانەوە بۆ ئەو یاسایە، هێزی فەیلەق قودس (لقی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکان) وەک رێکخراوێکی پشتیوانی تیرۆریزم ناسراوە و وەزارەتی گه‌نجینه‌ى ئەمریکا رێگەی پێ دراوە ئەو کەسانەی پشتیوانی لەو هێزە دەکەن یان پەیوەندییان لەگەڵ هەیە بخاتە لیستی گەمارۆکان. 

ئەمریکا نایەوێت ئەو گەمارۆیانە هەڵبوەشێنێتەوە کە پەیوەندییان بە پرسی ئەتۆمییەوە نییە 

راگەیاندنی ئەو گەمارۆیانە هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی خولی شەشەمی گفتوگۆکانی ڤیێنا بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی، دەرخەری ئەوەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نایەوێت ئەو گەمارۆیانە هەڵبوەشێنێتەوە کە پەیوەندییان بە پرسی ئەتۆمییەوە نییە و لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا لە دژی ئەو وڵاتە داسەپاون.  

لە کاتێکدا هەندێ لە دیپلۆماتکارانی بەشدار لە گفتوگۆکانی ڤیێنا هیوادارن لە خولی شەشەمدا رێککەوتنی کۆتایی بکرێت، ئەمریکا چەندین جار رایگەیاندووە ئەو بەشەی گەمارۆکان کە پەیوەندییان بە پرسی ئەتۆمییەوە نییە هەڵناوەشێنێتەوە. 

"عەباس عەراقچی"، دیپلۆماتکاری باڵای ئەتۆمی ئێران پێش دەستپێکردنی خولی شەشەمی گفتوگۆکان لە کاتی ئامادەبوون لە کۆبوونەوەی "کۆمیسیونی ئاسایشی نیشتمانیی" پەرلەمانی ئێران گوتبووی گەمارۆ سەرەکییەکان هێشتا وەک خۆیان ماونەتەوە و شاندی ئێران سوورە لەسەر هەڵوەشاندنەوەیان. 

گرنگترین گەمارۆکان کە پەیوەندییان بە پەروەندەی ئەتۆمییەوە نییە و کۆماری ئیسلامیی پێداگری لەسەر هەڵوەشانەوەیان دەکات و ئەمریکا سوورە لەسەر مانەوەیان، گەمارۆی سوپای پاسدارانە کە بە ئیمزای دۆناڵد ترەمپ کەوتە لیستی گەمارۆکان. 

بە هۆی تێکچوونی بەشە جیاوازەکانی ئابووری کۆماری ئیسلامیی، لە بانکدارییەوە بگرە تا بیمە و کەشتیوانی و ئاڵوگۆڕ و گواستنەوەی ئاسمانی، مانەوەی سوپای پاسداران وەک رێکخراوێکی بیانی تیرۆریستی لەناو لیستی گەمارۆکانی ئەمریکادا دەبێتە هۆی ئەوەی تەنانەت لە ئەگەری هەڵوەشانەوەی گەمارۆ ئەتۆمییەکان، بەشێکی بەرچاو لە سیستەمی ئابووری و لەوانە بانکەکان و هەندێ لە کۆمپانیاکانی بیمە و گواستنەوە، بە هۆی پەیوەندی لەگەڵ سوپای پاسدارانەوە لە لسیتی گەمارۆکاندا بمێننەوە. 

تەنانەت ئەگەر کۆماری ئیسلامیی بتوانێت ئیدارەی بایدن بەوە رازی بکات ناوی سوپای پاسداران لە لیستی رێکخراوە بیانییە تیرۆریستییەکان بسڕێتەوە و بڕیارەکەی ترەمپ پووچەڵ بکاتەوە، مانەوەی هێزی فەیلەق قودس (کە یەکێکە لە چوار لقەکەی سوپای پاسداران) لە لیستی گەمارۆکاندا، کە لە سەردەمی بۆشدا کەوتووەتە ئەو لیستە، جیاوازییەکی ئەوتۆ لەو دۆخەی ئێستادا نایەنێتە ئاراوە. 

کۆماری ئیسلامیی بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی خۆی لە ناوچە، و لەوانە ئاڵوگۆڕی دارایی و پشتیوانیکردن لە میلیشیاکانی پاشکۆی خۆی، لەو تاک و رێکخراوانە کەڵک وەردەگرێت کە پەیوەندییان بە هێزی فەیلەق قودسی سوپای پاسدارانەوە هەیە و زۆربەی گەمارۆکانیش بە هۆی ئەو جۆرە چالاکیانەی ئێرانە. 

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەڵوەشانەوەی گەمارۆکانی سەردەمی سەرۆک کۆماریی جۆرج بوش بە هیچ جۆرێک لە بەرنامەی گفتوگۆکانی ڤیێنادا نییە، پەیامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە گەمارۆ خستنە سەر تۆڕی بازرگانی و کەشتیڕانی حووسییەکانی دانیشتووی ئێران ئەوەیە کە ئەگەر ئەمریکا ئیرادە بکات تۆڕی دارایی کۆماری ئیسلامیی گەمارۆ بدات، تەنانەت ئەگەر گەمارۆکانی سەر سوپای پاسدارانیش هەڵبوەشێنەوە، رێگای تر بۆ گەمارۆی نوێ لە ئارادان. 

به‌هۆى پێداگرى ئێران له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى سزاكان
گفتوگۆى ڤیێنا دواكه‌وتووه‌

 

یەکێک لە هۆکارەکانی درێژبوونەوەی گفتوگۆکانی ڤیێنا کە تا ئێستا سێ مانگی خایاندووە، پێداگری و هەوڵی ئێرانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی زیاترین رێژەی گەمارۆکان لە دژی تاک و رێکخراوەکان. بەڵام ئێستا ئەمریکا بەو گەمارۆ نوێیانە روونی کردووەتەوە کە درێژبوونەوەی ماوەی گفتوگۆکان دەتوانێ ئەنجامەکەی تەنیا بەفیڕۆدانی کات بێت و ئەگەری داسەپاندنی گەمارۆ لە دژی ئێران (ئەگەر پێویست بکات) تەنیا پەیوەندی بە یاساکانی سەردەمی ترەمپەوە نییە. 

هاوکات لەگەڵ گەمارۆدانی تۆڕی بازرگانی و کەشتیوانی کۆماری ئیسلامیی، نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی داراییە بیانییەکانی ئەمریکا ناوی سێ هاووڵاتی ئێرانی کە گەمارۆیان لەسەر بوو، لەوانە "ئەحمەد قەلعە بانی"، "فەرزاد بازرگان" و "محەمەد موعینی" و دوو کۆمپانیای بازرگانی و گواستنەوەی پەیوەندیدار بە ئێرانەوە لە لیستی گەمارۆکان هێناوەتە دەرەوە. 

وەزارەتی گه‌نجینه‌ى ئەمریکا هۆکاری هێنانەدەرەوەی ئەو پێنج کەس و کۆمپانیایە گەڕاندووەتەوە بۆ گۆڕانی رەفتار و هەڵسوکەوتیان و رایگەیاندووە ئەو بڕیارە، دەرخەری ئەوەیە کە لە ئەگەری گۆڕانی رەفتاری ئەو کەسانەدا کە سزا دراون، ئەمریکا بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ دەکات. 

هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان لەسەر ئەو تاک و کۆمپانیانە دەرخەری ئەوەیە کە ئەمریکا وێرای هێشتنەوەی ئەو یاسایە کە ببووە هۆی سزادانی ئەو کەسانە، تەنیا بەپێی بارودۆخ و هەلومەرج پێداچوونەوە لە بڕیارەکانی دەکات، بەڵام یاسا بنەڕەتییەکە کە ڕێگا بە سەپاندنی گەمارۆکان دەدات وەک خۆی دەمێنێتەوە. 

 

سەرچاوە: ئێران ڤایەر

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین