سیاسەتمەدارانی توركیا بۆ ئەردۆغان: ترەمپ مادۆرۆی دەستگیرکرد و تۆش ناتوانی یەک وشە بڵێیت شیکاری

نوچەنێت

ئامادەکردنی: دنیا ئەحمەد

سەرۆکی جەهەپە ڕەخنە لە بێدەنگی ئەردۆغان بەرانبەر بە دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا لەلایەن ئەمەریکاوە دەگرێت و گوتی، "ئەی لە ڕابردوو نەتدەگوت برام مادۆرۆ، ئێستا وا ترەمپ کودەتای بەسەر ڤەنزوێلا کردووە و تۆش ناتوانی یەک وشەش بڵێیت."

بێدەنگی سەرۆکی تورکیا لە کودەتای ئەمەریکا بەسەر ڤەنزوێلا  و دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ و هاوسەرەکەی لەژووی نوستن کاردانەوەی جیاوازی لە نێو تورکیا بەدوای خۆی هێنا. لەوانەش ئۆزگور ئۆزێل سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری تورکیا (جەهەپە) لەتۆری کۆمەڵایەتی ئێکس دوو وێنەی بڵاوکردەوە یەکێکیان وێنەی ئەردۆغان و مادۆرۆ و وێنەکەی دیکەش کاتی دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا لەلایەن ترەمپەوە و گوتی، "لەوکاتەی پێویستبوو بەرگریی لە دیموکراسی بکەی بەرگریت لە مادۆرۆ کرد، ئێستا کەدەبوایە بەرگریی لە یەکڕیزی جیهان بکەی بەڵام بێدەنگی و پشتیوانی لە کودەتای ترەمپ دەکەی چونکە تۆ واهەست دەکەی پێویستت بە ترەمپە و لەویش دەترسی، ئەوەتە برایەتی و دۆستایەتی و دیموکراسییەتی تۆ لەوهەڵوێستەدا بەدەردەکەوێت."

سەرۆکی جەهەپە ئاماژەی بەوەش کردووە، سەیری ئەو وێنانە بکە بەرێز ئەردۆغان، ئەی نەتدەگوت یەکەم کەس لەدوای کودەتاکەی (15)ی تەمووز مادرۆن پەیوەندی پێوەکردووم و گوتت برام مادرۆ ئێمە لەپشتتین و پەیامی پشتیوانیت بۆ دەنارد، ئەوکاتانە زۆر هەڵەبووی کە سەرۆکی ڤەنزوێلا بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نادادپەروەری کرداری خراپی بەسەر گەلەکەی دەسەپاند تۆش بە ئاشکرا پشتیوانی ئەوت دەکرد."

ئۆزێل لەدرێژەی قسەکانیدا گوتیشی، "بەڵام لەوکاتەوەی دۆستت ترەمپ هاتووە و هەموو مافەکانی نێودەوڵەتی پشگوێ خستووە و مادۆرۆ و خێزانەکەی لە ژووی نوستنەکەیان دەستگیرکردووە بە چاوبەستراوەیی گواستییانەوە، بەڵام ئێستا ئەو وێنانە لەبەردەمتدایە بەڵام تۆ بێدەنگی."

هاوکات لەگەڵ دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا لەلایەن ئەمەریکاوە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لە نزیکەوە چاودێری دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ڤەنزوێلا دەکەین، بۆ ئێمە یەکپارچەیی و سەقامگیر و ئاشتی گەلی ڤەنزوێلا گرنگە."

لەدوای ئەو ڕاگەیێندراوە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتی مەهەپە کودەتای سەر ترەمپ بۆ سەر مادۆرۆ بەراورد دەکات بە کودەتاکەی تورکیا و رایگەیاند، "کودەتاکەی (15)ـی تەمووز لەلایەن فێتۆوە بۆ سەر سەرۆک ئەردۆغان هاوشێوەی ئەو کودەتایەی ئەمەریکایە بۆ سەر سەرۆکی ڤەنزوێلا، بەڵام نەیانتوانی ئیرادەی گەلی تورک لەناوببەن و سەرنەکەوتن، بەڵام ئەمەریکا ئەمرۆ هەمان شت لە ڤەنزوێلا دووبارە دەکاتەوە."

باخچەلی سەبارەت بەو ڕەخنانەی سەرۆکی جەهەپە بەرانبەر بە بێدەنگی ئەردۆغان گوتیشی، "جەهەپە پشتیوانی کودەتاکەی ئەمەریکا دەکات، ئەمە هەوڵێکە دژی ئەردۆغان بەکاردێنن هیچ جیاوازییەکیان نییە لەو کارەی کە بەرانبەر بە مادۆرۆ ئەنجام دراوە."

ئەو رەخنانە لەکاتێکدایە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە (2019)، پشتیوانی خۆی بۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا راگەیاند کە لەوکاتی لەلایەن ئەمەریکاوە رفێندرابوو و رایگەیاندووە، "برام مادۆرۆ، لەسەر قاچەکانت بوەستە، ئێمە لەگەڵتداین".

لەلایەکی دیکە، فاتیح ئەربەکان سەرۆکی رەفا‌هـ نوێ رەخنە لە بێدەنگی ئەردۆغان دەگرێت و لە پەیامێکدا رایگەیاندووە، "ئەردۆغان ئایا یەک وشە بە ترەمپی هاورێت ناڵێیت دەربارەی دەستگیرکردنی مادۆرۆی برات؟".

ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆکی پارتی ئایندە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی رەخنە لە سەرۆکی ئەمەریکا دەگرێت و دەڵێت، "تەنیا دەتوانرێت یەک شێواز لە قسەکانی ترەمپ و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ببینرێت، ئەویش خۆبە گەورە زانینە."

هەروەها میدیای سەر بە  ئۆپۆزسیۆنی تورکیا وەکو گاڵتەجارییەک بە ئەردۆغان بڵاویان کردۆتەوە، کە سەرۆکی تورکیا لە رابردوو پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ سەرۆکی سووریا و ڤەنزوێلا و لیبیا هەبووە و بە "برا" ناویانی بردووە، بەڵام سەیرەکە لەوەدایە هەرسێکیان هەمان چارەنوسییان هەبووە و کۆتایی بە دەسەڵاتەکەیان هاتووە و ئەردۆغانیش بێدەنگی هەڵبژاردووە.

هەرچەندە ئەردۆغان ئەردۆغان بێدەنگە لەو ڕووداوە، بەردەوام پشتیوانی خۆی بۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا بەردەوام دووپات کردۆتەوە، لەکاتی کێشەی نێوان ترەمپ و مادۆرۆ باس لەوە دەکرا کە دەتوانێت سەرۆکی ڤەنزوێلا دەستبەرداری دەسەڵات بێت وەک پەنابەر بچێتە تورکیا. هاوکات ڕۆژنامەی نیۆرک تایمز ئاشکرای کردووە، دۆناڵد ترەمپ پێشنیازی کردووە کە مادۆرۆ وڵات بەجێبهێڵێت و بچێتە تورکیا وەک پەنابەر، بەڵام ڕەتیکردۆتەوە و دواتریش راستەوخۆ ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنەکەی دەستپێکردووە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین